پرسیار و ده‌ق
ئه‌و پرسیارانه‌ی ئاراسته‌ی ده‌ق ده‌بنه‌وه
وتوێژ له‌گه‌ڵ (ساڵح سووزه‌نی)
ئاماده‌کردنی؛ رابه‌ر فاریق 2/ 12/ 2008
1- له‌و دیمانه‌یه‌ی كه (عه‌بدولخالق یه‌عقووبی) له‌گه‌ڵتدا كردوویه‌تی و له ژماره (116)ی كۆواری (رامان)دا بڵاَوكراوهتهوه، له شوینیكی وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا باس له‌وه ده‌كه‌ی كه سه‌ره‌تای نووسینت به شیعر و رِهخنه پێكه‌وه ده‌ست پێ كرد، هاوكات باس له‌وه‌یش ده‌كه‌ی كه (مارف ئاغایی) جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه له پاڵ شیعر، به‌رده‌وام بیت له بواری رِهخنهیشدا. بۆچوونه‌كه‌ی مارف وه‌های كردووه كه تا ئیسته‌یش به ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه سه‌رقاڵ بیت، یان هۆكارگه‌لی دیكه؟
- وه‌ک له‌و وتوێژه‌دا هاتووه مارفی جوانه‌مه‌رگ یه‌کێک له‌و که‌سانه بوو که هانی ده‌دام بۆوه‌ی جگه شیعر ره‌خنه‌کانیشم بڵاوبکه‌مه‌وه و بۆخۆشی شێعره‌کانی خۆی بۆده‌ناردم بۆوه‌ی شرۆڤه بکرێ.. ئه‌گینا مارف له‌ئێمه گه‌نجتر بوو و زۆر دوای ئێمه (من و جه‌لال مه‌له‌کشا) ده‌ستیکرد به نووسین.. له بیرمه له‌یه‌که‌م کۆڕگه‌لی ئه‌ده‌بی ساڵه‌کانی دوای شۆڕشدا له‌بانه ئه‌حمه‌دقازی نۆره‌که‌ی خۆی دابه‌من بۆ وه‌ی وتارێکی ره‌خنه‌یی بخوێنمه‌وه به‌ناوی :ئیجاز(کورتکردنه‌وه) یان درێژدادڕی" که کاتی خۆی له‌مه‌ڕ ده‌قێکی حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی نووسرابوو.. جگهئهوهش بار و دۆخی ئه‌وساکه وا بوو که تۆ یان ده‌بوو شت بڵاو نه‌که‌یته‌وه یان لهسروهدا (وه‌ک یه‌که‌م و تاقانهگۆڤار) بڵاوی که‌یته‌وه و جه‌لال و مارفیش هه‌ردووکیان(مارف دوای جه‌لال) لهسروهدا بوون.. نامه‌وێ له گرینگی‌پێدانی به‌رێز مارف به ره‌خنه که‌م بکه‌مه‌وه به‌ڵام گرینگیی کاری ره‌خنه‌یی لای من له‌وه زێده‌تربوو که به‌هاندان یان نه‌دانی دۆستێک درێژهپێبدرێ.. هه‌رواکه له‌و وتوێژهشداهاتووه مارف به‌هه‌موو ههوڵیهوه نه‌یتوانی به‌شی دووهه‌می وتاری"شاعیرانی لاو له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی" دا بڵاوبکاته‌وه و ئه‌و چاپ نه‌کردنه‌ش نه‌بووه هۆی ئه‌وه که من کاری ره‌خنه‌یی وه‌لابنێم؛ رهخنهلهسهر "هاواره‌به‌ره"م بڵاوکرده‌وه و ناشیرین‌ترین ئاڵا ئاڵای ره‌شه"م له‌سه‌ر چیرۆکی عه‌تا نه‌هایی نووسی و زۆر وتاری دیکه ... تا چهندخوێندنهوهییهکانم له‌مه‌ڕ نالی و گوڵی شۆران و ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند و .... چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌ق کارێ بوو که تا ئێستاش له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و فارسیشدا به‌و شیوه‌یه نه‌کراوه..
2- ئه‌گه‌ر كه‌مێك ورد ببینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وی كه به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی هاوكات شیعر و رهخنهیشان نووسیوه، ده‌قه شیعرییه‌كانیان جوداوازتر و قووڵترن له هی ئه‌وانیدیكه، ده‌كری له باره‌ی ئه‌زموونی (ساڵح سووزه‌نی)یش وه‌ها بڵیین؟
- شیعر و ره‌خنه مافی خۆیانه وه‌ک دوو ژانری جیاواز بناسین و ئاشکراشه ئه‌ودوو ژانره به‌درێژایی مێژوو له هه‌ڵس و که‌وت له‌گه‌ڵ یه‌کدی تووشی نوشه‌ست و گه‌شه بوونه.. واته به‌بێ هه‌بوونی ده‌قی ئه‌ده‌بیی(به‌گشتی) ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی بێ‌مانا ده‌بوو و به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌ک هه‌ر شیعر، هیچ ژانرێکی ئه‌ده‌بیی و ته‌نانه‌ت هونه‌ریی و زانستیی و فه‌لسه‌فیش، به‌بێ خوێندنه‌وه و ره‌خنه‌کاری گه‌شه‌ی نه‌کردوه؛ بڕواننه سه‌رهه‌ڵدانی قوتابخانه هونه‌ری و فه‌لسه‌فییه‌کانی مێژوو (له رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات) و ره‌وتی گه‌شه‌کردنیان بۆ وه‌ی ده‌رک به گرینگیی ره‌خنه بکه‌ین. به‌وحاڵه‌ش هه‌بونه شاعیرانێکی جیهانی(و لای خۆشمان) که به‌ڕواڵه‌ت ره‌خنه‌گر نه‌بوونه و شیعرگهل قه‌شه‌نگیان پیشکهشکهش کردوه. گرینگ ئه‌ویه ئه‌و دوو ژانره چۆن پێناسه بکه‌ین. من لام وایه شاعیران و نووسه‌رانی سه‌رکه‌وتووی جیهان (کاری ره‌خنه‌یان کردبێ یان نا) هه‌موویان ره‌خنه‌گر بوونه و به‌له‌ونێ بهرهخنهکاریی زێهنیی خۆیان له‌مه‌ر ده‌قی پێشتر و ئاشنابوونیان به ده‌ق و زێهنییه‌تی پێشوو، به‌رهه‌می نوێیان خۆلقاندوه. که‌ئه‌وه له پێناسه‌ی هه‌نووکه‌ییدا ده‌بێته هه‌مان ره‌خنه و ره‌خنه‌کاری؛
"قه‌وی مه‌شهووره کو ناڤێ ته مه‌لا خه‌مسه عهشهر
تۆ به شیعرا نه ته گوتی خودکی قه‌ند و شه‌که‌ر.....”
"ئه‌حسه‌ن ژ ڤێ نه‌زمێ له‌تیف ..... چه‌نده سه‌بوک هاتی خه‌فیف
مه‌حبووب بده‌ستێ خۆی شه‌ریف ..... نه‌قدی مه موهر و سککه دا
ئه‌حسه‌ن ژ ڤێ وه‌سفێ ره‌فیع ..... ئه‌شکال و ئهوزاعین به‌دیع
تێتن ژ نوورێ وه‌ک ره‌قیع ..... بێ عه‌یب و نه‌قس و ره‌خنه دا"1
نالی یه‌ک و ئه‌و که‌س که ته‌مامی غه‌زه‌لی بیست
مه‌علوومی بووه زۆر و که‌می خاریقی عادات"2
ئه‌مانه ره‌خنه نین، ئه‌ی چین؟
زۆرکه‌سی ناحاڵیش لایان وایه ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بیی، شاعیران و نووسه‌رانی ناسه‌رکه‌وتوو بوونه و...تاد. که‌ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌رکی ره‌خنه‌ی کلاسیکی و ئه‌وه‌ی که وه‌ک سه‌نگی محه‌کێک له‌ده‌قی ده‌ڕوانی و بایه‌خ و نابایهخدارانه ده‌ق و نووسه‌ری رهفزدهکردهوه.. یان ههڵیدهکشان و بای تێده‌کرد.. ئاشکرایه که نووسه‌ریش له‌مه‌ر ره‌خنه‌گر ده‌یکرده دژایه‌تی و ناحه‌زی پێکردن( هه‌ڵبه‌ت ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی که به‌رهه‌مه‌کانیان به‌کاڵ و کرچ هه‌ڵده‌سه‌نگێندران یا سووکایه‌تیان پێ ده‌کرا..)
ره‌خنه‌یه‌کی دیکه که ئه‌وسا ئاراسته‌ی ره‌خنه‌گرانی هۆنه‌رمه‌ند ده‌کرا میکانیکی بوونی ده‌ق و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌که‌یان بوو به‌هۆی به‌ده‌قکردنی هه‌نێ تێئۆری له پێشدا ئاماده.. ئه‌مه‌ش دوو حاڵه‌تی هه‌بوو؛
ئهلف- ئاستی به‌رهه‌مه‌که له‌ئاستی هونه‌ری هاوکات به‌رزتر و سه‌نگینتر بوو و بۆ خوێنه‌رانی ئاسایی و مامناوه‌ند ده‌رک نه‌ده‌کرا...
ب- ره‌خنه‌گر یان هونه‌رمه‌ندی گه‌نج له‌بری گرینگی‌دان به لایه‌نی هونه‌ریی به‌رهه‌م زانیاریه‌کانی خۆی ده‌کیشا به رووی خوێنه‌ر دا و هه‌ر بۆیه میکانیکی دهنوێنراو.... له‌م حاڵه‌ته‌دا حه‌ق به خوێنه‌ری چالاک بوو..
به‌گشتی ده‌بێ بڵێم؛ پێداویستی سه‌ره‌کی بۆ ره‌خنه‌گر خوێندنه‌وه و متالای زۆره و ئاشنایی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی رێبازه ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و زانستییه‌کان و له‌هه‌موویان گرینگتر ده‌قه هونه‌رییه‌کان... که‌وایه ئاساییه ئه‌گه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وانه له‌نه‌ستی ئه‌ودا کاریگه‌ری هه‌بێ و به‌رهه‌می جیاوازتر بخولقێنێ.. به‌و مه‌رجه‌ی ئهوخولقاندنه میکانیکی نه‌بێ...به‌خۆشیه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من تا ئیستا چه‌ندین قۆناخی شێعریم (له دیاری و سه‌مفۆنیاوه تا حه‌بێکی هه‌نگوینی داده‌نێی"و " تۆمنترین ده‌مامک" بڕیوه و له‌خۆرا نه‌که‌وتووم به‌سه‌ریا... ده‌قه شیعریهکانم ره‌خنه‌ی میکانیکی بوونی ئاراسته نه‌کراوه ... ساڵح سووزه‌نی کڵۆل هه‌موو ژیانی له‌پای ئه‌م ئه‌زموونی نوێگه‌رییه‌دا دانا و په‌شیمانیش نیه بۆ وه‌ی شوێنی خۆی ههرئێستاس داناوه و دڵنیایه رۆژی خۆی خوێنه‌رانی چالاک زێده‌تر تێیده‌گه‌ن و به‌سه‌ری ده‌که‌نه‌وه..
3- له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌ی هه‌مان دیمانه‌دا، له باره‌ی ئه‌ده‌بی كوردی و ده‌رچوونی له كوردستانه‌وه، واته: به جیهانیبوونی؛ باس له‌وه ده‌كه‌ی كه ئه‌گه‌ر (شاری مۆسیقاره سپییه‌كان) وهرگێڕدرابووایه سه‌ر زمانێكی زیندووی جیهان، ئه‌وا پێشوازییه‌كی باشی لێ ده‌كرا. پرسیاری ئێمه، ئه‌مه‌یه: جگه ئه‌و رۆمانه، ده‌قگه‌لی دیكه‌مان هه‌یه كه، ئه‌گه‌ر وهربگیڕدرێن، به وردیی بخوێندرێنه‌وه و شوێنپێیه‌ك له‌سه‌ر خاكی زمان به‌جێ بهێڵن؟
- من له‌زۆر دیمانه‌ی دیکه و لهوتاریکی تێر و ته‌سه‌لدا(ده‌سه‌ڵاتدارێتی زمان) ئه‌و باسه‌م شیکردۆته‌وه و حه‌زناکه‌م درێژدادڕی له‌سه‌ربکه‌م. مه‌به‌ستی من له‌و وتوێژه‌دا وه‌رگێڕان نیه، به‌ڵکوو خودی زمان و سیسته‌می نیشانه‌یی زمانه و ئه‌وه‌ی که زمانی کوردی زمانێکی نامۆیه و نه‌ک هه‌ر هیچ ده‌سه‌لاتێکی مه‌عریفی و سیاسی و ئابووری پشتی نه‌گرتووه، به‌ڵکوو سه‌رکوتیشی کردوه.. له‌و حاڵه‌ته‌دا به‌جیهانیبوونی ئه‌ده‌بی کوردی ئه‌سته‌مه و بهدهسهڵاتکردنیشی بۆ نووسه‌رانی مه ئه‌سته‌متر... من له‌و وتوێژه‌دا ده‌ڵێم؛
" به له‌به‌رچاوگرتنی ره‌وتی ده‌سه‌لآت ـ مه‌عریفه وسازكردنی یه‌كدی، ئاسایییه ئه‌گه‌ر زمانی ئه‌ده‌بی مه‌ش له جیهاندا هیند به‌رچاو نهكهوتبی... دلَنیام ئه‌گه‌ر شاری مۆسیقاره سپییه‌كان به زمانی ئالَمانی ـ فه‌ره‌نسی یان ئینگلیسی و چووزانم ئیسپانیولی بنووسرابا ئیستا رۆمانیكی ئهوپهرِجیهانیش بوو... بهلَگهش بو قسه‌كانم.. فیلمه‌كانی یلماز گونای و به‌همه‌ن قوبادییه.. له به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی وینه زمانیكی جیهانییه... باوه كوو هیچ میژوویه‌كی كاری سینه‌مایی له پشت سینماكارانی كورد نیه... ده‌بینن چۆن بوونه‌ته به‌رهه‌می جیهانی و ناوبانگ دیننه‌وه..."
بۆوه‌ی ئه‌و زمانگه‌له خوێنه‌ری چالاکیان فره‌تره و ده‌رفه‌تی نواندن و ره‌خنه‌کاریی و به‌راوه‌رد و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی ئاکادمیک و نائاکادمیکیان هه‌روه‌تر و ده‌یان و سه‌دان خه‌ڵاتی جۆراوجۆر که ده‌بنه هۆی ناساندنی به‌رده‌وامی نووسه‌ران و ده‌قه‌کانیان و... دیاره وه‌رگێڕانیش بۆسه‌ر زمانگه‌لی زیندووی جیهان له‌پال ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌دا ده‌وری تایبه‌ت ده‌گێڕێ و یارمه‌تی ده‌ق و نووسهردهدا بۆ وه‌ی پێ بنێته پانتاگه‌لی گه‌وره‌تره‌وه.. بێ ئه‌وه‌ی بمهه‌وێ له‌بایه‌خی وه‌رگێڕان که‌م بکه‌مه‌وه(بۆ وه‌ی بۆ ئه‌ده‌بی مه‌زڵوومی ئێمه به‌راستی پێوێسته)ده‌بێ بڵێم: ده‌قی وه‌رگێڕدراو هه‌رگیز نه‌یتوانیوه هه‌موو گهمهزمانیهکان و جوانکاریه‌کانی ده‌ق بگۆزێته‌وه بۆ سه‌ر زمانی دووهه‌م.
ئینجا؛ وه‌ک ده‌زانن له دێ بچووکه‌که‌ی مارشاڵ دا بتهه‌وێ و نهتههوی سیاسه‌ت ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕی و که‌ی و چۆن و له‌کوێوه سه‌رنج بدرێته کام وڵات و نه‌ته‌وه و بهرههمههونهریهکانی، گرینگیی تایبه‌تی هه‌یه و ئه‌و لوتفه ده‌رحه‌ق به ده‌ق و وڵات و نووسه‌رانی مه نه‌کراوه و ده‌یان فاکتۆری دیکه.. که له‌م دیمانه‌دا جێی نابێته‌وه. به‌کورتی؛ به‌ڵێ من لام وایه زۆر ده‌قی کوردی هه‌ن که جیهانین و شایانی جیهانی بوونن.. هه‌ر له ده‌قی شیعری نالی یه‌وه تا "باڵنده‌کانی ده‌م با" و "پێده‌شتی کارمامزه کوژراوه‌کان" و "غه‌زه‌ڵنووس و....( هه‌رکام به بۆنه‌گه‌لی ستاتیکی و بابه‌تیانه‌ی خۆیانه‌وه)
با به‌ناو باسی که‌س نه‌که‌ین بۆ وه‌ی ره‌خنه‌ی نوێ زیده‌تر له‌ده‌ق ده‌کۆڵێته‌وه نه‌ک نووسه‌ر و که‌سایه‌تی تایبه‌ت.
4- موزیك و واتای شیعره‌كانی ئیوه ناوه‌كیین، نه‌ك ده‌ره‌كیی، واته له قوولاَیی ده‌قه‌كانتان خۆیان مانیفیست ده‌كه‌ن، پیرِهو كردنی ئه‌م شیوازهیش زیاتر له لای ئیوه و كورده تاراوگهنشینهكانهوه ئیشی بۆ كراوه. ئه‌م حالَهته له كۆشیعری (به ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌كانی عاله‌م) به ته‌واویی رِهنگی داوه‌ته‌وه. جوداوازییه‌كانی ده‌قی رِِووكهش (له هه‌موو لایه‌نیكی پیكهاتهكهیهوه) و ده‌قیكی قوولَبووهوه له چیدا ده‌بینی؟
- ناوه‌کی کردنی کێش و واتا به‌شێکن له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شیعری نوێترخواز! بۆ وه‌ی ده‌ق له چوارچێوه‌یی بوونی موزیک و دروشمگه‌ل ناوه‌رۆکی ده‌ربازبکا. به‌رۆژ(ئاپده‌یت)کردنه‌وه‌ی زمان و چه‌ندده‌نگیی بوونی ده‌ق و مه‌ودادان به نه‌ستی تاک و کۆ (به‌شێوه‌ی هاوردنه‌وه‌ی گۆرانی و شیعری پێشوو و سێڵاوی هۆش و...) یارمه‌تی "به ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌کانی عاله‌م"ده‌دا بۆ وه‌ی خۆی له به‌رهه‌مه‌وه بۆ ده‌ق بپه‌ڕێنێته‌وه..
من پێشتر له‌زمانی بارته‌وه باسی جیاوازیه‌کانی به‌رهه‌م(له‌بری ده‌قه رووکهشهکهی جه‌نابت) و ده‌قم کردوه و نامه‌وێ دووپاتی بکه‌مه‌وه. (بڕواننه وتوێژ سه‌باره‌ت به ره‌خنه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ به‌رێز شه‌ریف فه‌لاح) به‌س پێویسته به‌کورتی ئاماژه بکه‌مه چه‌ند خاڵێ سه‌ره‌کی؛
به‌رهه‌م یه‌کده‌نگ و یهکمانا و تاک ره‌هه‌نده. به‌ڵام ده‌ق چه‌ند ده‌نگ و فره‌مانا و فرهرهههنده. به‌رهه‌م پێخۆری خوێنه‌رانی ئاسایی و مامناوه‌نده، به‌ڵام ده‌ق ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌داته خوێنه‌رانی چالاک که چه‌ندین جار بخوێنرێته‌وه و هه‌رجاره‌و چێژ و بۆچوون و ره‌هه‌ندی نوێتری لێ ببیننه‌وه و هه‌رگیز به واتا سه‌ره‌کییه‌که‌ی نه‌گه‌ن.. به‌رهه‌م به به‌رچه‌سپی نووسه‌ره‌که‌یه‌وه ده‌ناسرێته‌وه به‌ڵام ده‌ق هیچ باوکێکی نیه و له نووسه‌ره‌که‌شی یاخی ده‌بێ و سه‌ربه‌خۆیی خۆی له خوێندنهوهجیاوازهکاندا(جوانناسانه و بابه‌تیانه) ده‌پارێزی.. هه‌ربۆیه رووکهشێتی به به‌رهه‌مه‌وه دیاره و قووڵی و مه‌نگی له‌ده‌ق ده‌وه‌شێته‌وه و..
5- خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر ته‌واو وردبێیتهوه له كتیبی (شیعره‌سات)ی ئێوه، په‌ی به قووڵ روانین و زمانێكی تۆكمه ده‌با، له پاڵ ئه‌مانه‌یشدا كۆكردنه‌وه‌ی وێنه‌گه‌لێكی چڕ له چه‌ند دێرێكی كورتدا، هیی له‌مانه‌یش فۆرمیش پڕیه‌تی له سیمبۆل. هه‌بوونی ئه‌م باڵاییه له (قووڵ ڕوانین) له شته‌كان و (زمانی تۆكمه‌ی ده‌ق) و (وێنه‌گه‌لی چڕ له دێڕی كورتدا) بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌تان به‌رفراوان بووه، هاوكات وردبوونه‌وه‌تان له چه‌مكه‌كان و ده‌وروبه‌ر بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه (شیعره‌سات) هینده كاریگه‌ر بكه‌وێته‌وه؟
- ئه‌وه لوتفی جه‌نابته له خوێندنه‌وه‌ی وردی شیعرهساتهکاندا.. راستییه‌که‌ی دوای ئه‌زموونی " دیاری"، "هه‌زار دیوانی که‌ڵه‌گه‌ت له پرسه‌دا"و" درۆموقه‌دده‌سه‌کان" "شێعره‌سات" هه‌وڵێکه بۆ بچڕان(گسست) له زمانی پێشووی شیعری خۆم و (ئهگهرتوانیبێتم) له‌زمانی لووتکه‌کانی شیعری ئه‌وسه‌رده‌مه که ببوونه ده‌سه‌ڵاتیی زمانیی و تا ئه‌وساکه که‌سانێکی دیش هه‌وڵی ده‌ربازبوونیان لێدابوو و هه‌رکام به‌شێوه‌یه‌ک نه‌یانده‌ویست ئیتر وه‌ک شێرکۆ بنووسن و ئهوزمانه سه‌دپات بکه‌نه‌وه.. (خوایه به‌گوناحی نه‌نووسی!! و ئه‌م قسه به بێبایه‌خ نواندنی ده‌قی شێرکۆ و ئه‌وقوتابخانه شیعریه له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ی.) ئه‌وه‌ش نه‌ده‌کرا جگه به زمان و پێکهات و فۆرمی دیکه‌وه و من زمانی دیالۆگی هه‌ست و نه‌ستی شاعیر و باوانم هه‌ڵبژارد له درێژایی مێژوودا.. لادان له سینتاکسی زمانی باو(به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵاتن له‌ده‌ست هه‌مان زمان و ئپیستمه‌ی زاڵ) .. مابه‌قی جوانکاری و ناجوانکارییهکانی شێعره‌سات با بێڵینه‌وه بۆ رای خوێنه‌رانی چالاکی ناو مێژووی ئه‌ده‌بیمان.
"بازجۆکانم به‌قه‌ده‌ر ئیستالین رۆشنبیر بوون و
ههڵیاندهکابلاندم م م
منیش شێت بووم و
ئه‌م نیچه اند د د..." (شێعره‌سات)
6- نووسه‌رانی هه‌ولێر و سلێمانی، به ده‌گمه‌ن نه‌بێ ئاوڕ ناده‌نه‌وه له شیعری ئێوه و هاوشارییهكانتان، له كاتێكدا ئێوه باش ئاگادارن له شیعری ئه‌وان. هۆكاری ئه‌م فه‌رامۆشكردنه بۆ پیرگهرایی (شارچییه‌تیی) ده‌گه‌ڕێته‌وه، یان ئه‌وه‌یه كه تا ئیسته نه‌توانراوه ته‌واو نزیك بكه‌ونه‌وه له شیعری ئێوه؟
- وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م کرد؛ سازکردن و به‌ده‌سه‌ڵاتکردنی زمانێکی شیعریی دیکه له‌به‌رانبه‌ر زمانێکی بهدهسهڵاتبوودا هاسان نیه و چه‌ندین هۆکاری گرینگ ده‌ور ده‌بینن که هه‌نێ له‌وانه له‌ده‌ستی من (وه‌ک شاعیر یان نووسه‌ر) دا نیه؛
ئهلف- به‌هۆی هه‌نێ کێشه‌ی سیاسییه‌وه(زیندانی و "اخراج و انفصال دایم از تمام خدمات دولتی") ده‌رفه‌تی چاپ و بڵاوکردنه‌وه، وه‌ک کتێب، نه‌درا به شێعره‌سات و هیچ کام له ده‌فته‌ره شێعرییه‌کانی من. بۆ وێنه شێعره‌ساتی(1) ساڵی 95 نووسراوه و له 97 دا شێعره‌ساتی(10) کۆتایی هاتوه، له 2000 دا به‌شێوه‌ی کۆر پیشکه‌شکراوه و فیلمه‌که‌ی به CD (ئه‌ویش نه به شێوه‌یه‌کی فرمی) بڵاو بۆته‌وه(جگه گۆڤاره‌کان ئه‌ویش دوای 2000 چه‌ند دانه(!!) شێعره‌سات له زرێبار و سروه و هێما و.. دا بڵاو بۆوه و کاردانه‌وه‌ی باشیشی هه‌بوو و وه‌ک شیعری جیاواز خوێندرایه‌وه) دواجار چاپی دیجیتاڵی شێعره‌سات له "کوردستان نێت" و "په‌رتووک" و.. له جیهانی هه‌زاران سیمای ئینتێرنێتدا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی لێسه‌ند که خوێنه‌رانی جیددی شێعر بیبینن و بیخوێننه‌وه..
ب- به هۆی زمانی نامۆ و رووکردی زمانشکێنانهوه زۆرکه‌سان و به‌تایبه‌ت سه‌له‌فییه‌تی ئه‌ده‌بی وه‌ک ئاجووری بیانی چاویان لێکرد و ده‌رکیان نه‌کرد و به‌س فلش
ج- ئه‌و دۆستانه‌ی دهرکیانکرد لێیان هه‌ڵکڕاند و خۆیان وه‌ک شاعیر پێبرده سه‌ره‌وه و له‌و ده‌رفه‌ته‌ی له گۆڤار و حه‌وته‌نامه‌کاندا هه‌بوویان ویستان خۆیانی پێبکه‌ن به ئه‌وه‌ڵ و یه‌که‌م و پێشڕه‌و و....
د- ریکلامی ده‌سه‌ڵات سه‌رپۆشێکی دابوو به سه‌ریا و.. هات و چۆی من بۆ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌ودیو به‌شێوه‌ی فرمی قه‌ده‌غه بوو و تا ئه‌مساڵانه‌ی دوایی پاسپۆرتیان نه‌دامێ و..
به‌و حاڵه‌ش هه‌بوونی که‌سانی وه‌ک ئێوه نه‌یهێشتوه شێعره‌سات و به‌ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌کانی عاله‌م و ... بدرێنه ده‌ست فرامۆشی و خودی ئه‌م وتویژه و چه‌ندین دیمانه‌ی دیکه له‌گه‌ڵ دۆستانی ئه‌ودیو ئاماژه‌یه به‌وه‌ی که ده‌ق ده‌مێنێته‌وه و به‌رهه‌م بهرهلهدوای به‌ره که‌مڕه‌نگ ده‌بێته‌وه.. دڵنیام حه‌ق به نوێخوازانه و نوێترخوازی به‌شێکی سه‌ره‌کییه له ژیانی ئه‌ده‌بی و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تی مروڤ...
7- زمانی نووسینی شیعری ئێوه، بارگاوی كراوه به (فیكر)، ئه‌مه‌یش له‌نیو نووسه‌ره كوردییه‌كاندا تا ئاستی نه‌بوون ئه‌زموون كردراوه. نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئیستێتیكیی - له ده‌قیكی شیعرییدا – فیكر ته‌وزیف بكا، گه‌ره‌كی به چییه، جگه له مه‌عریفه؟
- ئاشکرایه مه‌عریفه به‌ته‌نێ مه‌عریفه‌یه و نابێته شێعر و ئه‌گه‌ر له فۆرمێکی نوێ‌دا نهنوێنرێتهوه، له مه‌عریفه‌که‌شی که‌م ده‌بێته‌وه و ده‌بێته کاوێژژژ..
من پێشتر به‌تێر و ته‌سه‌لی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م له وتاری "دالی شێعر مه‌به‌ستی خۆیه‌تی و به‌س"(زرێبار- ژ-11)+ داوه‌ته‌وه و له چه‌ند یاداشتی بێمانای (3)ێشدا، له‌دیالۆگ له‌گه‌ڵ وتویژێکی به‌رێز به‌ختیار عه‌لی، جۆنیه‌تی پێوه‌ندیه‌کانی فۆرم و ناوه‌رۆکم شی کردۆته‌وه++ له‌به‌ر حورمه‌تی پرسیاره‌که‌ی جه‌نابت ناچارم هه‌نێکیان به‌کورتی دووپات بکه‌مه‌وه؛
"نیچیه"گوته‌یه‌کی جوانی هه‌یه که:" فه‌یله‌سووفان هه‌رچی خۆیان ههڵمسینن، فڕوفیشاڵ به‌كه‌ن، كتیبی قه‌به‌قه‌به چاپ بكه‌ن یان هه‌ڵیت و پڵیت بڵێن و ریشی پان دانێن و گاڵته به‌وانی تر بكه‌ن، جگه خۆیان و ده‌روونی خۆیان هیچیان نه‌گوتووه. (نیچه: ئه‌وپه‌ڕی چاكه‌و خراپه).
من له‌سه‌ر ئیزنی نیچه فه‌یله‌سووفان ده‌که‌مه شاعیران و ده‌پرسم که؛ به‌ڵام ئه‌و خوده کێ بێ؟ مه‌عریفه‌ی به نه‌ست بوو له ده‌روونی شاعیری خوێنده‌واردا به شێوه‌ی نائاگا و ناراسته‌وخۆ ئاماده‌یی هه‌یه و لهشێعرهکهشیدا به‌رده‌وامه و به‌هاسانی له‌گه‌ڵ فۆرمی ته‌بادا تێکه‌ڵده‌بێ و ده‌بێته ده‌قێکی فره‌ره‌هه‌ند.. به‌ڵام شاعیری نه‌خوێنده‌وار له‌نه‌ستی خۆیدا جگه هه‌ست و غه‌ریزه(مه‌یل) و ده‌سه‌ڵاتی زمانیی نه‌ریتی چی هه‌یه بینوێنێته‌وه؟
له راستیدا چۆنیه‌تی هه‌ڵس و که‌وتی شاعیر له‌گه‌ڵ زماندایه که فۆرمگه‌ل جیاواز بۆ ره‌هه‌ندگه‌لی مه‌عریفی و جوانناسانه‌ی لێ ده‌که‌ویته‌وه.. به‌بێ ئه‌و گه‌مه زمانییه.. نه‌ک هه‌ر شێعری جوان به‌ڵکوو فیکری نوێشمان بۆ نابینرێته‌وه.. ئینجا جگه له ده‌ق و جوانکاریه‌کانی شێعری و توانای ده‌ربڕینی شاعیر، له‌و گهمهزمانییهدا، چاڵاکی و خوێنده‌واریی وچۆنیه‌تی بۆچوون و وه‌رگرتنه‌کانی خوێنه‌ریش له هه‌ڵدانه‌وه‌ی توێگه‌ل مانایی و جوانیناسی ده‌قدا گرینگه؛ خوێنه‌ری ئاسایی جێژ له شێعری "تی-ئێس- ئلیووت" وه‌رناگرێ و ناتوانێ خوازه شێعریهکانیشی به‌ناو مێژوو و ئوستووره‌دا بپه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئێستا و داهاتوو..
له " شێعره‌سات"دا ته‌مه‌نی باوان به‌قه‌ده‌ر ته‌مه‌نی مێژووی مرۆڤایه‌تییه و ئه‌شق و ده‌مامکیش هه‌روه‌تر...
ناس سرینه‌وه(نامۆکردنه‌وه)شمان له‌و پرۆسه‌یه‌دا نابێ له بیر بچێ.. که گه‌وره‌ترین ده‌ور ده‌بینێ له خۆلقاندنی ده‌قی هونه‌ریدا..
8- ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى وڵاته ئه‌وروپییه‌كان بكه‌ین ده‌بینین له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى ره‌وتى ژیاندا، وه‌كوو بیركردنه‌وه‌یش گه‌شه ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌نیسبه‌ت كوردستان ئه‌م پڕۆسه‌یه وه‌ها نییه. ئێمه بیركردنه‌وه‌كانمان لاوازن، یاخود قووڵ ڕۆناچینه نێو ڕه‌هه‌نده‌كانى كێشه گه‌وره ئینسانییهكانهوه؟
- گه‌شه‌ی ژیان و بیرکردنه‌وه به‌هۆی مه‌یل و خواستی مرۆڤه به نوێخوازی و ئه‌و ره‌وته‌ش(ره‌وتی نوێترخوازی) پێبه‌ند نیه به ناوچه و وڵات و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاته‌وه.. به‌ڵکو پێوه‌نده به بارودۆخی ئابووری, کۆمه‌ڵایه‌تی, رامیاری و... له‌وانه‌ش گرینگتر؛ سیسته‌مه‌کانی ده‌سه‌ڵات- مه‌عریفه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌وه. له وڵاته ئه‌وروپیه‌کان ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی زمانیی زانست و فه‌لسه‌فه‌یه (وه‌ک سیسته‌مێکی کراوه) که ده‌سه‌ڵات ده‌نێته‌وه و لای ئێمه ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی زمانیی پێعهمبهرانه (وه‌ک سیسته‌مگه‌لێکی داخراو) که بوونه‌ته کو‌لتوور و ئپیستمه‌ی زاڵ. به ئاوڕدانه‌وه له سه‌ده‌کانی ناوه‌راستی ئه‌وروپا (ده‌سه‌ڵاتی کلیسا و ئه‌نگیزاسیۆن) ده‌بینین چۆن له‌وێش پێش به ره‌وتی ژیان و رووناکبیری و .. گیرابوو و بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده ئه‌و سیسته‌مه داخراوه له‌وێش کپبوونی سازکرد و ده‌ربازبوونی ئه‌سته‌م کردبوو و که‌س مه‌ودای نه‌بوو که قووڵ بڕوانێته کێشه گه‌وره‌کانی مرۆڤ.. هه‌رچه‌ند له‌ئاکامدا ئه‌و دۆخه له‌وێ شکستی هێنا.. بۆوه‌ی ده‌یانی وه‌ک گاریباڵدی و کوپرنیک و گالیله و ... ئه‌رزیان به نه‌وێستاوی و دانهخراویی لا جوانتر بوو... ره‌نگه لای ئێمه‌شه‌وه "حه‌للاج"گه‌لێک بوونه که جاربه‌جار ئهنهلحهقێکیان چڕیبێ. به‌ڵام له‌به‌ر سه‌قامگیربوونی سیسته‌مه داخراوه‌کان نه‌یانتوانیوه ئه‌رز به‌لای سه‌ره‌وه‌ی ئاسماندا بسووڕێننه‌وه و له‌ڕێوه زمانیان به بڕین چووبێ و زۆرکه‌سانی وه‌ک منیش له به ده‌قکردنی سووڕانه‌وه‌ی زه‌وی په‌ژیوان بووبێتنه‌وه؛
" به هه‌زار جار ده‌ینووسمه‌وه ئه‌رز ناسووڕێ!
ده وێڵم که‌ن
من شاعیرم .. خۆ رۆسته‌م نیم!! (درۆ موقه‌دده‌سه‌کان)
کورده‌واریش له‌دوای شکستی "ماده‌کان"ه‌وه زمانی به بڕین چووه و هه‌ر باشیشه نه‌فه‌وتاوه.. نووسراوه‌ی نه‌بووه تا گه‌شه‌ی "بیرکردنه‌وه"شی هه‌بێ؛
" زمان ته‌نیا ئاڵای سه‌ده‌ی بیسته باوان
به‌کام زمان بتخۆشه‌ویستێنم؟" (شیعره‌سات)
ئه‌مه‌ش که هه‌یه‌تی به‌رهه‌می "نێواندهقێتی"یه له فه‌لسه‌فه، زانست، کو‌لتوور، هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و..ی باوهپیارهکانی و له‌زمانی ئه‌وان(عه‌ره‌بی، فارسی، توورکی و له‌م دواییانه‌وه زمانه‌کانی رۆژئاوایی)ی ههڵکڕاندوه.. و شێعراندوویهتی و ئه‌زقه‌زا باشیشی گه‌یاندۆته ئێره.. بۆ سه‌لماندنی قسه‌که‌م هه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دیوانی نالی به‌س بێ..
ئینجا ئێمه وه‌ک کورده‌واری چ گهشهیهکمان کردوه که گوایه ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بووه له‌سه‌ر فیکر و به‌رهه‌مه‌کانمان؟ به پێچه‌وانه‌وه من لام وایه به‌رهه‌می بهدهقبووی کوردی زۆر له‌به‌ر گه‌شه‌ی کۆمهلایهتیهکهیهوهیه.. و له چه‌ندین ژانری هونه‌ریدا خهڵاتگهل جیهانیشی هێناوه‌ته‌وه. وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژهمکرد ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه به‌رده‌وام له سازکردنی یه‌کدیدان و ئێمه هیچکام له‌وانه‌مان نه‌بووه و لانی که‌م وه‌ک قبتییه‌کان(له میسر) نه‌بووینه‌ته عه‌ره‌ب!! ئه‌وه خۆی زۆره..
9- كولتوور و زمان تا چ ئاستێك ده‌توانن یه‌كتریى به‌ره‌و (گۆڕان)كاریی ببه‌ن؟
- له پێناسه‌ی ئهمرۆژیانهدا، به‌و مه‌رجه‌ی زمان وه‌ک سیسته‌مێکی نیشانه‌یی (سروشتیی، خوازه‌یی،نمادین.....) پێناسه بکه‌ین، زمان هه‌مان کو‌لتوور و کو‌لتوور هه‌مان زمانه.. له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی زماندا ئاشکرایه؛ هه‌موو دیارده‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تی له ژێر سێبه‌ری باڵه تیژپه‌ڕه‌کانی زمان و گه‌مه‌کانی زماندا دێنه گه‌شه و دابه‌زین.. هه‌وڵه‌کانی مرۆڤ له‌پانتای زماندا(له مێژوودا کو‌لتوور و ورده‌کولتوور سازده‌که‌ن و سه‌قامگیر ده‌بن و ده‌بنه ده‌سه‌ڵات(له پێناسه فۆکۆییهکهیدا) له کولتوورێکی بستراودا زمانیش به‌رده‌وام خه‌ریکی چهندپاتبوونهوهیه و له ئه‌ره‌ستوو تێناپه‌ڕێنێ.. به پێچه‌ونه‌وه زمانی "پوویا" (پڕجم وجۆڵ) فهرههنگگهل کراوه سازده‌کا و ئه‌یگه‌یه‌نێته شارستانییه‌تی ئهمڕۆژینه و تاک و کۆ تیایدا به‌شدارده‌بن و ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ تیایدا ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتی ژیان..
10- چى له‌و واقیعه تاڵه بكه‌ین كه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆرِن؟
- سه‌رچاوه‌کانی خه‌ون و فه‌نتازیاش هه‌مان واقیعه تاڵ و شیرین و سوێرانه‌ی ژیانی مروڤن له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شت و دیارده‌کان ومه‌یله سهرکوتکراوهکانیدا.. و ناراسته‌وخۆ شوێنی خۆی له‌سه‌ر واقیع(تاڵ یان شیرین)داده‌نێته‌وه( ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌کانی "یۆنگ"یشمان له‌مه‌ر نائاگای کۆ(ناخودآگاه جمعی) قه‌بووڵ بێ، ئه‌وه پێوه‌ندییه‌که قووڵتریش ده‌بێته‌وه)؛ ژێرده‌ریاییه فهنتازیاییهکهی "ژوول وێرن"ت له بیره؟ قاڵییه‌که‌ی حه‌زره‌تی سولێمان چی؟ خه‌ون و فانتزیش رێگه‌یه‌کی تری جگه زمان بۆ ده‌ربڕین نیه و ناچاره به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ واقیع هه‌ڵس و که‌وت بکا و شوین دانێ و شوین هه‌ڵبگرێ.. به‌ڵام نابێ لێی به په‌له بین.. بۆوه‌ی له‌و ترازووهدا لایه‌کیش کاته و ئه‌ویش ده‌وری خۆی ده‌بینێ.. نیچه وته‌نی: هونه‌ر جیهانمان بۆ والیدهكات كه مرۆڤ بتوانێت تییدا بژی.
(هنرزندگی را ممكن و شایسته‌ی زیستن می‌كند).
11- (لیسینگ) رِوانینى وه‌هایه: (هه‌ندێك كه‌س بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ره‌خنه ره‌سه‌نایه‌تیى له مرۆڤدا كاڵ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من ره‌سه‌نایه‌تى و داهینانم هه‌بن، ئه‌وا له رێگه‌ى ره‌خنه‌وه به‌ده‌ستم هێناون). ئه‌م رسته‌یه‌ى لیسینگ له كوێوه ناكۆك و ته‌با ده‌كه‌ویته‌وه له‌گه‌ڵ (داهێنه‌ر) و (داهێنان)ى ئه‌ده‌بیى؟
- ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ره‌سه‌نایه‌تی هه‌مان ترادسیۆنی سه‌قامگیربووی ناو کۆمه‌ڵه؟ دیاره ره‌خنه به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌بێته‌وه که نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ ره‌وتی کات و ژیان و شارستانیه‌تدا هه‌ڵکشێ و خۆی نوێ بکاته‌وه. به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین مه‌به‌ستی ره‌خنه‌ی نوێ لهکاڵکردنهوهی هه‌نێ دیارده‌ی ره‌سه‌ن، پڕره‌نگ کردنه‌وه‌ی ئه‌و بهشانهیهتی که توانای کراژخستن و نوێبوونه‌وه‌یان هه‌یه. گادامێر له‌م پێوه‌ندییه‌دا ده‌ڵێ:
«تیگه‌یشتنی هیرمۆنتیكی له‌گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی ئه‌وه‌یه كه تێبگه‌ین گه‌شه یان ره‌وتی فه‌رهه‌نگی له‌ئێستادا چ مانایه‌كی هه‌یه، تیگه‌یشتنی هیرمۆنتیك به‌رهه‌می وتوویژی ره‌سه‌نی ئێستا و رابردووه، ئه‌وه‌ش كاتێك رووده‌دات كه له‌نێوان ئێستا‌و رابردوودا پیكهاتهیهك لهسنوورهكانمان لهبهردهستدابیت، مه‌رجی ئه‌و پیكهاتهیهش خودی سوننه‌ته»
واته ره‌خنه ده‌بێ به‌رده‌وام شوێنپێیه‌کی پته‌وی له‌ناو کولتووری پێشوودا هه‌بێ که بتوانێ له‌وێوه قه‌ڵه‌مباز بدا و به بێ ئه‌م "سه‌کۆی قه‌ڵه‌مبازه" ره‌خنه‌گر داهێنانه‌کانی لێ ون ده‌بێ و ده‌که‌وێته بۆشاییه‌وه.. به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیش دێته ناو هه‌مان تێگه‌یشتنه‌وه؛ هیچ ده‌قێکی داهێنه‌رانه نابینن که ئه‌و سه‌کۆی قه‌ڵه‌مبازه‌ی له‌ناو نه‌ریتدا نه‌بێ
"پرۆست´هه‌مان نه‌ریتی(بیره‌وه‌ری) به شێوه‌ی نوێ و ده‌ستکاری کردنی کاتی زانستیی نووسییه‌وه.. جۆیس و ڤاگنێر و ڤۆلڤ یش هه‌وڵی سرینه‌وه‌ی کاتی واقیعییاندا له ناو نه‌ریتی تائه‌وساته‌ی رۆمان‌دا.. نووسه‌رانی رۆمانی نویش کات و شوێنیان پێکه‌وه موتوربهکرد و کات- شوێنیان داهێناو شتیان به‌رجه‌سته‌تر کرده‌وه.. پاشمودێرنهکان گه‌رانه‌وه بۆ ته‌وس و توانج و ناپێکهاته‌یی و له‌ێوه بازیاندا...
12- یه‌كێك له روانینه‌كانى (دیرك واڵكۆت) وه‌هایه: (ئه‌ده‌ب ده‌مى زامێك هه‌ڵده‌داته‌وه، قووڵتر له‌و زامه‌ى میژوو هه‌ڵیده‌داته‌وه). ئیمه ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌یش بڵێین: لێكۆڵه‌ر و ره‌خنه‌گرى كوردیى قووڵتر ده‌چنه نێو پێكهاته‌ى ده‌قه‌كان؟
- زۆربه‌ی مودێرنیسته‌کان، به‌پێچه‌وانه‌ی پاشمودێرنخوازهکان، ره‌شبینییه‌کی خه‌ستیان ده‌هێنایه ناو ده‌ق و به‌س زامیان پێ هه‌ڵده‌دایه‌وه.. من لام وایه ئه‌ده‌ب ده‌توانێ ئه‌گه‌ر بخوازێ چێژه‌کانیش بهدهقبکا و هیواوئاواتهکانیش بنووسێته‌وه .. به‌ڵام چبکه‌ین له‌دۆخی کورد و نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری کوردی کڵۆڵ که به‌رده‌وام ده‌بێ ده‌می زام هه‌لبداته‌وه و ئه‌نفاڵ و هه‌ڵه‌بجه بهدهقبکاتهوه...
به‌ڵێ راسته ئه‌گه‌ر لێکۆڵه‌ر و ره‌خنه‌گر قووڵتر نهچنهناو پێکهاته‌ی ده‌ق ئیتر نابێ لێکۆڵه‌ر و ره‌خنه‌گر بن.. به‌ڵام وه‌ک گوتم کورد هه‌موو شتێکی جیاوازه،، ره‌خنه‌گری(!!) کورد نایهه‌وێ هه‌ست به‌و قووڵاییه بکا،، هه‌رده‌قێک له‌چه‌ند گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه بهراوهردبکاتهوه و په‌رده‌له‌سه‌ر نه‌نووسراوه‌کانی هه‌ڵبداته‌وه و به‌گشتی ده‌ق بکاته مه‌رجی خوێندنه‌وه جیاوازه‌کان، نه‌ک خاوه‌ن ده‌ق و نووسه‌ره دۆست یان نادۆستهکهی..
به خۆشیه‌وه جیلێکی نوێ سه‌ریان هه‌ڵداوه که هه‌وڵئه‌ده‌ن قووڵتر له ده‌ق بڕوانن و به‌س ده‌ق بکه‌نه پێوه‌ری خوێندنه‌وه‌کانی خویان.. من به‌م جیله گه‌شبینم..به‌وئاواته‌وه..
13- په‌یوه‌ندیى نێوان (ده‌ق) و (چیژ) له‌نێو ئه‌ده‌بى ئێمه‌دا تا دێ كاڵ و كاڵتر ده‌بێته‌وه و تا ئێسته‌یش ئیستگهلێك بۆ ئه‌م دوو زاراوانه نه‌كراون له لایه‌ن ره‌خنه‌گرانمان، ئه‌گه‌ر بڕیاره ره‌خنه‌گرمان هه‌بی، بۆ ئه‌وه‌ى تێكهڵاوبوونێكى رهیشئاژۆیى بخوڵقێنین پێویسته له كوێوه ده‌ست پێ بكه‌ین؟
- ده‌قی سه‌رده‌مانه خوێنه‌ری سهردهمانهشی ده‌وێ و وه‌ک به‌رهه‌م نیه که ره‌حه‌ته‌لقوم بێ و بدرێ به‌ده‌ست ههمووکهسهوه.. دڵنیام خوێنه‌ری چالاک چێژی رهگاوهژۆی ناو ده‌ق هه‌ست پێده‌کا و خۆشی تیایدا به‌شدار ده‌کا بۆوه‌ی نهنووسراوهکان و توێگه‌ل ستاتیکی و واتایی ده‌قی بۆ ههڵدهدریتهوه و ده‌رکی ده‌کا.. کاتی خۆی "بووف کور"(کوندهبووی کوێر)ی "سادق هیدایه‌ت" نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئێرانی له په‌نجا به‌رگدا بڵاوکرایه‌وه و ئێستا ملوێنان که‌س چێژی لێوه‌رده‌گرن، "ڤانگۆگ" تان له‌بیره؟ کاتی خۆی له ئه‌وروپاش که‌س تاقه‌تی خوێندنه‌وه "گه‌ڕان به‌دوای کاتی له‌ده‌ستچوو"ی پرۆست ی نه‌بوو و چێژیان لێوه‌رنه‌ده‌گرت.. ئه‌مانه له ئه‌ده‌بی ولاتانی دیکه‌دا ره‌نگه ئاسایی بێ.. به‌ڵام له‌ئاست ئه‌ده‌بی کوردی‌دا من ئه‌و نیگه‌ران بوونه‌ی جه‌نابت هه‌ستپێده‌که‌م؛ بۆوه‌ی ئێمه هه‌رئه‌و پهنجاخۆێنهره چالاکهشمان نیه، خوێنه‌ری مامناوهندیشمان که‌مه و ده‌سه‌ڵاتی زمانی وێنه و سه‌ته‌لایت و موبایل و ... هه‌مووخوێنه‌رانی ئاساییشی کێشاوه به‌دوای خۆیدا.. وه‌ک ئه‌وه وایه بڵێی: ئێستاکه ئێمه فێره پامه‌له بووینه ئاوی قووڵمان ده‌ست ناکه‌وێ هیچ، هه‌ر ئاو بۆ خواردنه‌وه‌ش که‌مه. راسته به‌ڵام "خاریقی عادات" ه‌که‌ی نالی و ئه‌وپه‌ڕ بهنهوشهکهی "ژید" ت له‌بیر نه‌چێ!
ره‌خنه‌گریش(ئه‌گه‌ر وه‌ک جه‌نابت ده‌فه‌رمووی بمانبێ) ئێستا خوێندنه‌وه‌ی خۆی ئاراسته‌ی ده‌قه‌کان ده‌کا و ئه‌و ئه‌رکه کلاسیکییه‌ی نه‌ماوه که ببێته پردی پێوه‌ندی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ری ناحاڵی.. به‌و حاڵه‌ش کاتێ ده‌قێک چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی باشی ئاراسته بکرێ، به‌رۆژ ده‌کریته‌وه و ژماره‌ی خوێنه‌ره‌کانی زێده‌تر ده‌بێ.. ئه‌وه حاشاهه‌ڵنه‌گره.
له‌کورده‌واریدا لهههرکویوه ده‌ستپێبکه‌ین باشمان پێکاوه بۆ وه‌ی هیچ نه‌کراوه یان زۆرکه‌م کاری بۆ کراوه. که‌وایه با خوێندنه‌وه‌کانمان له‌مه‌ڕ ده‌قی کوردی (له به‌یته کانمانه‌وه تا غه‌زه‌ڵنووس و ...) بڵاو بکه‌ینه‌وه و دڵنیام شوێنی خۆی داده‌نێ و ئهوتێکهڵاوبوونهی که‌جه‌نابت ده‌ڵێی سازده‌بێ..
14- بۆچى رِهخنهى به‌راوردكاریى كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه به شێوه‌یه‌ك كه سه‌رچاوه‌مان له‌مباره‌یه‌وه هه‌بێ، له كاتێكدا ده‌بوو ئێسته زیاتر له جاران بایه‌خى پێدرابا، چونكه نائامادهییى له رِۆژگارێكى وه‌كوو ئه‌مڕۆدا هه‌م (بۆشایى) و هه‌م (قه‌یران) و هه‌م ده‌رگه‌ى (داخستنى سه‌رده‌مێك)یشمان به رِوودا ده‌كاته‌وه؟
- 2 ده‌بێ له‌گه‌ڵ 1یان 3 به‌راوه‌رد بکرێ. کاتێ هه‌م 1 و هه‌م 2 و هه‌م 3، هی خۆت نه‌بوو، به‌راوه‌رد کاری 2ی نه‌بوو و 3ی قه‌رزمان له‌گه‌ڵ 2008ی ئه‌وان گه‌مه‌یه‌کی خۆش نیه.. بۆئه‌وه‌ی ئێمه دوو00 و 8ێکمان که‌مه!!
ئه‌مه ره‌نگه پارادۆکسێک له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه‌کانی سه‌ره‌وه‌م ساز بکا و راستت ده‌وێ من خۆشم له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره به‌راوه‌ردی پێکهاته‌یی و پۆزیتیویستیانهدا نیم.. به‌ڵام قسه قسه‌دێنێ قسه‌ی زل هیچی تێناچێ.. پیاو(!!) نه‌یکا ده‌ته‌قێ. من کاتی خۆی به‌راوه‌ردی نالی و کانتم کرد(بڕواننه نالی و جوانیناسی کانت) یا (نالی و یارییه زمانیه‌کانی ویتگونشتاین له کتێبی نالی و خوێندنهوهنوێکانی سه‌رده‌مدا) و زۆرم پێ سه‌یر بوو که پرۆفسۆرهکانمان له سلێمانی ده‌یانگوت که هیچی لێ حاڵی نه‌بووین(نالی و جوانیناسی کانتم له فستیواڵی نالی له‌سلێمانی خوێنده‌وه) به‌ڵام گرینگ حاڵی بوون یان نه‌بوونی ئه‌وان نیه گرینگ ئه‌وه‌یه من به‌شبه‌حاڵی خۆم به‌رده‌وام خه‌ریکی ئه‌و بهراوهردکارییهم و ره‌خنه‌گرانی دیکه‌ش مافی خۆیانه کاری وابکه‌ن یان نا.. حه‌وزه‌که قووڵه و هه‌رکه‌س له‌هه‌ر کوێوه خۆی تێده‌هاوێ با بفه‌رمێ؛ به‌ڵام نابێ له‌بیرمان بچێ "گۆم تا قووڵ بێ مه‌له‌ی خۆشتره" پێویستیمان بهمهلهوان هه‌یه و هیوادارم مهلهوانهکانمان به‌رده‌وام بن و به‌ته‌ما نه‌بن له "جۆگه‌له‌یه‌کی گچکه‌دا مرواریی قه‌به بدۆزنه‌وه"!!
15- شیعر و چیرۆك و رۆمانى كوردیى، تا چ ئاستێك توانیویانه سوودێكى ته‌ندروست له ئه‌ده‌بیاتى جیهانیى وه‌ربگرن و له به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌ده‌ب و (داهێنان)ى كولتوورى كوردییدا به‌كارى بهێنن؟
- شیعری کلاسیکی کوردی به‌سوودوه‌رگرتنی به‌جێ له بنه‌ماکانی عه‌رووز و به‌دیع و قافیه و نێواندهقێتی شیعری دراوسێکان(فارس و عه‌ره‌ب) خۆی گه‌یانده نالی و دواجار گۆران و سواره به‌سوودوه‌رگرتن له شیعری نوێی تورکی و فارسی له شیعری کلاسیکیان تێپه‌ڕاند و ئێستا نویترخوازان به سوودوه‌رگرتن له سوورریالیسم و قوتابخانه‌کانی فۆرمالیسم، پێکهاته‌خوازی، دیارده‌ناسی، زمان و نیشانه‌ناسی تا پێکهاته‌هه‌ڵوه‌شێنی.. ئه‌یانهه‌وێ مه‌وداو فاسڵه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ شێعری جیهان که‌م بکه‌نه‌وه.. و ..
به‌ڵام چیرۆک و رۆمانی کوردی و فارسی و عه‌ره‌بیش، هه‌ر راسته‌وخۆ سه‌رقاڵی سوودوه‌رگرتنن(ته‌ندروست یان ناتهندرست) له ئه‌ده‌بی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ش شتێکی سه‌یر نیه بۆ وه‌ی زۆربه‌ی رووناکبیران لایان وایه هۆنه‌ر و زانست جیهانییه و هه‌مووکه‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و نا به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌کاری بهێنێ.. هیچکه‌س بیر له‌وه ناکاته‌وه دووچه‌رخه(پاسکیل) کێ سازی کردوه؟ به‌ڵکوو بیر له‌وه‌ده‌کاته‌وه خۆی چۆنی به‌کاربهێنێ و چۆنی بسازێنێته‌وه که سوودی باشتری بۆی هه‌بێ.. راستییه‌که‌ی من بیر له ته‌ندروستی و ناته‌ندروستی ئه‌ده‌ب ناکه‌مه‌وه بۆ وه‌ی ئه‌ده‌ب ناوی خۆی به خۆیه‌وه‌یه و ناتهندروستهکهشی رۆژی خۆی به ته‌ندروست ده‌خوێنرێته‌وه.. بۆ وه‌ی ئه‌ده‌بی پێشڕه‌و به‌هۆی ره‌گه ئانارشیستیهکهیهوه به‌رده‌وام ناته‌ندروست ده‌نوێنێ..
16- ئهمرِۆ شیعر و قسه‌ى ئاسایى تێكچڕژانێكى ریشهیییان به‌خۆوه گرتووه، ئه‌گه‌رچى ئه‌م جۆره‌ى ده‌قنووسین له ئه‌وروپادا ئه‌زموونكراوه، به‌ڵام شاعیرانى ئێمه‌یش سوودیان لێى وه‌رگرتووه - به‌تایبه‌تی تاراوگه‌نشینه‌كان، ئه‌م تێكه‌ڵاوبوون و سوود وه‌رگرتنه تا چ ئاستیك له خزمه‌تى ئه‌ده‌بى كورد دا بووه؟
- وه‌ک گوتم شیعر رووداو یان گه‌مه‌یه‌کی زمانییه و مافی خۆیه‌تی له‌هه‌موو تواناکانی زمان که‌ڵک وه‌ربگرێ و نه‌که‌ویته تۆڕی هیچکامیانهوه.. گرینگ ئه‌وه‌یه بتوانێ رێرۆشتنی ئاسایی وشه‌کان بکاته ره‌قس و سۆزی هه‌ڵپه‌ڕکێیان بداتێ.. شێعری "گوفتار"(گفت)یش به‌شێکه له‌و هه‌وڵدانه بۆ ده‌ربازبوون له‌و زمانه وشک و ئه‌شرافیانه‌ی که ناوبه‌ناو ده‌سه‌پێ به‌سه‌ر شێعردا و له‌زمانی ئاسایی دووری ده‌خاته‌وه.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی شیعری کوردی زمانێکی به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌نده، باشترین سوودی نێواندهقێتی له ئه‌ده‌ب و زمانی دراوسکانی وه‌رگرتووه و جگه ئه‌وه‌ش چه‌ندین زاراوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه، شیعری "گفتار" (ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی ئه‌سێح بێته کایه‌که‌وه) خزمهیی باشدهکا و زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کا؛
" جۆشکارێکیان بانگ کردبوو بۆوه‌ی ترومپای ماڵه‌که چاک کاته‌وه
گوتم پووڵی تیا خه‌رج مه‌که‌ن
ئه‌وه دڵم!
رۆژی چۆمێ زووخاوی ره‌ش له‌لای چه‌پیه‌وه ده‌خوات و
هه‌رئه‌وه‌نده له راسته‌وه ده‌ده‌ڵێنێ..
بیخه‌نه جێی
با لانی که‌م، ئاوی روونتان بۆ ده‌ربێنێ" دیاری- 1989
17- له ئێسته‌دا، داهێنان و ریكلام هاوئاستن له خستنه‌ڕووى ئاستی ده‌ق له كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و ریكلامهى لێره‌دا مه‌به‌ستمه دابه‌شبووه به سه‌ر خوێنه‌ر و راگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى حیزبه‌كان، نووسه‌رى ئیبداعكار بۆ ئه‌وه‌ى پردێك دروست بكا بۆ به یه‌كتر گه‌یشتنى داهێنان- ریكلام، چیى ده‌بێ به كۆمه‌ككارێكى ته‌ندروست؟
- داهێنان و ریکلام بۆ(وه‌ک ئادرنۆدهلێ؛سه‌نعه‌ت فه‌رهه‌نگ) ئه‌سته‌مه یه‌ک بگرنه‌وه، بۆوه‌ی ریکلام له هونه‌ری عه‌وام(کیچ) بۆ مه‌به‌ستی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و داهێنان پێوه‌نده به نوخبه‌وه. جیاوازیه‌کانیان جیاوازی نێوان به‌رهه‌م و ده‌قه(که له وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سهرهوهداباسمکردن.به‌وحاڵه‌ش زۆرجار نوێخوازیی ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان له‌باری مێژووی سیاسی و کومه‌ڵایه‌تیه‌وه ده‌که‌ونه سه‌رده‌مێکه‌وه و له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی رفۆرمخوازی زمانی ده‌سه‌ڵات له‌یه‌ک به‌ره‌دا ئیشده‌که‌ن.. له‌و دۆخه‌دا به‌شێک لهریکلام هه‌وڵده‌دا راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ باسی داهێنانی نوخبه‌ی نویخواز بکا و هه‌وڵی بهدهسهڵاتبوونی بۆ ئه‌دا... نموونه‌ی مێژوویی حاڵی ئیستای ئێران و به‌ربه‌ره‌کانێی دووباڵی نه‌ریتی و رفۆرمخوازی ناو ده‌سه‌ڵاته.. ده‌بینین که هه‌رکام له‌و به‌رانه به شێوه‌ی خۆ ریکلام بۆ نوێخوازان و نه‌ریتخوازان ده‌که‌ن و به‌و بۆنه‌وه له ده‌رفه‌تێکی چه‌ند ساڵه‌دا باشترین گۆڤار و رۆژنامه و کتێب و شانۆنامه و فیلم و... بڵاوکرایه‌وه و ریکلامیشی بۆکرا و زۆرێ له هونه‌رمه‌ندانیش دۆخه‌که‌یان قۆزته‌وه و ... نموونه‌ی لای خۆشمان هاوکاتبوونی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپی ئازادی و ره‌هه‌ند(وه‌ک ره‌خنه‌گرانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و نویخوازانی بواری رووناکبیری و ئه‌ده‌ب) و هه‌ست به دموکراتیزهکردنی ده‌سه‌لاتی کوردییه له باشووری کوردستان، ده‌بینین که خه‌ڵاتی هه‌ردی له ده‌هه‌مین فستیواڵی گه‌لاوێژدا ده‌درێ به به‌ختیارعه‌لی(که‌سێک که هه‌موو نووسینه‌کانی لهرهخنهی توندوتیژدایه بۆسه‌ر ده‌سه‌لاتی کوردی) ئه‌مه‌ش هیچ له پله‌وپایه‌ی ده‌قه‌کانی به‌ختیارعه‌لی که‌م ناکاته‌وه و... ده‌بێته ریکلامێکی باشیش بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی زیده‌تر و خوێندنه‌وه‌ی زۆرتری ده‌قه‌کانی...
خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندلایه‌نه‌ی ده‌قی داهێنه‌رانه له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گران و ئاماده‌بوونی داهێنه‌ران لهبۆنهئهدهبی و هونه‌ریه‌کاندا و پێشکه‌شکردنی ده‌ق و ئاشناکردنی خوێنه‌ران به‌ده‌ق..ئه‌توانێ جۆرهریکلامێکی سهردهمانهشبێ(به‌تایبه‌ت سایت و وێنلاگه جیددییه‌کان بۆ ریکلامی هونه‌ر و ئه‌ده‌بی داهێنه‌رانه سوودبه‌خشن..)
18- رِهخنهگرانمان به ده‌ر له كارى خۆیان (ره‌خنه‌گر)یى، هاوكات (به‌دیل دۆزه‌ره‌وه)یشن، پێتوایه ئه‌م دووانه گه‌ره‌كیان به كه‌سى تایبه‌تمه‌ند و ئهكادێمیستى تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت؟ كه‌نگێ ده‌قى ئه‌ده‌بیى (ئه‌ڵته‌رناتیڤ) ده‌خوازێ؟
- سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر قوتابخانه‌یه‌کی هونه‌ری- ئه‌ده‌بی له‌راستیدا هه‌وڵێکه بۆ به‌دیل دۆزینه‌وه‌یه‌کی نوێتر له‌پانتای هۆنهریدا و به‌ده‌سه‌ڵاتکردنی زمانێکی دیکه و جیاواز.. پێویست ناکا حه‌تم هه‌وڵه‌که ئاکادمیک بێ. هه‌رچه‌ند له‌و وڵاتانه‌ی به سیسته‌مێکی کراوه راهاتوونه ئاکادمیا ئه‌توانێ پشتیوانی ئه‌و بهدهسهڵاتکردنه بێ و بیکاته سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌یی بۆ جیلی داهاتوو. به‌ڵام مێژووی هونه‌ر نیشانی داوه هه‌رکات بزووتنه‌وه‌یه‌کی هونه‌ریی سه‌قامگیربووه له‌ڕێوه جیلێکی دیکه سه‌ریهه‌ڵداوه و هه‌وڵی سازکردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی دیکهدراوه.. بڕواننه سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه و نوشستی بزووتنه‌وه هونه‌رییه‌کانی کلاسیسم و رێئالیسم تا رۆمانسی و سووررێئال وئاوانگارد و..
سه‌یر ئه‌وه‌یه دواجار هه‌موو ئه‌و قوتابخانانه دێنه‌وه ناو پێناسه‌ی هه‌مان دال ی سه‌رکیی هونه‌ر و سه‌رله‌نوێ ههوڵهکهبهردهوام ده‌بێته‌وه.. بڕواننه وتاری " دال ی شێعر، مه‌دلوولی خۆیه‌تی و به‌س"+
19- ئه‌و رِیگایانه كامانه‌ن كه‌وا ده‌بن به پردى په‌یوه‌ندیى قووڵى نێوان (نووسه‌ر - وه‌رگر)؟ بۆ ئه‌وه‌ى سێحرێكى ئاگاییانه بچه‌سپێنین له فیكرى خوێنه‌ردا تاكوو تێكه‌ڵبوون و هاومه‌ستییه‌كى رهگئاژۆیى بخولقێنین، ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه چین كه له‌وه‌ها كاتێكدا كۆمه‌كمان پێ ده‌به‌خشن؟
- پیش‌تر زۆرکه‌سان ره‌خنه‌یان به پردی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر پێناسه‌ده‌کرد و راستت ده‌وێ، من ئه‌و پێناسه‌یه‌م قه‌بووڵ نیه! من لام وایه ره‌خنه خوێندنهوهجیاوازهکانی خوێنه‌ر یان خوێنه‌رانی چالاکه له سه‌ر ده‌ق و هه‌رکام له‌و خوێندنه‌وانه بهراڤهیهک ده‌زانم به‌پێی وزه‌ی ناوه‌کی ده‌ق و میزانی زانست و پێشئاگایی و نائاگایی خوێنه‌ره‌که‌ی و هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ک مافی ئه‌وه‌ی نیه خۆی بهسهرخوێندنهوهکانی دیکه‌دا بسه‌پێنی و خۆی له‌وانی دیکه به سهرهکتر بزانێ و ... هه‌رچه‌ند هه‌مان چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌ق یارمه‌تی خوێنه‌رانی مامناوه‌ند و ئاساییدهدا که ده‌قه‌که کراوه‌تر ببینن و باشتری بخوێننه‌وه.. به‌ڵام ئه‌وه ناراسته‌وخۆیه و هیچکات ره‌خنه‌گر نابێ به‌و مه‌به‌سته‌وه ده‌قێک بخوێنێته‌وه که گوایه ئه‌یهه‌وێ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی نووسه‌ر بۆ که‌سانێکی دیکه(خوێنه‌رانی ناحاڵی!!) روونبکاته‌وه ... ئهوقازیقوزاتییه نه ده‌وری ماوه و نه باو.
20- پێتوایه هۆى داته‌پینى بناغه‌ى هه‌ر ده‌قێك، به‌شێكى بۆ ئه‌وه بگه‌ڕیته‌وه كه بوونیادى ده‌ق له مانا داخراوه‌كانه‌وه سه‌رچاوه بگری؟ به واتایه‌كى تر؛ بۆ ئه‌وه‌ى پێكهاته‌ى ده‌ق بپارێزین له كاڵَگهرایى و بوونى كاتیى، گه‌ره‌كه داواى كۆمه‌ك له چیی بكه‌ین، تا وه‌كوو فریادڕه‌سێك به هانای ده‌قه‌وه بێ، هاوكات ته‌مى عه‌ده‌مییه‌ت و مه‌رگی ده‌ق له گۆڕێ‌دا نه‌مێنن به‌شیوه‌یه‌كی ئاگایی تۆوى مانا بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ نێو ده‌ق، تا به هۆى ئه‌م تۆوه وه رووبه‌رووى (مانای كراوه)ی ده‌ق ببینه‌وه؟
- من لام وایه ئه‌وه ماناکان نین که داخراون، به‌ڵکوو چۆنیه‌تی ئیش‌کردن بهماناکانن که زۆرجار ده‌رکه له‌رووی ماناکان داده‌خه‌ن؛ متۆد یان رێسا و سیسته‌می گهمهزمانییهکانن که ئه‌توانن "دال"گه‌لێکی گشتی وه‌ک ژیان، مه‌رگ، ئه‌شق،جیهان، خه‌بات، ئازایه‌تی و خیانه‌ت و... به‌کراوه‌یی یان داخراوه‌یی بنوێنن.. ئه‌گینا ساڵه‌هایه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر خه‌ریکی نواندنه‌وه‌ی ئه‌شقه و حافز(شاعیری فارس)گوته‌نی؛ له هه‌ر زمانێکه‌وه ئهیبیستمهوه دووپاتنهکراوهیه.. +++
ئینجا ئه‌وه وزه‌کانی ناو ده‌قه که له‌خوێندنه‌وه‌ی په‌یتاپه‌یتادا ئاپده‌یت(به‌رۆژ) ده‌بێته‌وه و له‌بوونی کاتیی ده‌یپه‌ڕێنێته‌وه .. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر دیسانه‌وه ده‌ق و به‌رهه‌م تێکه‌ڵ نه‌که‌ین!
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ده‌ق خۆی هه‌ڵگری ئه‌و تۆوه‌یه که قه‌قنه‌س ئاسا له خۆڵه‌مێشی ناوئاگرهکهی خۆیدا سه‌رله‌نوێ ده‌ژیێته‌وه و به‌س پێویستی به خوێندنه‌وه هه‌یه وه‌ک یارمه‌تی، که هه‌ڵبه‌ت وه‌ک جه‌نابت ئاگاداری ئه‌و خوێندنه‌وه‌ش ده‌ره‌کی نیه بۆوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ری چاڵاک پشتئه‌ستووره به‌هه‌مان وزه‌ی ده‌ق ...
21- ئه‌گه‌ر به وردیی سه‌رنج له رۆمانه كوردییه‌كان بده‌ین، ده‌بینین به‌شی زۆری كارئه‌كته‌ر و پاڵه‌وانه‌كانیان ئه‌فسانه‌یی و سوپهرمانیین. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی رامانه ئه‌مه‌یه: بۆچی زینده‌وه‌ران و سروشت تا ئاستێكی باش ته‌وزیف نه‌كراون له‌نیو ئه‌م ژانره فره‌ڕه‌هه‌نده‌دا؟
- رۆمانهکوردییهکان شتێکی گشتی نین که پێکه‌وه له مه‌نجه‌ڵێکدا بیانکوڵینین.. ئه‌م به‌گشتی بینینه(یان به‌گشتی خوێندنه‌وه) هه‌مان متۆدی داخراوه که نه‌ک هه‌ر یارمه‌تی ده‌ق نادا بۆ خۆنواندنی ئاوه‌ڵاتر به‌ڵکوو له‌ژێر قورسایی به‌رهه‌مدا ده‌یخنکێنێ. زۆر رۆمانی کوردیمان راسته‌وخۆ پرژاونه‌ته سه‌ر مرۆڤ و سروشت و هه‌نی له رۆمان و نۆڤلێت نووسانی جیلی نوێ هه‌وڵیانداوه فه‌نتازیا و هیزی خه‌یاڵینی مروڤ زێده‌تر به‌رجه‌سته بکه‌نه‌وه.. که‌ئه‌وه‌ش به‌له‌ونێ هه‌مان په‌رژانه‌سه‌ر مرۆڤه له گۆشه‌نیگایه‌کی دیکه‌وه.. کێ ده‌توانێ بڵێ 'دواهه‌مین هه‌ناری دنیا" یان " له‌سه‌رباران ده‌نووسم" یان" پێده‌شتی کارمامزه کوژراوه‌کان" و "باڵنده‌کانی ده‌م با" نه‌پرژاونه‌ته سه‌ر مرۆڤ و سروشت؟؟؟
22- رۆماننووسه كورده‌كان تا چه‌ند توانیویانه له سایه‌ی گێڕانه‌وه‌دا كه‌ڵك له زمان وه‌ربگرن؟
- هێندنیه(وه‌ک زه‌مه‌ن) رووناکبیرانی کورد به شێوه‌ی جیددی رۆمان ده‌نووسن، به‌وحاڵه‌ش من لام وایه باشترین که‌ڵکیان وه‌رگرتووه له‌سیسته‌مه‌کانی گێڕانه‌وه و هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگای به‌جێ و کات- شوێن ی ته‌با و که‌س و رووداو و...
بڕواننه سیسته‌می گێڕانه‌وه له "باڵنده‌کانی ده‌م با"دا؛ چیرۆکنووسێک ژیانی جیرۆکنووسێکیتر ده‌نووسێ که ئه‌ویش خه‌ریکی نووسینی چیرۆکێکی تره له‌مه‌ڕ چیرۆک‌نووس یان هونه‌رمه‌ندێکی تر و... ئه‌م گێڕانه‌وه له‌ناو گێڕانه‌وه‌دا به‌ڕاستی ئه‌وپه‌ڕی یه‌کگرتنه‌وه‌ی فۆرم و ناوه‌رۆکه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا... یان له دواهه‌مین ههناریدنیادا هه‌ر سێ من( لید و ئێگۆ و سووپێرئێگۆ) ی ناخی مروڤ وه‌ک سێ که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ دێنه ناو سیسته‌مه‌کانی گێڕانه‌وه.. یان که‌ڵکوه‌رگرتن له زمانی بهیتهکانمان له "پێده‌شتی کارمامزهکوژراوهکان"داسیستهمێکی ره‌وایه‌تی – ستاتیکی ی خولقاندوه و جێی سه‌رنجه.. نموونه زۆره: بڕواننه هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگای ره‌سم و وینه له "له‌سه‌رباران ده‌نووسم" و که‌ڵکوه‌رگرتن له شێوه گێڕانه‌وه‌ی ریالیسمی جادوویی له شاری مۆسیقاره سپیه‌کان و و به‌کارهێنانی زمانی ئرۆتیکی له "بیربا"دا و ... ئه‌م یاریگه‌له له‌ناو سیسته‌می نیشانه‌یی زماندا دێنهگهر و دڵنیام زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کا..
23- زۆر له چیرۆكنووسان روانینیان وه‌هایه كه ژانری چیرۆك پلیكانه‌ی یه‌كه‌مه، مه‌رجه بیبڕی، دوای ئه‌وه نۆڤلێت دێ، دواجاریش رۆمان. ئه‌و هاوكێشه پله‌داره چۆن ده‌بینی؟
- به‌گشتی ئه‌ده‌ب ناچێته ژێرباری هیچ ئه‌بێ و نهبێیهکهوه و ئه‌و مه‌رجه‌ی ئه‌مرۆ قهبووڵیدهکا ره‌نگه سبه‌ینێ ره‌فزی بکاته‌وه.. چیرۆک و رۆمان هه‌رکام له هه‌وڵی قوازتنه‌وه‌ی سات یان ساتگه‌لێکی ژیانی تاک و کۆی مرۆڤدان و مه‌رجی سه‌ره‌کی نیه هه‌موو چیرۆک‌نووسان ببنه رۆماننووس.. هه‌رچه‌ند پشوودرێژی زۆرێ لهچیرۆکنووسان ئه‌نجام نۆڤلێت و دواتر رۆمانی لێکه‌وتۆته‌وه.. ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ که چیرۆکێکی ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌د رۆمانی لاواز دێنێ.. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ره‌خنه‌گر به بست ده‌ق ناپێوێ و رۆماننووس له‌خۆڕا له چیرۆک‌نووس به سه‌رتر یان خوارتر ده‌ستنیشان ناکا...ئه‌وه گرینگه.. نه‌ک ره‌وتی پلیکانه‌یی و ناپلیکانهیی..
24- نووسه‌ران هه‌میشه له سه‌فه‌رێكدان له‌گه‌ڵ خۆیان و له‌گه‌ڵ دنیادا، ئاخۆ ئێوه له‌و سه‌فه‌ره‌تاندا گه‌یشتوونه‌ته كوێ؟
- سه‌فه‌ری من له‌گه‌ڵ دنیادا زۆری نه‌خایاند و هه‌ر له گه‌نجێتییه‌وه زیندان کرام، له مامۆستایی ده‌رکرام و بێکاریی و کرێکاریی و نه‌گبه‌تی ژیان و...
به‌ڵام له‌سه‌فه‌ری له‌گه‌ڵ خۆمدا، باشم پێکردوه و به‌رده‌وام خوێندوومه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵیان چوومه‌ته وڵاتانی؛"سه‌مفۆنیا"،" دیاری"،"هه‌زاردیوانی که‌ڵه‌گه‌ت له‌پرسه‌دا" درۆ موقه‌دده‌سه‌کان"،"شێعره‌سات"،"به‌ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌کانی عاله‌م"،"وه‌همه‌کانی ئه‌شق و تابۆکانی ده‌مامک" حه‌بێکی هه‌نگوینی داده‌نێی مه‌ترسه" و ئێستا تازه گه‌یشتوومه‌ته " تۆمنترین درۆ.. منتۆترین ده‌مامک؛
له‌م 23 نه‌گبه‌ته‌دا
...................... له سه‌رووتانه‌وه هێلکه‌م
ته‌مه‌نێک
به‌ره‌ودوا خزیوه
چ سه‌رسامم به‌و ناحه‌زانه‌وه
که چ شیرینن تا....
..................... من
بڕوا، چ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی حیزه!
له‌م شه‌رابه قاوه‌ییه‌ی تۆدا
،،،،، شلهف له‌باتی شه‌ره‌ف........
=======
1- مه‌لای جه‌زیری
2- نالی
++ ئه‌و وتاره له کتێبی "له‌ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا" بڵاو بۆته‌وه و له وێبلاگهکهشمدا هه‌یه و خوێنه‌رانی به‌رێز ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ ده‌توانن بیخوێننه‌وه؛
+++ یک قصه بیش نیست غم عشق و زین عجب... از هر زبان که می شنوم نامکرراست
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home