مه‌رگی تۆ

مه‌رگی تۆ له یادداشته‌کانی من دا
رزگار ئه‌مین نژاد
ئه‌مرۆ وه‌ک هه‌موو قوتابییه‌کانی دیکه له زانکۆ نه‌بووم، رۆژی پشوودانم بوو. له ماڵه‌وه خۆم بۆ خوێندی تیۆرییه‌کانی جان رێولز (John Rawls; 1922- 2002) و جان لاک (John Locke; 1632 - 1704) و هابز (Thomas Hobbes; 1588 - 1679) ئاماده ده‌کرد، که ده‌بێ تا دوو حه‌وتووی دیکه وڵامێکی تۆکمه بۆ هێندێ پرسیاری تاقیکاری تێرمی پێنجمی کۆمه‌ڵناسی ئاماده بکه‌م که بێگومان پێوه‌ندییان هه‌یه به به‌راورد کردنی تیۆر و روانگه‌ی ئه‌م فیلسوفانه له‌گه‌ڵ روانگه‌ی چه‌ند کۆمه‌ڵناسێکی سه‌رده‌می نوێ. دڵنیام دادپه‌روه‌ری ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی یه‌کێک له پرسیاره‌کان ده‌بێت که له تاقیکارییه‌کان دا هه‌میشه هاتووه. مامۆستاکه‌م به مکوڕییه‌وه باسی ده‌کرد که دادپه‌روه‌ری ئه‌نگیزه‌ی سه‌ره‌کی به‌راورد کردنی روانگه‌ی ئه‌م فه‌یله‌سووفانه‌یه.
بیر له قسه‌که‌ی جۆن رێولز ده‌که‌مه‌وه؛ "دادپه‌روه‌ری رۆح، که‌سایه‌تی و له هه‌مان حاڵ دا ستروکتوری سه‌ره‌کی گشت کۆمه‌ڵگایه‌که. دادپه‌روه‌ری فه‌زیله‌یه بۆ یاسا و نیهاده کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و هه‌روه‌ها هه‌رچه‌شنه داوه‌ریکردنێک له‌سه‌ر تاک و کۆمه‌ڵگا. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یاخۆد چاکسازی له‌هه‌ر نیهاد یاخۆد کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی دادپه‌روه‌رانه جێبه‌جێ بکرێت". مامۆستاکه‌مان ده‌یگوت: "دادپه‌ره‌وه‌ری له روانگه‌ی رێولزه‌وه پێشمه‌رجی هه‌رچه‌شنه ئاسایش و خۆشگوزه‌رانییه‌که، که ده‌بێ بۆ شارومه‌ندانی نێو "دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی" (وضعیت اجتماعی) ده‌سته‌به‌ر بکرێت. که‌واته نابێ هیچ لایه‌نێک ئازادی و سه‌ربه‌ستی تاک یان گرووپێکی نێوکۆمه‌ڵگا بکاته فیدای به‌رژه‌وه‌ندی گرووپێکی گه‌وره‌تر، واته قوربانی کردنی که‌مینه بۆ به‌رژه‌وه‌نی و ئاسایشی زۆرینه". له کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌ردا گشت ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ له‌به‌رامبه‌ر یاسادا یه‌کسانن و، ئه‌مه له خۆێدا گرینگ‌ترین پێوه‌رێکه بۆ چه‌مکی یه‌کسانی له کۆمه‌ڵدا. ئه‌گه‌ر سیسته‌می ده‌سه‌ڵات نه‌توانێ به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر گشت تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ ره‌چاو بکات، ئه‌وا له بواره‌کانی وه‌ک ئاسایش و ئارامی و خزمه‌تگوزاریشدا ناتوانێ یه‌کسانی ره‌چاو بکات.
ئه‌مرۆ به‌یانی به‌دوای بیستنی هه‌واڵی له سێداره‌دانی ئێوه، زیاتر له جاران له حاست وشه‌ی "دادپه‌روه‌ری" و "مرۆڤ" حه‌ساسیه‌ت ده‌نوێنم. بێ ئیراده به نێو دفه‌ته‌ره‌که‌م دا ده‌گه‌رێم. له‌وێدا گشت ئه‌و یاداشتانه ده‌بینمه‌وه که له ساڵۆنی کۆنفرانسی زانکو مامۆستاکه‌مان شرۆڤه‌ی ده‌کرد و، منیش به په‌له‌په‌ل و به خه‌تێکی ئاڵۆز ده‌منووسینه‌وه. ئه‌مه بووه به نه‌ریت له نێو خویندکاره‌کان دا، نازانم لای خۆمان چۆنه، به‌ڵام لێره خوێندکاره‌کان به وه‌سواسه‌وه ئه‌و قسانه یاداشت ده‌که‌ن که مامۆستاکان گرینگی پێده‌ده‌ن. هێندێ جار نه‌فه‌سی به‌حسی مامۆستاکه‌م من له گه‌ڵ خۆی ده‌باته‌وه و له بیرم ده‌چێت له‌و ده‌مه‌دا یاداشتێک هه‌ڵگرمه‌وه، به‌ڵام له نه‌کاو هاورێکه‌م له لاته‌نیشتم ده‌کوتێ و ده‌ڵی: "ئه‌وه بنووسه، زۆر گرینگه، حه‌تمه‌ن وه‌ک پرسیار له تاقیکاریدا دێت!". ئێستا که به‌م ده‌فته‌ره‌دا ده‌چمه‌وه، ده‌بینم زۆر وردبینیم له نوسینی یاداشته‌کانم دا نه‌کردووه. رسته‌کان به ئاڵۆزی دارێژاون. وشه‌گه‌لی دادپه‌روه‌ری و مرۆڤ و کۆمه‌ڵگا و یاسا، ده‌فته‌ره‌که‌می ره‌ش کردۆته‌وه.
بۆ ساتێ بیر له یه‌که‌م نامه‌ت ده‌که‌مه‌وه که بۆ قوتابییه‌کانت نووسیبوو. منیش پێم وابوو ئه‌م وشانه وه‌ک "بابا نان داد" ی ده‌رسی قوتابییه‌کانت، ته‌کلیفێکن که ده‌بێ له‌به‌ریان بکه‌ین بۆ رۆژی تاقیکاری. ره‌نگه وا نه‌بێت، به‌ڵام ئیستا له هه‌موو کاتێ زیاتر هه‌ست ده‌که‌م که له‌سه‌ر چه‌مکه‌کانیان حه‌ساس تر بووم. لاپه‌ره‌یه‌کی دی هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه، دیسان جان رێوڵزه:
"مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی رێولز له به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌رکێکی گشتی له دادپه‌روه‌ری، ئاماژه‌دانه به تیۆره‌کانی جان لاک و هابز له‌مه‌ڕ "دۆخی سروشتی". رێولز راده‌گه‌یه‌نێت که کاتێ باس له شه‌رعییه‌تی نیهادێکی سیاسی/ کۆمه‌لایه‌تی دێته گۆڕێ، پێویسته په‌یماننامه‌یه‌کی (کۆنتراکت) ئه‌خلاقی له ئارادا بێت و به‌پێی بنه‌ما بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌م په‌یمانه ئه‌خلاقییه داوه‌ری له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی ئه‌و نیهادانه بکه‌ین. کاتێ مرۆڤ له هه‌وڵی دارشتنی پرینسیبه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌م په‌یمانه ئه‌خلاقییه ده‌بێ و، پێویسته بگه‌رێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵێ نۆرم و به‌های ئه‌خلاقی، که یه‌ک له‌وان مافی یه‌کسانیه بۆ گشت تاکه‌کان و مافی ئازادیان. مافی ئازادی ده‌بێ بۆ گشت لایه‌ک یه‌کسان بێت و هیچ که‌س و لایه‌نێک بۆی نییه له کۆمه‌ڵگادا سنووری ئازادییه‌که‌ی له سنووری ئازادی تاکه‌کانی دیکه به‌رفراوان تر بێت. جا ئه‌گه‌ر ئه‌م که‌سه سه‌رۆک، قازی، مامۆستا، پۆلیس، بنه‌ماڵه و دوکانداری گه‌ره‌که‌که‌مان و ... بێت."
له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌دا رێوڵزم له رێگه‌ی کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یه‌وه ناسی " ئینساف وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ دادپه‌روه‌ری" (1) و، یه‌که‌م پرسیارێک که له خویندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه دا زه‌ینی منی داگیر کردبوو، پرسی "تاک" یان به واتایه‌کی گشتی تر "مرۆڤ" بوو. زۆر به وه‌سواسه‌وه نووسینه‌کانیم ده‌خوێنده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تیبگه‌م که مرۆڤ له روانگه‌ی رێوڵزه‌وه چۆن راڤه ده‌کرێت. ئایا مرۆڤ کاتۆگۆرییه‌کی یه‌ک ده‌سته، یاخود هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێ پێناسی کۆنکرێته؟ که به‌سه‌ر چین و توێژی فره‌چه‌شندا دابه‌ش ده‌کرێت. بێ گوومان ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی رێوڵز ئاشنا بێت، ده‌زانێت که مرۆڤ له روانگه‌ی رێوڵزه‌وه جه‌سته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه و، له هه‌مان حاڵ‌دا ئیراده‌یه‌کی ئیده‌ئالیستیشه که وه‌ک من و مامۆستاکه‌م و فه‌رزادی که‌مانگه‌ر و قازی دادگاکه‌ی، تا سنووری نێوان چاکه و خراپه یه‌ک هه‌نگاو دوورن. مرۆڤ جه‌سته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه، بۆ ئه‌وه‌ی نۆرم و چاوه‌روانییه‌کانی کۆمه‌ڵ له ره‌فتاریدا ره‌نگ بداته‌وه و مانا بدات به حوزووری کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی، جا به هه‌موو چاکه و خراپه‌کانییه‌وه. مرۆڤ ئیراده‌یه‌کی ئیده‌ئالیسته، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانی خۆی وه‌دی بێنێت و تێ‌بکۆشێ بۆ رێئالیزه کردنی ئیده‌ئاله‌کانی له کۆمه‌ڵگا دا.
من ده‌رک به‌وه ده‌که‌م که رێوڵز قازی دادگا نییه که له‌به‌ر ده‌م که‌یسی تاوانبارێکی سیاسی دا دوودڵی له خۆی پیشان نه‌دات و دوابڕیار له‌سه‌ر حوکمی مه‌رگی مرۆڤێک بدات (دۆخی سروشتی هابز). رێوڵز فه‌یله‌سووفێکه دڵ ناسک (دۆخی ئینساف)، فه‌یله‌سووفێکه که هیچ که‌سێک له‌م دونیایه نابێته هۆی هه‌ره‌شه بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی. چوونکه فه‌یله‌سوف له راستیدا هێچی نییه بۆ تێداچوون. ئه‌و فه‌یله‌سوفێکی عه‌قڵگه‌رایه که له نێوان دوو تیۆری جان لاک (دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی) و هابز (دۆخی سروشتی) دا له‌دوای "ئینسافێک" ده‌گه‌رێت بۆ دارشتنی په‌یمانێکی عه‌قڵانی له‌مه‌ڕ دادپه‌روه‌ری. دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای ئینساف، له دۆخێک‌دا به‌رهه‌م دێت که تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ ئازادانه و به یه‌کسانی سه‌رپشک بن بۆ هه‌ڵبژاردنی تێگێشتنێکی گشتی له‌مه‌ڕ چه‌مکی ئازادی. سنووری ئازادی تاک له کۆمه‌ڵگادا به ته‌نیا هه‌ر وابه‌سته به فۆرمێکی یاسایی نییه که له رێگه‌ی ده‌ستوور و یاسا و ئائیننامه کۆنکرێته‌کانه‌وه دیاری بکرێت. تێگێشتن له سنووری ئازادی تاک له دۆخێکی کراوه‌ی سیاسی/کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رهه‌م دێت که گشت ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ له‌ده‌وری یه‌ک کۆ ببنه‌وه و، هه‌موویان به ره‌نگی سوور، سپی، ره‌ش، زه‌رد و... رێککه‌وتن له‌سه‌ر دیاری کردنی ئه‌م سنووره بکه‌ن. دیاری کردنی بنه‌مای په‌یمانامه‌یه‌کی ئه‌خلاقی له‌مه‌ر دادپه‌روه‌ری، وه‌ک چۆن رێوڵز ئاماژه‌ی پێ ده‌دات؛ پێویسته له رووی ئینساف و له‌سه‌ر پرینسیبی رێککه‌وتن دارێژرێ. ئه‌م بۆچوونه بیری تیۆری "باشترین ئارگومێنتی (به‌ڵگه)'" ی هابرماسم ده‌خاته‌وه؛ تاکه‌کی کۆمه‌ڵگا ده‌بێ به مافێکی هاوبه‌ش و له هه‌لومه‌رجێکی یه‌کساندا دیالۆگ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بکه‌ن که خاڵی ناکۆکی ئه‌وانه. ده‌بێ دیالۆگ بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاکامێک رێککه‌وتن بکه‌ین و ئه‌م ئاکامه بکه‌ینه یاسایه‌کی گشتی بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مرۆ که چۆن داوه‌ری له‌سه‌ر باوه‌ره‌کانمان بکه‌ن. پێویسته باشترین ئار‌گومێنت، که به‌رهه‌می دیالۆگێکی دێمۆکراتیکه بکه‌ین به پێودانگێکی شه‌رعی بۆ باشترین بڕیار، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی که به‌هێزترین ئیراده یاخود ده‌سه‌ڵات ده‌کا به پێوه‌ری باشترین بڕیار. من دڵنیام له وه‌ها دۆخێک‌دا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر ناچار نه‌ده‌بوو ده‌وری "ماسییه ره‌شه چکۆله‌که"ی سه‌مه‌د بێهره‌نگی ببینێت و به‌ره‌و ده‌ریا، به‌نێو قورگی هه‌زاران مه‌ترسیدا تێپه‌رێت و، له دواکاتدا به‌ده‌م دندووکی ماسی خۆره‌یه‌که‌وه بێت و، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: "ئه‌به‌دی" بێت.
لاپه‌ره‌کان هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه، یه‌ک به‌داوای یه‌ک. له شوێنێکی دی چاوم به تیۆری "ره‌نگدانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی" (reflective equilibrium) ده‌که‌وێ که چه‌ند جار خه‌تم به ژێریدا کێشاوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیرم بێت که ئه‌مه یه‌کێکه له گرینگ‌ترین به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌کانی رێوڵز، ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌یه که ده‌رکی ئێمه له‌مه‌ڕ دیاری کردنی سنووری نێوان چاکه و خراپه له خۆیدا له ژێر سریمه‌ی پرینسیپێکی ئه‌خلاقییه، بۆ نموونه؛ هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکین که درۆکردن، که‌ڵکی خراپ وه‌رگرتن له که‌سانی دی و کوشتنی مرۆڤ کارێکی خراپه. به‌ڵام کێشه‌ی سه‌ره‌کی لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئێمه چۆن ده‌توانین ئه‌م یاسا ئه‌خلاقییانه بسه‌لمێنین و له ئه‌نجام دا بیانچه‌سپێنین؟ رێوڵز پێی وایه که سه‌ره‌تا ئێمه ده‌بێ ئه‌م بنه‌ما ئه‌خلاقیانه (درۆنه‌کردن، مرۆڤ نه‌کوشتن، به سۆغره نه‌برنی خه‌ڵکانی دی و...) له ره‌فتاری که‌سێتی خۆمان دا نه‌هادینه بکه‌ین (یاسای فه‌زیله) و به‌و ده‌رکه بگه‌ین که به ئاسایی به په‌نایاندا تێنه‌په‌رین. پاشان ده‌ڵیت ئێمه ده‌بێ خۆمان بخه‌ینه جێی ئه‌و که‌سانه‌ی که له پێوه‌ندی به کاره نایاساییه‌کانیان (ئه‌و شتانه‌ی که به خراپ ناسراون) تووشی سزایه‌کی قوورس ده‌بنه‌وه، له وه‌ها دۆخێک‌دا چۆن ئێمه ئه‌م سزایانه قبووڵ ده‌که‌ین. له راستیدا قه‌ت حوکمێکی قه‌تعی له‌مه‌ر مه‌حکوم کردنی مرۆڤێک له ئارادا نه‌بووه، سزاکان به پێی زه‌مان گۆرانیان به‌سه‌ردا هاتووه. که‌واته تا دیاری کردنی حوکمێکی قه‌تعی که ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای رێککه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، هه‌رچه‌شنه سیزادانێک دوور له ئینسافه. وه‌ک چۆن ئه‌مرۆ ئێمه سزای سووتاندنی ئافره‌ته سێحر بازه‌کانی سه‌ده‌ی ناوه‌راست به جه‌نایه‌ت و دوور له دادپه‌روه‌ی ده‌زانین.
نا ئارامییه‌ک گیانم داده‌گرێت، سه‌ر له‌سه‌ر ده‌فته‌ره‌که‌م هه‌ڵده‌گرم و له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌مه‌وه سه‌یری سیمای به‌هار ده‌که‌م. له‌م وڵاته گه‌ڵا دره‌نگتر له لای خۆمان ده‌کرێته‌وه، گوڵیش دره‌نگتر ده‌پشکوێت و شه‌ماڵیش ئارامتر به نێو ده‌شت و ده‌را مروور ده‌کات. دوێشه‌و بارانێکی زۆر باری بوو، ئێستا هه‌وا مه‌نده‌وه و هه‌ورێکی ته‌نک ئاسمانی داپۆشیوه. له به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌که‌م سێ چۆله‌که ده‌بینم که له ده‌وری قوڵکه‌یه‌کی بچووک کۆ بوونه‌ته‌وه و قووڕگی تینوێتیان ته‌ر ده‌که‌ن. هه‌رکامه‌ی به‌قه‌ی بارستایی ده‌ندووکه‌کانیان مه‌راقی تینوێتیان ده‌شکێنن و پاش چه‌ند چرکه‌یه‌ک هه‌رکامه و به‌ره‌و لایه‌ک هه‌ڵده‌فرن. له کاتێکا سه‌یری ئاوخواردنه‌وه‌ی ئه‌و چۆله‌کانه‌م ده‌کرد، بیری هابز و جان لاک و رێوڵز ده‌که‌وتمه‌وه که وه‌ک ئه‌م چۆله‌کانه به قه‌ی پێوانه‌ی دندووکه‌کانیان مه‌راقی تینوێتی خۆیان شکاند، به‌ڵام رێکارێکی گشتیان نه‌سه‌لمادن بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی تینوێتی نه‌هێڵنه‌وه. هه‌ست ده‌که‌م توندئاژۆیی ده‌که‌م و له بیرم ده‌چیته‌وه که تونیه‌تیش وه‌ک ئاوخواردنه‌وه مافێکی سروشتییه. گرینگ ئه‌وه نیه که تینوێتی نه‌مێنێت، گرینگ ئه‌وه‌یه که کاتێ تینوو ده‌بین به قه‌ی تینوێتی شکاندنێک مه‌جالی ئاوخواردنه‌وه‌مان پێ بدرێت. بیرم هاته‌وه زۆرم نه‌ماوه بۆ رۆژی تاقیکارییه‌که‌م و چه‌مکی دادپه‌روه‌ی و تاک هه‌روا به ئاڵۆزی له زه‌ینمدا ماونه‌ته‌وه. دیسان چاو له یادداشته‌کان ده‌که‌مه‌وه:
"بنه‌ماکانی خوێندنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی تێگێشتن له چه‌مکی مرۆڤ دارێژراوه. که‌واته تێگێشتن له چمکی دادپه‌روه‌ری نایه‌ته ئه‌نجام ئه‌گه‌ر ئێمه له چه‌مکی دیارده‌یه‌ک به‌ناوی مرۆڤ نێزیک نه‌بینه‌وه. به‌لای جان لاکه‌وه مرۆڤ به‌ر له‌هه‌ر شتێک تاکه (فرد). تاکێتی مرۆڤ به‌لای جان لاکه‌وه خاوه‌ن ئیعتیبارێکی زۆر گرینگه."
ره‌نگه هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه بێت که لاک له‌گه‌ڵ هابزدا ده‌که‌وێته خانه‌ی ناکۆکییه‌وه، چونکه هابز مرۆڤ وه‌ک گورگێک بۆ گیانی مرۆڤه‌کانی دی پێناسه کردبوو. لاک له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه مه‌ترسی تێداچوونی تاکێتی به قازانجی مانه‌وه‌ی ئه‌وتۆریته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها ده‌رک پێ‌کرد و له گشت نووسینه‌کانی دا چووه پشت ئایدیای خه‌بات کردن به‌دژی وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێک و به‌رده‌وام پشتیوانی له ئازادی تاکێتی مرۆڤ ده‌کرد. هابز زۆر سه‌رسه‌ختانه له‌دوای دارشتنی یاسایه‌ک ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌مبێن له دمی ئه‌م تاکه گورگانه بدات بۆ ئه‌وه‌ی زیان به مرۆڤ نه‌گه‌یه‌نین. له ئه‌نجام دا هابزبه پێداگرییه‌وه راده‌گه‌یه‌نێت که تاک ده‌بێ ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتێکی بانتر له‌خۆی بێت و له ئه‌نجام دا سه‌ر بۆ ئیراده‌ی "ده‌وڵه‌تی هابزی" دانوێنێ به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌رکردنی ئاسایشی مرۆڤ. مرۆڤ له روانگه‌ی هابزه‌وه وه‌ک تاکێکه که له نێو تایبه‌تمه‌ندییه درره‌نده‌ییه‌کانی "دۆخی سرووشتی" دا هه‌ره‌شه‌ی له‌سه‌ره و، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتێکی موته‌ڵه‌ق ده‌یتوانی ئاسایش و ئارامی و ژیانی بۆ ده‌سته‌به‌ر بکات. به مه‌به‌ستی دابین کردنی ئاسایش و ئارامی مرۆڤ، پێویسته تاک نرخێکی گرانی بۆ بدات که ئه‌ویش به‌خشینی سه‌روماڵ، مافی تاکێتی و ره‌ها بوونی خۆیه‌تی بۆ مانه‌وه و به‌هێز کردنی ئاوتۆریته‌ی ده‌سه‌ڵات. ئه‌گه‌ر دمی گورگ نه‌به‌ستینه‌وه، هیچ مرۆڤێک رووی ئاسایش و ئارامی به خۆیه‌وه نابینێ. گورگ ده‌بێ فێر بێت که ده‌سته‌مۆ بێت، یان ئه‌وه‌تا ده‌بێ که‌وڵی بکه‌ین.
جان لاک به پێچه‌وانه‌ی هابز له‌سه‌ر ئه‌وباوه‌ره بوو که مرۆڤ وه‌ک تاک، له رێگای پشت به‌ستن به عه‌قڵه‌وه، وه‌ک باشترین پارسه‌نگێک بۆ مامڵه‌کردن له‌گه‌ڵ دۆخی سروشتی و دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی دا، ده‌توانێ له رێگای ده‌سته‌به‌ر کردنی ئازادی تاکێتی خۆیه‌وه ئاسایش و ئارامی و ژیان بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات. ئازادی تاک له روانگه‌ی جان لاکه‌وه دۆخێکی ئانارشیستی نییه، به‌ڵکه ئازادی تاک پێوه‌ندی هه‌یه به‌و بنه‌مایانه‌ی که مه‌جال به تاک ده‌دات بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات. لێره‌دا مه‌به‌ست له باری وجودی تاکه له شوێن و زه‌مانێکی دیاریکراو دا.
"دۆخی سروشتی" له روانگه‌ی لاکه‌وه خاوه‌ن ئێندێکستێکی به‌ته‌واوی جیاوازه له هابز. تایبه‌تمه‌ندی ئایدیای "دۆخی سروشتی" هابز باس له ناکۆکی و هاودژی له نێوان به‌رژه‌وه‌ندی تاکه فره‌چه‌شنه‌کان ده‌کات، له حاڵیکدا لاک تاکه‌کان وه‌ک دژی به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک نابینێ، به‌ڵکه پێی وایه که "دۆخی سروشتی" وه‌ک پره‌نسیبێکی یه‌کسان گشت تاکه‌کان له په‌نای یه‌کتردا ریز ده‌کات. لاک پێی وایه که بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌رکی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مرۆڤه‌کان و پراکتیکی ئه‌وان تێبگه‌ین، ده‌بێ سه‌رنج به‌وه بده‌ین که مرۆڤ له باری سروشتییه‌وه له چ دۆخێک‌دا ده‌ژیت. ئه‌م دۆخه به‌لای لاکه‌وه ئازادی تاکه له چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی یاسای سروشتی‌دا به‌مه‌به‌ستی بردنه‌پێشی کرداره‌کانی خۆی و به مه‌بستی ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ به‌سه‌ر چاره‌نووس و ملک و سامانی خۆی. دۆخێک که پێویست نه‌کات ده‌ستێکی بانتر له تاک کۆنترۆڵی بکات و تاک ناچار بێت بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی ئیزن له که‌س یان ناوه‌ندێکی بانتر له خۆی بخوازێ. له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م دۆخی سروشتییه دۆخێکی یه‌کسانییه که له‌ودا ده‌ساڵات و تاک له‌به‌رامبه‌ر یاسا دا یه‌کسانن و له‌باری سه‌رمایه‌وه که‌س له که‌سێکی دیکه بانتر نییه و هیچ هێزێک بۆی نییه ده‌ست به‌سه‌ر داهاتی که‌سێکی دیکه دا بگرێت. ره‌نگه له‌م حاڵه‌ته دا فه‌رزادی مامۆستا، قوتابییه شه‌رمێونه‌کانی، قازی دادگا، مامۆستاکه‌م و خۆشم دڵنیا ده‌بووینه‌وه که ئه‌مشه‌و قوتابیه‌کانی قوتابخانه‌یه‌ک له کامیاران نان له‌سه‌ر سفره‌که‌یان شک ده‌به‌ن. زۆر دڵنیا نیم، به‌ڵام ره‌نگه له‌م دۆخه‌دا بێت که فه‌رزادی مامۆستا خراپه نه‌کات، ناچار نه‌بێت به دزییه‌وه کاتژمێرێک له ماوه‌ی ده‌رسه‌کانی بۆ کوتنه‌وه‌ی وانه‌ی کوردی ته‌رخان بکات بۆ ئه‌و چۆله‌که بیچکۆلانه‌ی که پێکه‌نینه‌کانیشیان رووی شه‌رمیان پێوه دیاره.
که بیر له تۆ و قوتابیه‌کانت ده‌که‌مه‌وه، به وه‌سواسێکی زۆرتره‌وه به نێو لاپه‌ره‌ی یاداشته‌کانم له‌سه‌ر جان لاک ده‌گه‌رێم. جان لاک تا به ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش نۆرماتیڤ نه‌بووه که رێگاچاره‌یه‌ک پێشینیار نه‌کات! له بیرمه له شوێنێکدا شتێک له‌سه‌ر "دۆخی سیاسی" باس ده‌کات. هه‌ست ده‌که‌م قه‌باره‌ی ده‌فته‌ره‌که‌م ئه‌ستوورتر بووه. لاپه‌ره‌کان هێنده زۆرن که گه‌ران به‌دوای ئه‌م بابه‌ته دا تووشی زه‌حمه‌تم ده‌کات. واز ناهێنم لاپه‌ره به لاپه‌ره سه‌یری یاداشته‌کان ده‌که‌مه‌وه، ئه‌م بابه‌ته هه‌ر بۆ ئێستام گرینگ نییه به‌ڵکه بۆ تاقی کاریه‌که‌شم زۆر گرینگه. من ده‌بێ بتوانم باس له رێکاری هابز بکه‌م بۆ ده‌رچوون له یاسا ئابستراکه‌کانی هابز له‌مه‌ڕ سیسته‌می سیاسی.
ره‌نگه یه‌کێک له گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رده‌می لاک ده‌رک پێکردنی سیسته‌مێک بێت که له‌و دا مرۆڤ له دۆخی سروشتیییه‌وه به‌ره‌و "دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی" بگوازێته‌وه که گشت ئازادی و مافه سرووشتییه‌کانی تاک به ده‌ست لێنه‌دراوه‌یی و پارێزاو بمێنێته‌وه و، ئه‌م دۆخه به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان له کۆمه‌ڵگادا ده‌سته‌به‌ر بکرێت. دۆخی سرووشتی پێوه‌ندی هه‌یه به مافی تاکێتی مرۆڤ، به‌لام کاتێ مرۆڤ له خانه‌ی کۆمه‌ڵگا دا بژیت چۆن ده‌توانێ به‌رگری له مافی "دۆخی سروشتی" خۆی بکات؟ کۆمه‌ڵ پێکهاته‌یه‌که له گشت تاکه‌کان و، هه‌ر تاکێک خاوه‌ن مافێکی یه‌کسانه له‌مه‌ڕ "دۆخی سروشتی" خۆیدا. پرسیار ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر تاکێکی دی ده‌ست بۆ مافه سروشتییه‌کانی تاکێکی دیکه ببات، ئه‌رکی ئه‌و چییه؟ بێ گومان لاکیش له‌سه‌ر ئه‌م بروایه‌یه که تاک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که بۆ پاراستنی دۆخی سروشتی خۆی هه‌ڵوێسته بکات.
"ئازادی تاک له سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵییه‌تی تاک گه‌شه ده‌کات و، تاک له رووی ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌وه تێده‌گات که ئازادی تاکێتی ئه‌و له‌و شوێنه‌دا سنووردار ده‌بێته‌وه که ده‌ست بۆ مافی سروشتی تاکێکی دی نه‌بات." بۆ دیاری کردنی ئه‌م سنوورانه لاک باس له دۆخی سیاسی ده‌کات. دۆخی سیاسی به‌لای لاکه‌وه دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی موتڵه‌قه‌ی وه‌ک "ده‌وڵه‌تی هابز" ی نییه، چوونکه "ده‌وڵه‌تی لاک" ی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی تاکه‌کان نادات یاخود سنووری مافی سرووشتیان دیاری ناکات، به‌ڵکه داوه‌ری له‌سه‌ر پێشیلکردنی مافی سروشتی تاکه‌کان ده‌کات. داوه‌ری له ده‌وڵه‌تی ئیقته‌دارگه‌را دا به پێی سرووشتی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی داوه‌رییه‌کی نادادپه‌روه‌رانه‌یه، چونکه له بنه‌ره‌تدا بروای به مافی سرووشتی تاک نییه، مافی تاک له‌م سیسته‌مه‌دا چوارچێوه‌یه‌کی کۆنکرێته که عه‌قڵی "ده‌سه‌ڵات" دیاریی ده‌کات. ئه‌نگیزه‌ی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌تی ئیقته‌دارگه‌را ده‌سته‌مۆ کردنی تاکه له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤ دا (مرۆڤ لێره‌دا ئیراده‌ی گشتیییه، که هه‌میشه ده‌وڵه‌تی ئیقته‌دارگه‌را پێناسه‌ی ده‌کات). ئه‌و پێی وایه که داوه‌ری کردن له‌م چه‌شنه سیسته‌مانه دا له‌سه‌ر بنه‌مای گرێ ده‌روونی و رق و کینه‌کانی دادوه‌ر دارێژراوه، که به‌ر له هه‌رشتێک مه‌به‌ستێکی ئایدۆلۆژیکی هه‌یه و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و، له ئه‌نجام دا مافه سروشتییه‌کانی تاک پێشێل ده‌کات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، ئه‌و دۆخه سیاسییه‌ی که لاک وه‌ک ئیده‌ئال دیاری ده‌کات، ده‌وڵه‌تێکه که له‌سه‌ر بنه‌مای دادوه‌ری دامه‌زراوه و له‌هه‌مان کاتدا له‌ژێر سریمه‌ی دۆخی سروشتی دایاساکانی دادپه‌روه‌ری به‌رهه‌م دێنه‌وه. هه‌ر بۆیه لاک جیا کردنه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاتی یاسایی، دادوه‌ری و ئیجرایی وه‌ک پێشمه‌رجێک بۆ دوورنمای وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێک دیاری کرد. لاک به‌رده‌وام پێداگری له‌سه‌ر "عه‌قڵ" ده‌کات، ته‌نانه‌ت له تێزی "دۆخی سیاسی" شدا. که‌واته عه‌قڵ بنه‌مایه‌کی گرینگه بۆ بنیادنانی "دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی" و گشت ئه‌و دیاردانه‌ی که پێوه‌ندی به تاکه‌وه هه‌یه.
لاک و هابز دوو قوتابخانه‌ی جیاواز بوون بۆ مێژووی هزریی مرۆڤ، دوو شیوه بیر کردنه‌وه و دوو نموونه‌ی مامڵه‌کردن بوون. ئه‌م نه‌ریته له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا به نه‌فه‌سێکی جیاوازه‌وه هاتووه. که‌س له‌م ناوه‌دا تاوانبار نییه، یاخود هیچ کامیان له بایه‌خ و جێگای ئه‌وی دیکه‌یان که‌م ناکاته‌وه. قه‌رار نییه که‌س به تاوانبار بناسێنین و سزای به‌سه‌ر دا ببڕێنینه‌وه. ناىی له بیری بکه‌م که من خوێندکاری کۆمه‌ڵناسیم، قازی دادگا نیم، من له ده‌ره‌نجامێک ده‌گه‌رێم بۆ زه‌ینه ئاڵۆزه‌که‌م. ده‌ره‌نجامێک که شه‌رعییه‌ته‌کی له‌سه‌ر باشترین ئار‌گومێنت دارژابێت. له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی روانگه‌ی ئه‌م سێ فه‌یله‌سووفه‌دا له‌م ئه‌نجامه نێزیک ده‌بمه‌وه که دوو پارامێتری "سه‌رده‌م" و "ژیان" عه‌قڵانی ترین پێوه‌رێکن بۆ سه‌لماندنی ره‌وابوونی بڕیاره‌کانمان. تاک ده‌بێ بژیت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی داوه‌ریکردنه‌کان له‌سه‌ر خۆی ده‌رک پێ‌بکات و وڵامی پرسیاره‌کانی له‌مه‌ڕ ماف و ئایدیاله‌کانی وه‌ربگرێت. ره‌نگه له‌م سۆنگه‌یه‌وه بێت که رێوڵز داوه‌ری "سه‌رده‌م" ده‌کات به پێودانگی "ئینساف"، ره‌نگه هه‌ر سه‌رده‌م بتوانێ راده‌ی ئینسافی بڕیاره‌کان و داوه‌ری کردنه‌کانی ئێمه پیشان بدات. من ئه‌زانم تۆ قوتابییه‌که‌ی باشی کولتوری بیرکردنه‌وه‌ی جان لاک بووی. بێگوومان له تاقیکارییه‌که‌شت دا سه‌رکه‌وتوو بووی. به هه‌مان ئه‌ندازه باوه‌رم هه‌یه که قازییه‌که‌شت قووتابییه‌کی باش بووه له قوتابخانه‌ی کولتوری بیرکردنه‌وه‌ی هابزدا. به‌ڵام له‌م میانه‌یه‌دا بابه‌تێک ئازارم ده‌دات، ئه‌ویش پارامێتری سه‌رده‌مه. ئه‌زیزم سه‌رده‌م له‌گه‌ل تۆ و قازییه‌که‌ت و هه‌موومان دا نامێهره‌بان بوو.
09.05.2010
په‌راوێز:
(1) ناوی کتێبه‌که‌ی جان رێوڵز به زمانی نۆروێژی:
Rawls John, ” Rettferdighet som rimelighet”, 2003. 1. utgave. Forlag Pax
سه‌رچاوه؛ http://qelem.org/kurdi/index.php/arshive/wetar/3061.html
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home