گۆڤاری سر‌وه و..
هه‌ڵس و که‌وتی گۆڤاری سر‌وه له وتوێژێک له گه‌ڵ ساڵح سووزه‌نی دا
ئاماده‌کردنی؛ ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پوور ، سەلاحەدین بایەزیدی
رۆڵی گۆڤاری سر‌وه له زیندووکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا چۆن ده‌نرخێنی؟
- گۆڤاری سر‌وه له چوار قۆناغی بڵاوکردنه‌وه‌ی خۆیدا، رۆڵی تایبه‌تی گێڕا؛
1- له سه‌ره‌تاکانی بڵاوکردنه‌وه‌ی خۆیدا، گۆڤاری سر‌وه و به‌گشتی ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی(انتشارات صلاح ا‌لدین ایوبی) رێفۆرمێکی سیاسی بوو له ئه‌نجامی چه‌ندین ساڵ هه‌وڵ و ته‌قه‌لاو و خه‌باتی بێوچانی گه‌لی کورد له کوردستانی ئیران و به‌تایبه‌ت کاتێ له‌سه‌رده‌ستی به‌ڕێز مامۆستا هێمن(شاعیرێی ناسراو لای گه‌ل ) هاته وه‌شاندن، له‌راستیدا دایسانی مۆمێک بوو له تاریکی چه‌ندین و چه‌ندسه‌دساڵه‌دا و....
2- له ره‌وتی ئاڵ و گۆڕخوازیی گه‌لانی ئێران‌دا، جم و جووڵی رۆژنامه‌گه‌ریی گه‌شه‌ده‌کا و سروه‌ش له تاقانه‌یی ده‌ردێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه به هه‌ر بۆنه‌یه‌که‌وه پێشڕه‌وبوونی خۆی له‌ده‌ست ئه‌داو ده‌که‌وێته پاتکردنه‌وه‌ی خۆی و بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌بێته گۆڤارێک که به‌س ده‌بێ بڵاو ببێته و ده‌ورێکی ئه‌وتۆی له گه‌شه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی (چ وه‌ک بابه‌ت و ناوه‌رۆک و چ وه‌ک فۆرم و بیچم) کوردی‌دا نامێنێ و ...
3- به‌شی ره‌خنه‌ی نوێ (رچه ) هه‌وڵ ئه‌دا ئاڵ و گۆرێکی بنه‌ڕه‌تی تێدا سازبکا و به هاوکارێ زۆربه‌ی نوێخوازانی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی کوردستان سه‌ره‌تایه‌کی نوێ دێته پانتای نوێخوازییه‌وه و دواتر هه‌موو به‌شه‌کانی سر‌وه، واته به‌شی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تییش ده‌گرێته‌وه و ده‌بێته پێشڕه‌وترین گۆڤاریی ئه‌ده‌بی ره‌خنه‌یی و ئاوێنه‌ی باڵانوێنی نوێخوازیی و...
4- نوێخوازان پێکه‌وه سر‌وه به‌جێ دێڵن و سه‌رله‌نوێ سر‌وه ده‌بێته گۆڤارێک که به‌س ده‌بێ بڵاو ببێته‌وه و ....
- هه‌ر وه‌ک ده‌زانن سر‌وه یادگاریی مامۆستا هێمنه ، به‌ڵام مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا چه‌ند ژماره‌یه‌ک زێده‌تر ببینێ، گه‌لۆ سروه‌ی دوای هێمن، خه‌ونه‌کانی هێمنی به‌دی هێنا؟
- راسته سر‌وه له‌سه‌رده‌ستی مامۆستاهێمن و ته‌عاموڵ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به دوو ئامانجی ره‌نگه دژ به یه‌ک بڵاوکرایه‌وه ،(لایه‌ک بۆ فێرکردن و بارهێنان و گه‌شه‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌ب و کو‌لتووریی نه‌ته‌وه‌یی و لایه‌ک بۆ پروپاگانده‌ی سیاسی و ...) به‌ڵام من وه‌ک دامه‌زرێنه‌ریی به‌شیی نوێخوازی(رچه) له‌و گۆڤاره‌دا، حه‌ز ناکه‌م گۆڤاریی سر‌وه به ناویی که‌سایه‌تییه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنم، له گه‌ڵ هه‌موو رێزمدا بۆ مامۆستا هێمن و ده‌قی هێمن( کاتی خۆی زۆرم له‌سه‌ر نووسیوه و پێویست ناکا دووپاتی بکه‌مه‌وه) من لام وایه سر‌وه یادگاریی ده‌قی نووسراوی له‌چاپدراوی بیست و پێنج ساڵی شاعیران و نووسه‌رانی کورده له بڕگه‌گه‌ل جیاوازیی رۆژنامه‌گه‌ریی خۆیدا، به به‌رز و نزمیی و هه‌ڵس و که‌وتی تایبه‌تیی خۆیه‌وه . خه‌ونه‌کانی هێمنیش وه‌ک خه‌ونی هه‌موو مروڤێک له ره‌وتی زه‌مه‌ن دا ده‌گوڕدرا و ره‌نگه رووناکیی و تاریکیی و ته‌م و مژیی زۆریی به‌سه‌رهاتبێ.. بۆ وێنه چاوێک له تاریک و روون بکه‌ن و خولیای به‌ئامانجگه‌یشتنی کۆماری کوردستان له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کاندا ب‌بینن، به‌ڵام هه‌مان خولیا له ناڵه‌ی جودایی دا کاڵتر بۆته‌وه و گرینگی‌دان به جوانناسیی وشه و زمان تیایدا به‌رجه‌سته‌تره.. له ساڵانی دوایی دا ئامانجی مامۆستا هێمن سه‌قامگیرکردن و به‌ده‌سه‌ڵات کردنی زمانی کوردی بوو و هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌شه‌وه زۆری تانه و ته‌شه‌ر ته‌حه‌موڵ کرد و سروه‌ی هێنایه به‌ر... که‌وایه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست خه‌ونه سیاسیه‌کانی مامۆستا هێمنه که به‌داخه‌وه زۆریی ماوه بۆ وه‌دیهاتنی.. و ئه‌گه‌ر خه‌ونی به‌ده‌سه‌ڵاتکردن و سه‌قامگیرکردن و فێرکردن و په‌روه‌رده‌ی شاعیران و نووسه‌رانی کورده.. ئه‌وه من لام وایه سر‌وه له قۆناغی سێهه‌مدا له خه‌ونه‌کانی مامۆستا هێمنیشی تێپه‌ڕاند.
گۆڤاری سر‌وه تا چه‌ند توانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ویست و داخوازیی چینی رۆشنبیر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی کوردستان بێ؟
- به‌پێی پشت به‌ستن به ده‌ق و ناوه ناسراوه‌کانی ئه‌وکات و ئێستای رووناکبیرانی کوردستانی ئێران، له قۆناخی یه‌که‌م و سێهه‌مدا سر‌وه زمانی به‌ربه‌ستکراویی زۆرینه‌ی قه‌ڵه‌م به ده‌ستان و رۆشنبیرانی کوردستانی ئێران بووه له بواری ئه‌ده‌بی، کولتووری، ره‌خنه‌یی دا. مه‌به‌ستم زۆرینه‌ی ئه‌و قه‌ڵه‌م به ده‌ستانه‌یه که تا ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان له ئێران بوونه. که‌سی وا ناناسم که له بڕگه‌یه‌کی کاتی‌دا به‌رهه‌می له سروه‌دا بڵاو نه‌کردبێته‌وه.. له خاله مین و حه‌قیقی یه‌وه تا ره‌خنه‌گرانی نوێخواز.. به‌له‌ونێ هاوکاریی سروه‌یان کردوه. به‌و حاڵه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌ی رۆشنبیران و قه‌ڵه‌م به ده‌ستان به‌س لایه‌نێکی گۆڤاریی سر‌وه بوونه و لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسانی حکوومه‌تی بوون( ته‌نانه‌ت ئه‌و کات که نوێخوازان نه وه‌ک مووچه‌خۆر و له ناو دایه‌ره‌ی سروه‌دا له ورمێ، به‌ڵکوو به‌پێێ قه‌رارداد و له ده‌ره‌وه‌ی دایه‌ره‌ی سر‌وه کاریان بۆ ده‌کرد) ، هه‌رگیز ئه‌وه‌نده‌ی پێویست نه‌یتوانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ویست و داخوازیی توێژی رۆشنبیری کوردستان بێ. بۆ وه‌ی دوو گوتاریی زاڵی بواریی رۆشنبیریی له کوردستان، واته گوتارگه‌ل چه‌پ و نه‌ته‌وه‌خوازیی له سروه‌دا مه‌ودای بڵاوکردنه‌وه‌ی نه‌بوو.
- قۆناغی گه‌شه‌ی سر‌وه یان لووتکه‌ی ئه‌و گۆڤاره به‌رای ئێوه چ قۆناغێکه؟
- راسته سر‌وه له قۆناغی یه‌که‌مدا به هۆی تاقانه‌یی و هه‌وڵدان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی و بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌نێ کتێب و فستیواڵگه‌ل ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا زۆرکه‌سی به ده‌ور خۆیه‌وه کۆکرده‌وه و بوو به گۆڤارێکی جه‌ماوه‌ریی، به‌ڵام له راستیدا له بواریی رۆژنامه‌گه‌ریی و بابه‌ت و ته‌خه‌سوسی بووندا، سر‌وه به‌س له قۆناخی سێهه‌مدا به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌ڵ به‌ڕۆژ له بواری ئه‌ده‌ب و ره‌خنه و کۆکردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی نوێخوازان و رووناکبیران و دامه‌زراندنی دیالۆگی ره‌خنه‌یی له‌گه‌ڵ نه‌ریتخوازان(سه‌له‌فیه‌تی ئه‌ده‌بی ئه‌وکات) و بڵاوکردنه‌وه‌ی دیمانه‌گه‌لی بابه‌تیی و... بوو به یه‌کێ له ده‌وڵه‌مه‌ندترین گۆڤاره‌کانی کوردی. له‌و قۆناغه‌دا بوو که ره‌خنه‌ی نوێی کوردی به مانای خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م (نه‌ک وه‌ک حوکمدانی قازیقوزاتانه له سه‌ر ده‌ق) که‌وته گه‌شه و سه‌قامگیر بوون.
- گرینگ‌ترین خاڵه لاوازه‌کانی سر‌وه کامانه‌ن؟
- ئه‌لف، سر‌وه گۆڤارێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو و ده‌بوایه توانا و ته‌حه‌موڵی کاک ئه‌حمه‌د ئاسات هه‌بوایه بۆ به‌رده‌وام بوون و بلاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی که نه‌خوازه‌ڵا گومانی به‌رپرسانی له‌سه‌ر هه‌بوایه.. سه‌یر ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام شێعر وبابه‌ته‌کانی منی نه‌گبه‌ت(به قسه‌ی به‌ڕێزان کاک ئه‌حمه‌د و جه‌ڵال مه‌له‌کشا و مارفی جوانه‌مه‌رگ و.. ئه‌وکات به‌رده‌وام له‌ژێر ئه‌و گومانه‌دا بوو و له ده‌یان ره‌نگه یه‌ک بڵاو ده‌کرایه‌وه.. له بیرمه ساڵی ..69 13به‌شی دووهه‌می وتاریی "هه‌ڵسه‌نگاندنی شێعری شاعیران" که‌وته به‌ر ئه‌و گومانه و باوه‌کوو تا "صفحه‌آرایی"ش چووبوو، که‌وته‌به‌ر په‌لاماریی مقه‌ست و مارفی جوانه‌مه‌رگ هه‌ر به‌و لاپه‌ڕانه‌وه(ئاماده‌ی جاپ) بۆی ناردمه‌وه!! و ئیستاش ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی سروه‌م لاماوه... به‌شی یه‌که‌می وتاره‌که پیش‌تر له‌ژماره‌ی 53ی سر‌وه له 7 لاپه‌ڕه‌دا بلاوببۆوه و به‌راستی ده‌ستپێکی ره‌خنه‌ی زانستی بوو له‌و کاته‌دا.
ب؛ سر‌وه گۆڤارێکی تایبه‌تمه‌ند نه‌بوو و له چێشتی مجێو‌ر ده‌چوو(له قۆناغی سێهه‌مدا به‌تایبه‌ت کاتێک هه‌موو به‌شه‌کانی سر‌وه که‌وته ده‌ست نوێخوازان ئه‌و لاوازییه نابینرێ)
ج؛ وه‌رگێڕانی هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان به زمانی فارسی( به‌س بۆ چاودێریی کردن نه‌ک بۆ بلاوکردنه‌وه و پێوه‌ندی کو‌لتووریی) ناحه‌زترین کار بوو که دواتر به‌شی نوێخواز خۆی لێ دزیه‌وه و ئه‌و ئه‌رکه‌ی خسته ئه‌ستۆی خودی به‌رپرسان...
- ماوه‌یه‌ک له گۆڤاریی سر‌وه هه‌وڵدرا بۆ نوێبوونه‌وه له ڕووی فۆرم و ناوه‌رۆکه‌وه و گفتوگۆیه‌کی باش دروست بو و گفتوگۆکان ته‌نانه‌ت ته‌شه‌نه‌یان سه‌ند بۆ ناو روناکبیرانی ده‌ره‌وه‌ی سروه‌ش. به‌ڵام ئه‌و گفتوگۆیانه نه‌که‌وته واری کردارییه‌وه، به‌ڕای ئێوه کۆسپه‌کانی به‌رده‌م نوێبوونه‌وه‌ی گۆڤاریی سر‌وه چی بوو؟
ساڵی 1379 له کۆره‌یادێک بۆ مارفی جوانه‌مه‌رگ (له شنۆ) که به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی قازیی و هه‌نێ له‌به‌رپرسانی سروه‌ش ئه‌وکات له‌وێ بوون، من به‌رله ده‌ستپێکردنی وتاره‌که‌م رامگه‌یاند که؛ بریا به‌رپرسانی سر‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی مارف دوای مه‌رگ به‌رنه ئاسمان.. ده‌فته‌ریی شێعره‌کانیان بۆ جاپ بکردایه و... هه‌نێ ره‌خنه‌ی دیکه.. دوای ئه‌وه کاک ئه‌حمه‌د پێی گوتم که ئه‌و ره‌خنانه ئێمه ناگرێته‌وه و باش وایه له نامه‌یه‌کدا هه‌موو ره‌خنه‌کان ئاراسته‌ی به‌رپرسانی سه‌ره‌وه!! بکه‌ی... و چه‌ند رۆژ دوای ئه‌وه من له نامه‌یه‌کدا بۆ سر‌وه رامگه‌یاند که سر‌وه دواکه‌وتووه و پێویسته نوێبکرێته‌وه و... هه‌مان ساڵ من بانگهێشت کرام بۆ سر‌وه و دوای گفتوگۆ و مه‌رج و شرووتی هه‌ردوو لا بڕیار درا من 12 لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و گۆڤاره به‌و چه‌شنه‌ی خۆم له نوێکردنه‌وه‌دا به‌سه‌ڵاحی ده‌زانم و ته‌نانه‌ت به ناوێکه‌وه که نوێخوازان هه‌ڵیده‌بژێرن (من "رچه"م هه‌ڵبژارد) وه‌ئه‌ستۆ بگرم و له ژماره‌ی 171ه‌وه به‌م دیڕانه‌ی خواره‌وه و وتاریی پڕ له هه‌ڵه‌ی چاپیی!!"ئپیستمۆلۆژیای شێعریی کوردی" رچه ده‌ست به‌کار بوو؛
" با بچینه ناو ده‌قه‌کانه‌وه و به چاوێکی تر بیانخوێنینه‌وه. به‌شی"ره‌خنه‌ی نوێ" له‌مه به‌دوا، به پێی ویستی زه‌مه‌ن و ئاستی رۆشنبیریی وڵاته‌که‌مان، ئه‌یه‌وێ له سروه‌دا ده‌لاقه‌یه‌کی نوێ بکاته‌وه به‌ره‌و زمان وه‌ک سیسته‌مێکی نیشانه(نیشانه‌ناسی) و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ له روانگه جۆراوجۆره‌کانی"فنۆمنۆلۆژیا"(دیارده‌ناسی)، پێکهاته‌خوازیی، پێکهاته شکێنی و چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌کی تر له‌سه‌ر کێشه‌کانی سوننه‌ت، مودێرنه و پۆست مودێرن له ئه‌ده‌بی کورده‌واریی و جیهانیدا.... ئه‌م ئه‌رکه‌ش به بێ یارمه‌تیدانی ئه‌دیبان و رۆشنبیرانی نوێخوازیی کورد له کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌سته‌مه... ده‌ستی یارمه‌تیمان بگرن و ئاستی رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بی کورده‌واریی به‌رنه سه‌ره‌وه! ره‌خنه‌ی نوێ هه‌ر پێداویستییه‌کی داسه‌پاو نیه... ده‌سه‌ڵاتێکی تری زمانییه که ده‌بێ شی بکرێته‌وه .. بونیاد بنرێ و بشکێنرێته‌وه... تاکوێ نازانم. با "رچه" ناوی ته‌وه‌ره‌که بێ. چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌مه به‌نرخه‌کانتانین!
به خۆشیه‌وه بانگه‌وازه‌که باشی پێکا و هێند پێ نه‌چوو وتاری باشمان به‌ده‌ست گه‌یشت... پشتیوانی کردنی رێزداران ئه‌حمه‌دقازیی، ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده، یوونس ره‌زایی، عه‌بدولخالق یه‌عقووبی و.... گۆمه مه‌نده‌که‌ی شله‌قاند و رچه و دواتر به‌شی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تیشی گرته‌وه... وتارگه‌ل قه‌به بڵاوکرایه‌وه که تا ئه‌و کات هیچ گۆڤارێکی کوردی به‌خۆیه‌وه نه‌دیبوو، گفتگۆگه‌ل و شه‌ره‌قه‌ڵه‌مگه‌لێک له‌سه‌ر نه‌ریت و مودێرن سازکرا که بێ وێنه‌بوون.. کتێبگه‌لێک بڵاو بوونه‌وه که ئێستاش باشترین خوێندنه‌وه‌کانی سه‌رده‌من... بڕواننه "پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی" (خوێندنه‌وه‌ی پێکهاته‌خوازانه‌ی به‌ڕێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده له سه‌ر به‌یتی کوردی)،" تیشکی بلوورینی ده‌ق" ی به‌رێز عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، "له‌ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا" و "نالی و خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م"ی ئه‌م قه‌ڵه‌مه و ده‌یان شێعر و چیرۆک و خوێندنه‌وه‌ی نوێ و جیاواز له شاعیران و نووسه‌رانی جیاواز و نوێترخواز.... چاوێک له ژماره‌کانی ئه‌و ساڵانه‌ی سر‌وه بکه‌ن و کاردانه‌وه‌ی ئه‌و باسانه ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ببیننه‌وه و ئه‌وسا ده‌زانن ئه‌و "رچه" یه‌ی ئه‌و ساڵانه کرایه‌وه ئیستا چۆن بۆته رێگا و ته‌نانه‌ت پانه‌رێ.. ئێستا ئیتر که‌م نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستمان هه‌یه ئاشنای "زمان ناسی و نیشانه‌ناسی و فورمالیسم و پێکهاته‌خوازیی و پێکهاته‌هه‌ڵوه‌شێنی و فمێنیسم و به‌گشتی خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م نه‌بێ... ئه‌وه هاتنه‌کردار نیه؟ ئه‌ی چیه؟ "رجه" به هه‌موو که‌م ئه‌زموونی و په‌له‌کاریی و لاوازیه‌کانی ئه‌وکاتیه‌وه، ده‌هۆڵێک بوو که دڵنیام ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵ ده‌نگه‌که‌ی به‌هێزتر ده‌بێ....
به‌ڵام کۆسپه‌کانی به‌رده‌م ئه‌و نوێکردنه‌وه‌یه تا سه‌ر، وه‌ک هه‌میشه گه‌ڕایه‌وه سه‌ر به‌رپرسانی سه‌ره‌وه!!ی سر‌وه. وه‌ک ئاماژه‌م کرد ئێمه به مه‌رجی خۆمانه‌وه و به "قرارداد" به‌شه‌کانی سروه‌مان وه‌ئه‌ستۆ گرتبوو و یه‌کێک له‌و مه‌رجانه‌ش ده‌ست تێوه‌رنه‌دانی بابه‌ته‌کانمان بوو له‌کاتی بڵاوکردنه‌وه‌دا، ئێمه به پێچه‌وانه‌ی جارانی سر‌وه بۆخۆمان بابه‌تمان وه‌رده‌گرت و خۆمان بڕیارمان له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت ده‌دا، مانگی رۆژێک ده‌چووینه ورمێ و به تایپی بابه‌ته‌کاندا ده‌چووینه‌وه و ده‌هاتینه‌وه و دواجار به‌ڕێز ئوونس ره‌زایی ئاماده‌بوو ئه‌وکاره‌ش (واته پیتچنین و رازانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه و ...تاد. گۆڤاره‌که وه ئه‌ستۆی خۆی خا و به‌رپرسان له راستیدا به‌س ژماره‌یه‌ک گۆڤاری ئاماده‌یان چاوپێده‌که‌وت.. دیاره ئه‌وه بۆ به‌رپرسان خۆش نه‌بوو و سه‌ره‌تا ده‌ستێوه‌ردانی به‌شی ئه‌ده‌بیان کرد که ئه‌وکات به‌رپرسه‌که‌ی به‌رێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده بوو.. کاک ره‌هبه‌ر خێرا ناڕه‌زایه‌تی خۆی به شێوه‌ی"استعفا"(کشانه‌وه له کار) ده‌ربڕی و .. من و کاک یوونسیش وا رێکه‌وتین که ئه‌گه‌ر کاک ره‌هبه‌ر نه‌گه‌ڕێته‌وه، ئێمه‌ش ئیتر هیچ بابه‌تێکیان پێ نه‌ده‌ین... به‌ڵام ره‌هبه‌ر سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که نه‌گه‌ڕێته‌وه و وای به سه‌ڵاح زانی که له بری ئه‌و به‌ڕێز عه‌بدولخاله‌ق به‌شی ئه‌ده‌بی وه‌ئه‌ستۆ بگرێ و...( ئه‌وکات کاک یوونس به‌رپرسی به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو) .. دوای ماوه‌یه‌ک سر‌وه له ورمێ گواستیه‌وه بۆ تاران و که‌وتنه بیانوو له یوونس ره‌زایی که ئه‌وکات به‌راستی سروه‌ی ئاماده‌ی ته‌حوێڵ ده‌دان و به‌س ده‌بوا له‌تاران جاپیان بکردایه... به‌ڵام ئه‌وان جارێک فۆنتیان ده‌گۆری و گۆڕیان لێ ده‌کردینه قۆڕ و جارێک ... یوونس بۆی ته‌حه‌موڵ نه‌کر ا و ئه‌وه‌ی گوتی بۆ سه‌ره‌وه!! ته‌حه‌موڵ نه‌کرا... ئێمه‌ش پشتی یونسمان گرت و بۆ هه‌میشه پێکه‌وه سروه‌مان وێڵ کردددددد.. سر‌وه ئیتر هه‌رگیز خۆی نه‌گرته‌وه و پشته‌وقه‌فار که‌وت و کاک ئه‌حمه‌دیشی له‌گه‌ڵ نه‌ما... و عه‌لی ده‌ستماڵی بێچاره‌ش بۆی هه‌ڵناسایه‌وه...و فت!
- سه‌باره‌ت به ستانداردکردنی زمانی یه‌کگرتوو، گۆڤاریی سر‌وه ڕاشکاوانه پێشوازیی له‌و بوو چوونه ده‌کرد که شێوازیی موکریانی ببێته زاراوه‌ی ستاندارد، هه‌رچه‌ند ئه‌و گۆڤاره گرینگی به‌زاراوه‌کانی دیکه‌ش ده‌دا، تا چه‌ند سر‌وه له‌و ئامانجه نیزیک بوویه‌وه و رۆڵی چی بوو له نیزیک کردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان لێکتری؟
- نوێخوازان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به دروشمی زمان شکێنی و ئانارشیستییه‌وه هاتنه مه‌یدانه‌که و ملیان به‌هیچ باوک و باوه‌پیاره‌یه‌ک نه‌دا... هه‌رچه‌ند ئه‌و دروشمانه بۆ ئه‌وکات به‌راستی توند ره‌وی کردن بوو به‌ڵام ئێمه ئه‌وه‌مان وه‌ک خوازه هێنایه ئارا و به‌داخه‌وه نه‌ریتخوازان له خۆرا زۆری لێ تووڕه بوون... ره‌نگه ئێستا دوای ده‌ساڵ تێگه‌یشتبێتن نوێخوازان بۆ ئه‌وه‌ند دژایه‌تی سه‌له‌فیه‌تیان ده‌کرد... و مه‌به‌ست له وانوێنی و زمانشکێنی چی بوو...
- رێنوسی گۆڤاری سر‌وه به‌لای ئێوه‌وه چۆن بوو؟
- من رێنووسی سروه‌م پێ باش بوو و هاوڵه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د (له‌به‌شی سۆرانی) و به‌ڕێز په‌رویزجیهانی(له به‌شی کرمانجی) له‌و به‌ستێنه‌دا به هه‌وڵگه‌لێکی چالاکانه ده‌زانم .. هه‌رچه‌ند هیچ کات له‌بری "له‌گه‌ڵ" "ده‌گه‌ڵ"م به‌کار نه‌هێنا.
- یه‌کێک له‌و ره‌خنانه‌ی زۆرجار رووبه‌رووی گۆڤاره‌که ده‌بۆوه، ئه‌وه‌بوو که سر‌وه گۆڤارێکی قه‌ره‌باڵغه و تایبه‌تمه‌ند(ته‌خه‌سوسی) نیه، ئه‌و ره‌خنه‌یه چه‌ند به‌جێ بوو؟
- سر‌وه له ناسنامه‌دا گۆڤارێکی "فه‌رهه‌نگی، ئه‌ده‌بی، کۆمه‌ڵایه‌تی بوو ، به‌ڵام سه‌رده‌مانێک وای لێهاتبوو هه‌ر ده‌ستووری چێشت لێنانی تێدا نه‌بوو... ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه سه‌ر تاقانه بوونی سر‌وه و هه‌وڵدان بۆ دڵی هه‌موان رازیی کردن. دیاره گۆڤارێک که دڵی هه‌موانی لێ رازیی بێ، ده‌بێته ره‌نگین نامه و "شه‌له‌م شۆربا".. و ئه‌و ره‌خنه‌یه به‌جێیه و سه‌ره‌تا له ڕاپرسی ژماره سه‌دی ئه‌وگۆڤاره‌دا له لایه‌ن منه‌وه هاته ئارا( بڕواننه ڕاپرسی ژماره 100ی گۆڤاریی سر‌وه له گه‌ڵ فه‌تاح ئه‌میری، ساڵح سووزه‌نی، ژیلا حسیه‌ینی و.. دا) به‌ڵام وه‌ک ئاماژه‌کرا له قۆناخی سێهه‌مدا به‌تایبه‌ت ئه‌وکات که به‌ڕێزان ره‌هبه‌رمه‌حموودزاده و یوونس ره‌زایی به‌شه‌کانی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تیشیان به قه‌رارداد وه‌رگرت، ئیتر ئه‌و لاوازییه به سروه‌وه نابینرێ.
- سه‌رده‌مانێک گۆڤاری سر‌وه تاقانه بوو، به‌ڵام دواتر کۆمه‌ڵێک گۆڤار و حه‌وتوونامه‌ی دیکه به‌زمانی دیکه ده‌رکه‌وتن، وه‌ک گۆڤاریی زرێبار، مه‌هاباد و... ده‌مانهه‌وێ بپرسین دوای ده‌رچوونی ئه‌و گۆڤارانه نوشستی به خۆوه بینی یان زیتر پێشکه‌وت؟
- باسی قۆناخی دووهه‌م ده‌که‌ن. که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ‌کرد. ئه‌وه راسته و حاشای لێ ناکرێ. نیمچه ئازادییه‌کی چاپه‌مه‌نی دوای 1372 رووی کرده وڵات و گۆڤار و حه‌وتوونامه و وه‌رزنامه‌ی خوێندکاریی و ... باش سه‌ریان هه‌ڵدا و ئه‌وکاتیش نوێخوازان هاوکاریی هه‌موویانیان کرد.. به‌هۆی که‌شی ئازادتری ئه‌و گۆڤار و حه‌وتوونامانه و بلاوکردنه‌وه‌ی باسگه‌ل سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی رۆژ و نه‌بوونی ئه‌و که‌ش و هه‌وایه له سروه‌دا، تووشی نوشست بۆوه و زۆر وه‌دوا که‌وت...
- داخرانی گۆڤاریی سر‌وه دوای بیست و پێنج ساڵ و بڵاوبوونه‌وه‌ی 281 ژماره، رووداوێکی ئاساییه یان نائاسایی؟
- داخرانی هیچ گۆڤارێک دوای ده‌وامی بیست و پێنج ساڵ و ده‌رکردنی 283 ژماره له هیچ وڵاتێکی جیهان و به تایبه‌ت له‌م وڵاته بێ گۆڤاره‌ی ئێمه‌دا ئاسایی نیه و به‌راستی جێی داخه! به‌ڵام وه‌ک پێشتر گوتم، گۆڤاریی سر‌وه له‌وه پێشتر مردبوو و هه‌ربۆیه داخستنه‌که‌ی هیچ که‌سی نه‌هه‌ژان.. بۆ وه‌ی پێشتر به زۆر بۆنه‌وه، نووسه‌ران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی لێ تاکابوونه‌وه.
- هه‌روه‌ک له هه‌وڵه‌کاندا هات به هۆی گرفتی مادی ئه‌و گۆڤاره نه‌یتوانیوه به‌رده‌وام بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و گرفته نه‌بوایه، به‌ڕای ئێوه باشتر وابو سر‌وه به‌رده‌وام بێ یان کۆتایی هێنان به‌چاپی ئه‌و گۆڤاره له جێگه‌ی خۆیدا بوو؟
- گرفتی مادی؟؟؟!!! چیه کاتێک ...... راستیه‌که‌ی ناوێرم. باشتر وابوو سر‌وه بمایه و به‌ده‌ست دڵسۆزانی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی کوردیه‌وه هه‌ڵسووڕایه .. ئه‌گینا به ملی شکاو... به خۆشیه‌وه رۆژنامه‌گه‌ریی دیجیتاڵی کوردی له مێژه سه‌ری هه‌ڵداوه و مان و نه‌مانی سر‌وه هیچ دیارده‌یه‌کی ئه‌وتۆ ناگۆڕێ..
- پێگه‌ی ئه‌و گۆڤاره له‌ناو مێژووی رۆژنامه‌نووسی کوردی‌دا به‌گشتی و له کوردستانی ئیران به تایبه‌تی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
- وه‌ک گوتم؛ سر‌وه یادگاریی ده‌قی نووسراویی بیست و پێنچ ساڵی ئه‌دیبان و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی کوردییه و له مێژووی رۆژنامه‌نووسی کوردستانی ئێران‌دا به هه‌موو هه‌لس و که‌وته‌کانیه‌وه ره‌نگه له تاقانه‌یی ده‌رچێ، به‌ڵام دڵنیام به‌هۆی هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی زۆرکه‌سان و زۆر ده‌قی زیندوو وه‌ک ئاڕشیوێکی باش ده‌مێنێته‌وه و دیسان دڵنیام کاتی خۆی قسه و باسی زێده‌تری له‌سه‌ر ده‌کرێ.
- یه‌که‌م بابه‌تی به‌ڕێزتان له چ ژماره‌یه‌کی سروه‌دا بڵاوکرایه‌وه و ناوی چی بوو؟ ئێوه زیاتر له چ بوارێکه‌وه بۆ گۆڤاره‌که‌تان ده‌نووسی و به‌رپرسیارێتی ئێوه له‌و گۆڤاره‌دا چ بوو؟
- " په‌پووله:
ئاگر هانێ باڵه‌کانم پێی هه‌ڵفڕه!
له‌و په‌ڕ جه‌نگه‌ڵ، تاریکایی،
ده‌ستی تا لای خودا چووه..."
ئه‌وه یه‌که‌م شێعری من بوو که کاتی خۆی ساڵی 1367 له سروه‌ی ژماره 27 دا به‌ناوی ئیبراهیمی سووزه‌نی بڵاو کرایه‌وه و دواتر له به‌ستێنی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و وتار و شێعردا، به‌ناوی خۆمه‌وه، تا مارفی ره‌حمه‌تی مابوو، هاوکاریم کرد و وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م کرد ساڵی 1379 به‌پێی قه‌رارداد و له‌ده‌ره‌وه‌ی سر‌وه به‌شی ره‌خنه‌ی نوێ(ڕچه)م له ژماره‌ی 171وه گرته ئه‌ستۆ و ئه‌و ته‌وه‌ره پێنج ساڵ به‌رده‌وام بوو .... ئیتر هه‌ر بژین و خۆش بن!
----------