Saturday, March 21, 2009

نه‌ورۆز









نوێڕۆژ و ژیانه‌وتان لێ پیرۆز گه‌لی دۆست و براده‌رینه‌!


ساڵه‌هایه‌ ساڵ ده‌گۆڕدرێ و مرۆڤی به‌ هیچ یۆتۆپیایه‌ک نه‌گه‌یشتوو به‌رده‌وام خه‌ونی ‌ئامانجێکی دی و ئامانجشارێکی دی په‌روه‌رده‌ده‌کا و تا ساڵی دیسان داهاتوو به‌و ئاواتانه‌وه‌ سه‌رده‌نێنه‌وه‌ و چ بێعاره‌ ئه‌م مرۆڤه‌ نه‌گبه‌ته‌ ئازایه‌ و چ دڵی شێرێکیان هه‌یه‌ له‌م مه‌زلوومستانه‌ جه‌نگه‌ڵه‌ پڕ له‌یاسای بێیاساییه‌دا... من نامهه‌وێ به‌م "قه‌ڵه‌مه‌ ملباریکه"‌م ئاواته‌کانی ئه‌وان زامارکه‌م و ناشمهه‌وێ وه‌ک ئه‌وان خه‌و به‌خه‌رمانی بابردوه‌وه‌ ببینم و سه‌ری ساڵ کاسه ‌هه‌مان دێزه‌ و دیزه‌ هه‌مان شکسته‌ بهۆنمه‌وه‌... ناشمهه‌وێ تاکێتی هه‌موویان بسڕمه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ له‌ چێشتی "ئێمه"‌دا لێیاننێم.. هه‌ر بۆیه‌ ئێوه‌ به‌ خوا و ئاواته‌کانتان ئه‌سپێرم و له‌ خۆم و هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵ ته‌قه‌لاکانی خۆم ئه‌دوێم و ناشیانده‌م به‌ سپه‌ری ئازادی تۆ و ئه‌ویدیدا(خواعافوویکا په‌رییه‌کی باڵ نه‌خشین بوو و من له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجێتیمدا زۆرم پێدا هه‌ڵگووت..)


ساڵی پێشوو بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ "ته‌وار"ێکی پێ زیادبوو و ناوه‌که‌ی خوابیانگرێ وه‌به‌ر مقه‌ستی ناوگه‌لی قاچاخ که‌وت و بوو به‌"سه‌ما" و خاڵۆزای "باران"....... منیش پێم نایه‌ نێو نیو سه‌ده‌ ته‌مه‌نی قۆڕ .. و خه‌می ئه‌گه‌ره‌کانی ژیانی نه‌وه‌یه‌کی دیکه‌شم پێ زیاد بوو.. و کورد گوته‌نی "گوڵۆڵه‌م له‌ هیچه‌ که‌وته‌ لێژی" و هه‌ستی ته‌نیاو ته‌نیاترینم گه‌شه‌ی کرد و که‌مترین ره‌فیقی نوێم ده‌ست که‌وت و زۆرترین یادداشت و دیمانه‌م ئه‌نجامدا و به‌ خۆشییه‌وه‌(!!) کتێبێکی دیکه‌م "له‌ ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا"چاپ بوو.(ده‌ستی چاپی"هه‌نار" و محه‌مه‌د کوردۆ (و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ی یارمه‌تی ئه‌و بڵاووبوونه‌وه‌یاندا) خۆشبێ و به‌رده‌وام بن له‌و خزمه‌تانه‌یان به‌ ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی کوردی و هیوادارم بۆخۆم لانی که‌م چاوم به‌ به‌رگێکی بکه‌وێ... وێبلۆگه‌کانم ده‌یان پرسیاریان وه‌ڵام دایه‌وه‌ و به‌ پێی توانا وتاره‌کورته‌کانمیان نوانده‌وه‌ و له‌ دیالۆگی نابه‌رابه‌ری جیهانی دیجیتاڵدا چالاک بوون و هاوکاریی چه‌ن ماڵپه‌ریی دیکه‌شیان کرد... به‌شداریی چه‌ند دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بووم و وتار و سوخه‌نڕانیم ئاراسته‌کرد... " منتوترین درۆ.. تۆمنترین ده‌مامک" وه‌ک دیوانێکی شێعری له‌کۆتاییدایه‌ و ... چه‌ند خوێندنه‌وه‌ی "په‌ڕه‌سیلکه‌کانی کۆچ"و "گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌" و به‌ڕێوه‌بردنی کارگای چیرۆکی شه‌وار بۆ ماوه‌یه‌ک و.... به‌کورتی کاتێ ئاوڕ له‌ پاره‌که‌م ئه‌ده‌مه‌وه‌: که‌مکار نه‌بوومه‌ .. به‌س وه‌ک ساڵان ‌ شاعیری بێ دیوان مامه‌وه‌ و ... خه‌ونی چاپی دیوانه‌ شێعرییه‌کانیش با بمێنێ بۆ ساڵێکی تر.. به‌و ئاواته‌وه‌...

دیسان‌ سه‌ری ساڵی تازه‌ و جێژنی نه‌ورۆزتان پیرۆز!

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home