نامۆیی و له‌خۆنامۆ بوون
نامۆیی و له‌خۆنامۆ بوون*
ره‌سووڵ محه‌ممه‌دی
پێش ئه‌وه‌ى باسه‌که ده‌ست پێبکه‌ین به پیویستی ئه‌زانم ئه‌وه روون بکه‌مه‌وه که من وشه‌ی (نامۆیی)م له باتی وشه‌ی ئینگلیزی Nostalja داناواه که له فارسی‌دا به( حسرت گذشته، احساس غربت و غم غربت) ته‌رجه‌مه کراوه. هه‌روه‌ها وشه‌ی ( له‌خۆنامۆبوون)م له باتی وشه‌ی Alienation داناوه که له فارسی‌دا به ( از خۆد بیگانگی ) ته‌رجه‌مه کراوه. که‌وابوو نوستالژیا یان نوستالژی به واتای نامۆیی و غوربه‌ته و وشه‌ی ئه‌یلیه‌نه‌یشن به واتای له‌خۆنامۆبوون و لهخۆبێگانهگییه.
1. نامۆیی
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی سه‌یره. ره‌نگه سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ترین بوونه‌وه‌ر بێ له نێو سروشتدا. هه‌رگیز ناسره‌وی. له هیچ بارودۆخێکدا ئۆقره ناگرێ و له گه‌ڵ هیچ چه‌شنه یاسایه‌ک ناگونجێ. بۆ له‌زت بردن تووشی هه‌موو ئازارێک ده‌بێ. بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنێ عه‌داڵه‌ت له هیچ تاوان و جێنایهتێک سڵ ناکا. بۆ گه‌یشتن به ئازادی ده‌بێته کۆیله و عه‌بدی هه‌موو ئایدۆلۆژیایه‌ک. به درێژایی ته‌مه‌نی له سه‌ر گۆی زه‌وی ده‌سوورێته‌وه و به‌رده‌وام له دووی شتێک ده‌گه‌رێ که خۆشی نازانێ چییه! به‌رده‌وام ڕاده‌کا بێ ئه‌وه‌ی بتوانێ له ده‌ست خۆی رزگاری بی. حافزی شیرازی ده‌ڵێ :
در اندرون من خسته دل ندانم چیست که من خموشم و او درفغان و غوغاست
واته: هه‌ناوی منی دڵ بریندار نازانم چی تێدایه که من بێده‌نگم و ئه‌و له‌هاوار و ڕۆدایه تۆ بڵێی ئه‌م شته چی بێ؟ له من ده‌پرسن؟ ده‌ڵێم به‌س غوربه‌ته‌و ده‌ردی غوربه‌ت. ئاخر شاعێر نه‌ما غوربه‌ت سه‌ری سپی نه‌کا(I). ئاخر غوربه‌ت ده‌ردی بێ ده‌رمانه. خزمینه به شێتم مه‌که‌ن، که ده‌ڵێم غوربه‌ت ده‌ردی بێ ده‌رمانه. ڕه‌نگه پێم پێبکنن و بڵێن: ده‌ی کاکی برا که ده‌زانی غه‌ریبی ئوقره‌ی لێ بڕیوی، فه‌رموو بگه‌ڕێوه بۆ کاولبووه‌که‌ی خۆت و ئیتر مێشکمان مه‌به. به‌ڵام هه‌یهات! ئه‌وه‌یه ده‌ڵێم مرۆڤ خۆشی نازانێ له چی ده‌گه‌ڕێ! ئاخر خۆ غوربه‌ت هه‌ر ئه‌وه نییه که ئێوه تێیگه‌یشتوون. که‌وابوو ئه‌ی چییه؟
بۆ تێگه‌یشتن له غوربه‌ت چار نییه جگه‌له‌وه‌ی که شێوه جۆربه‌جۆره‌کانی غوربه‌ت ده‌ستنیشان بکه‌ین و لێیان بکۆڵینه‌وه. ئه‌ڵبه‌ت من نازانم ئه‌م ده‌سته‌به‌ندی یا پۆلێنکردنه‌ی که من کردوومه ،چه‌نده راست یان هه‌ڵه‌یه. یان ئه‌و ناوانه‌ی که بۆ شێوه جۆربه‌جۆره‌کانی نوستاڵژی دامناون گونجاون یان نه؟ گرنگ نییه. گرنگ ئه‌وه‌یه تۆزێ کێشه‌که ڕوون بێته‌وه.
ئا) . غوربه‌تی مه‌کانی
یه‌که‌م جۆری غه‌ریبی که زۆربه‌ی خه‌ڵک ئه‌وه به غوربه‌ت ده‌زانن، غوربه‌تی مه‌کانییه. واته گۆڕینی شوێنی مه‌ئلووفی ژیان و ڕووکردن له شوێنێکی تر. پێویست ناکا رێگایه‌کی درێژ ببڕی بۆئه‌وی هه‌ست به نامۆیی بکه‌ی. نێوانی سهقزو بۆکان سی کیلۆمه‌تره، من که ده‌چوومه بۆکان خۆم به غه‌ریب ده‌زانی. ئێستا نه‌خوازه‌ڵڵا له ده‌ریاکان بپهریتهوهو به سه‌ر ده‌یان وڵات‌دا خۆت له سوید ببینیته‌وه.
ئه‌م شێوه له غوربه‌ت ساکارترین و ئاسایی‌ترین شێوه‌ی نامۆییه. هه‌موو خه‌ڵک که‌م وزۆر تووشی هاتوون و لام وایه پێویست ناکا له‌وه زیاتر له‌سه‌ری بدوێین.
ب). غوربه‌تی ئوستووره‌یی یا نوستاڵژی ئایینی
له‌و ڕۆژه‌وه دایه هه‌واو باوه ئاده‌می نه‌گبه‌ت سێوه‌که یان موسوڵمان گوته‌نی گه‌نمه‌که‌یان خوارد‌و خؤیان له‌و به‌هه‌شته حه‌یاته به‌ده‌رکردن دا، تا ئێستاش مرؤڤ خۆی له سه‌ر گۆی زه‌وی به غه‌ریب ده‌زانێ. به هیچ شێوه‌یه‌ک ناحه‌وێته‌وه‌و به‌رده‌وام په‌له‌قاژه‌یه‌تی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و به‌هه‌شته. واته: زه‌وی تاراوگهیهو به‌هه‌شت نیشتمان. که‌وابوو له روانگه‌ی ئایینه‌وه به‌تایبه‌ت ئایینه سامییه‌کان واته یه‌هوودییه‌ت، مه‌سیحییه‌ت و ئیسلام، مرۆڤ به‌درێژایی ته‌مه‌نی له سه‌ر گۆی زه‌وی غه‌ریب بووه‌و تامه‌زرۆی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ به‌هه‌شت.
پ). نوستاڵژی عێرفانی
حافزی شیرازی ده‌ڵێ :
دوش دیدم که ملائک در میخانه زدند گل آدم بسرشتند و به پیمانه زدند
آسمان بار امانت نتوانست کشید قرعه فال به نام من دیوانه زدند
واته: دوێنێ شه‌و بینیم که مهلایهتهکان ده‌رگای مهیخانهیان کوتا، قوڕی ئاده‌میان شێلاو دایان له قاڵب(پێوه‌ر). ئاسمان نه‌یتوانی باری ئه‌مانه‌ت بگرێته ئه‌ستۆ [هه‌ربۆیه] قورعه(پشک)ی فاڵ به ناوی منی سه‌رشێته‌وه لێدرا(یان با بڵێین: بیتاقه‌که بۆ من ده‌رچوو). مه‌به‌ستی ئه‌ویه که خوا داوای کرد له هه‌موو مهلایهتهکان که ببنه خه‌لیفه‌و نوێنه‌ری خوا له سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام هیچیان نه‌یانوێرا ئه‌و ئه‌رکه قورسه قه‌بووڵ که‌ن. هه‌ر بۆیه بلیته‌که بۆ مرۆڤی سه‌رشێت ده‌رچوو. واته پهنهکه درا به مرۆڤ.
له عێرفاندا مرۆڤ نه‌ک هه‌ر نوێنه‌رو خه‌لیفه‌ی خوایه، به‌ڵکوو مرۆڤ هه‌ر خوایه. هه‌ربۆیه مه‌نسووری حه‌للاج ده‌ڵێ : انا الحق.
جا کاره‌ساته‌که لێره‌دایه، مرۆڤێک که خوایه تووشی ئه‌و هه‌موو چه‌رمه‌سه‌ری و قه‌باحه‌ته بووه. هه‌ربۆیه عارفان ده‌ڵین : مرۆڤ ده‌بێ هه‌موو قۆناغه‌کانی سهلووک یه‌ک له‌دوای یه‌ک ببڕێ و له ناسووته‌وه ههڵکشێتهوه بؤ لاهووت و بگاته‌وه لای خوا و له نێو خوادا بتوێته‌وه (فنا فی الله). واته له مرۆڤی سه‌رلێ شێواو و غه‌ریب که‌وتوو ببێته‌وه به خوا. که وابوو له روانگه‌ی عێرفانیشهوه مرۆڤ هه‌ر غه‌ریبه و نامۆ.
ت). غوربه‌تی زگماکی
ژاک لاکان که ده‌روون ناسێکی ساختارگهرای فه‌ڕه‌نسییه ده‌ڵێ : هه‌موو مرۆڤه‌کان له‌و ساته‌وه که له‌دایک ده‌بن تا ئه‌وکاته‌ی که ده‌مرن، بێ ئه‌وه‌ی به خۆ بزانن تامه‌زرۆی گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ نێو پزدان(مناڵدان)ی دایکیان. چونکه ناخوداگاه هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌وێ شوێنێکی گه‌رم و نه‌رم و بێ مه‌ترسی بوو، که‌چی له‌خۆڕا له‌دایک بووین و تووشی کوێره‌وه‌ری و چههرمهسهرێی ژیان هاتین.
کێ چووزانی؟ ره‌نگه بۆچوونه‌که‌ی ژاک لاکان راست بێ. ئاخر خزمینه خۆمانین، هه‌موومان ئه‌و ساته‌ی له‌دایک بووین شینمان گێڕا بۆ له‌ده‌ست چوونی ئه‌و به‌هه‌شته گه‌رم و نه‌رمه. که‌وابوو غوربه‌ت هه‌ر زگماکی به کۆڵمانهوهیه. هه‌ربۆیه ئه‌م شێوه نوستاڵژییهم ناو نا نامۆیی یا غوربه‌تی زگماکی. پیشتریش ئاماژه‌م پێ‌کرد که ره‌نگه ئه‌م پۆلێن کردن(ده‌سته‌به‌ندی)ه و ناولێنانه که من کردوومه بۆ جیاکردنه‌وه‌ی شێوه جۆربه‌جۆره‌کانی نوستاڵژی هه‌ڵه بێ. به‌ڵام چار نییه. مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو باسه‌که ڕوون بێته‌وه.
ج). نامۆیی ته‌مه‌نی
هه‌تا جوان بووم فره پیر نه‌بووم ئه‌مکرد راوی باز سۆنهگر نه‌بووم
ئێستا پیر بووگم من ئه‌گرم سۆنه سۆنه‌ش سڵ ئه‌کا له داوی کۆنه
به‌ڵێ، مرۆڤ که پیر ده‌بێ له رابردوودا ده‌ژی. هه‌میشه حه‌سره‌تی کاتی لاوی ده‌خواو ئێستا و ئه‌م کاتی پیرییه نامۆیه له‌گه‌ڵ خواست و نیاز‌و هه‌ست و نهستیداو به‌رده‌وام له ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌دایه بۆ سه‌رده‌می لاوی و تامه‌زرۆی ''چاوچاوانێی سه‌ربان و ماچ ومووچی سه‌رکانی" یه‌و "ده‌نگدانه‌وه‌ی چرپه‌ی جوانی له گوێیدا وه‌کوو خۆی ماوه" و به یادی ئه‌و هه‌موو دڵداری و ژوان و چی و چییه... برینداره برینداره. که وابوو پیری له‌گه‌ڵ خؤی نامۆیی ده‌هێنێ و حه‌سره‌تی کاتی لاوی ته‌نگ به مامۆستا عه‌لیمه‌ردان هه‌ڵده‌چنێ و ده‌یهێنێته سۆز بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ : که‌ی دێته‌وه که‌ی دێته‌وه...
چ). نوستاڵژی مێژوویی
ئه‌م جۆره له نامۆیی لانیکه‌م به دوو شێوه خۆ ده‌نوێنێ که بریتین له : 1. نوستالژی گشتی یا جیهانی
2. نوستاڵژی نه‌ته‌وه‌یی ، که هه‌وڵ ئه‌ده‌م روونیان بکه‌مه‌وه.
1. نوستاڵژی گشتی (جیهانی) : ئه‌م جۆره نامۆییه تایبه‌ته به هه‌موو مرۆڤایه‌تی و هی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراو نییه. له مێژوودا سه‌رده‌مێکی هه‌ره دێرینی ئه‌فسانه‌یی و پێش مێژوویی ناودێر ده‌کرێ یان باشتر وایه بڵێین بوونی سه‌رده‌مێک فه‌رز(گریمانه) ده‌کرێ که پێی ده‌ڵێن سه‌رده‌می زێرین ------> Golden Age. گوایه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو مرۆڤه‌کان وه‌ک ئه‌ندامانی یه‌ک خێزان و به بێ هیچ چه‌شنه جیاوازییه‌ک پێکه‌وه ژیاون. نه گه‌ل و نه‌ته‌وه، نه وڵات و سنوور، نه چین و توێژی کۆمه‌ڵایه‌تی ، نه چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه، نه جیاوازی ئایینی و ئایدیۆلۆژیک، نه شه‌ڕ و نه هیچ کێشه‌و ململانێیه‌ک له ئارادا نه‌بووه. به‌س هه‌ر ته‌بایی و ئاشتی و شادی بووه‌و به‌س.
مرۆڤ ئێستاش شێت و شه‌یدای گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌و هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ ژیاندنه‌وه‌و پێکهێنانی دووباره‌ی ئه‌و بارودۆخ و سه‌رده‌مه‌یه‌و جیهانی ئێستا له گه‌ڵ سرۆشت و خواست و نیازی ناگونجێ و هه‌ست به نامۆیی ده‌کا.
2. نوستاڵژی نه‌ته‌وه‌یی : ئێمه‌ی کورد هه‌میشه شانازی ده‌که‌ین به شارستانییه‌تی میزۆپۆتامیا (بین النهرین)وه ، یان به‌رده‌وام ئاخ وداخی حه‌سره‌ت هه‌ڵده‌کێشین بۆ ده‌سه‌ڵاتداریمان له سه‌رده‌می ماده‌کاندا. فارسه‌کان ئێستاش حه‌سره‌تی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری هێخامهنێشییهکان و ساسانییه‌کان له سه‌ر دڵیان گورپی کردووه‌و هه‌ناسه‌ی بۆ هه‌ڵده‌کێشن. مسرییه‌کان به هه‌مان شێوه شانازی ده‌که‌ن به‌و سه‌رده‌مه‌وه که شارستانییه‌تێکی مه‌زنیان هه‌بوو. یۆنانییه‌کان ههروهکتر. هه‌روه‌ها شارستانییه‌تی بابێل و سوومهرو... بووه‌ته بنێشته خۆشه‌ی ده‌می ئێراقییه‌کان و سووریییه‌کان. شارستانییه‌تی مایا بووه‌ته نوستاڵژیایهکی گران له هزرو مێشکی خه‌ڵکانی ئه‌مریکای لاتین به تایبه‌ت مه‌کزیکییه‌کان. ئه‌وه ئیتر با واز بێنین له ئه‌رزی مهوعوودی جووله‌که‌کان(ئه‌گه‌رچی ئه‌م دانه‌یان پێچه‌وانه‌یه، واته حه‌سره‌ته‌که پتر رووی له داهاتووه نه‌ک رابردوو) که چ فه‌رته‌نه‌یه‌کی ناوه‌ته‌وه له ناوچه‌که‌دا.
ح). نوستالژی فه‌لسه‌فی
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه‌وه بڕوانینه مه‌سه‌له‌که، ده‌بینین که مرۆڤ به درێژایی بوونی له سه‌ر زه‌وی به‌رده‌وام له نهێنییه‌کانی ژیان و سروشت ڕاماوهو بیری کردووه‌ته‌وه و ویستوویه‌تی نه‌ک هه‌ر هه‌ستی و سروشت بناسێ به‌ڵکوو بشیانگۆڕێ و جیهان بکاته به‌هه‌شت.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا هه‌ندێ له فیلسووفان و کۆمه‌ڵناسه به‌ناوبانگه‌کان هه‌وڵیان داوه گه‌ڵاڵه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ڕێک و پێک دابڕێژن به شێوه‌یه‌ک که هه‌موو كێشه‌کانی مرۆڤایه‌تی چاره‌سه‌ر بکرێن. به کورتی، ویستوویانه دنیا بکه‌نه به‌هه‌شت.
هه‌ر له کۆمه‌ڵگا خه‌یاڵییه‌که‌ی ئه‌فلاتوونه‌وه، که له کتێبی جمهووریدا باسی کردووه، بگره تا کۆمه‌ڵگا به‌ڕواڵه‌ت عیلمی به‌ڵام له راستیدا خه‌یاڵییه‌که‌ی مارکس، هه‌موو له دوای پێکهێنانی به‌هه‌شت وێڵن.
ئه‌و جۆره کۆمه‌ڵگایانه پێیان ده‌گوترێ "یووتوپیا" یان "مدینه فاضله" .
هه‌وڵی ئه‌م به‌ڕێزانه بۆ چییه؟ بۆئه‌ویه که ئ‌وان لایان وایه جیهان و ژیان به‌م شێوه‌ی که هه‌یه له گه‌ڵ خواست و نیازی مرۆڤ رێک ناکه‌وێ و مرۆڤ هه‌ست به غوربه‌ت و نامۆیی ده‌کا تێیدا. که وابوو ده‌بێ کۆمه‌ڵگایه‌ک پێک بهێنین که له گه‌ڵ سروشتی مرۆڤ بگونجێ.
خ). نامۆیی فه‌ردی (تاکه که‌سی)
ئه‌م جۆره هه‌ست کردنه به نامۆیی زیاتر ئاوقه‌ی که‌سانێکی تایبه‌تی ده‌بێ. ره‌نگه به شێوه‌یه‌ک بتوانین ناوی بنێین نامۆیی نوخبه‌کان!
ئه‌م نه‌وعه نامۆییه به ڕای من زۆر گرنگه و له‌وانه‌یه هه‌موو شێوه‌کانی تریش بگرێته‌وه.هه‌ربۆیه تۆزێ ووردتر باسی ده‌که‌م.
هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تای باسه‌که‌دا ئاماژه‌م بۆ کرد، مرۆڤ له خۆڕا نائارام و بێ ئۆقره‌یه. هه‌ر شتێک به‌س ماوه‌یه‌کی کورت تازه‌گی هه‌یه بۆی و خێرا ئێکسپایه‌ر ده‌بێ.
ئه‌ڵبه‌ت پێویسته بڵێم که ئه‌م لایه‌نه له ته‌بێعه‌تی مرۆڤ هه‌م ئاکامی باشی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌و هه‌م ئاکامی خراپ. ئه‌وی که مرۆڤ هه‌رگیز به دۆخی ئێستای رازی نابێ، بۆته هۆی تێکۆشانی له بواری جۆر به جۆردا بۆ به‌رهه‌مهێنانی شتی تازه‌و به‌که‌ڵک بۆ ئاسانتر کردن و خۆشتر کردنی ڕه‌وتی ژیان. به‌ڵام له لایه‌کی تره‌وه ، هه‌ر ئه‌م حه‌زکردنه له شتی تازهترو تازه‌تر، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که نانی سه‌رمایه‌داره‌کان بکه‌وێته ڕۆنهوهو هه‌ر رۆژه‌و مودێلێکی تازه له موبایل و سه‌یاره و ... داده‌هێنن و خه‌ڵکی پێ بڕووتێننه‌وه به تایبه‌ت گه‌نجه‌کان.
هه‌روه‌ک ده‌زانین هیچ له‌زه‌تێک تا سه‌ر نییه‌و مرۆڤ به‌رده‌وام له له‌زه‌تی تازه ده‌گه‌ڕێ. هه‌ربۆیه لای زۆر که‌س جگه‌ره‌کێشان، خواردنه‌وه‌ی خواردنه‌وی مه‌شرووب و کێشانی تریاک و شتی له‌وبابه‌ته‌ی به دوادا دێ و ده‌بێته وه‌یشوومه.
سه‌باره‌ت به شوێنی ژیانیش مرۆڤ هه‌ر نارازی و بێ ئۆقرهیهو هه‌ر له‌خۆوه حه‌ز به جێگۆرکێ و کۆچ و سه‌فه‌ر ده‌کاو له ژیانێکی خۆشترو بارودۆخێکی باشتر ده‌گه‌ڕێ.
جا هه‌ندێ که‌س که له هه‌موو ئه‌م شتانه ماندوو ده‌بن و ناگه‌نه ئه‌و ئاکامه‌ی که ده‌یانه‌وێ، ده‌گه‌نه ئه‌و باوه‌ره‌ی که ژیان هه‌ر له بنه‌وه شتێکی پووج و بێ مانا‌و گهوجانهیهو ده‌ڵێن مرۆڤ خۆی بکوژێ باشتره! ده‌ڵێن لانیکه‌م مافی هه‌ڵبژاردنی کات و سات و شوێن و شێوه‌ی مردنه‌که‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه. هه‌ر بۆیه هه‌ندێ که‌سانی به ناوبانگ له بواری جۆر به جۆردا، خۆیان ده‌کوژن. ئه‌مانه ئه‌و که‌سانه‌ن که به گشتی پێیان ده‌ڵێن :NIHILIST واته: ره‌شبین یان باشتر وایه بڵێین پووچگه‌را. که وابوو نیهیلیسم له‌سه‌ر ئه‌ساسی ره‌فز کرنه‌وه‌و رهدکرنهوهی حه‌قێقه‌ت یان حه‌قێقه‌تی واقێعه‌کان بنیاد نراوه.
جگه‌له‌مانه‌ش زۆر جار ده‌بینین یان ده‌بیستین که هه‌ندێ که‌س ده‌ڵێن: من له وڵاته‌که‌ی خۆشمدا غه‌ریبم، هیچ که‌س تێم ناگا، ئه‌و داب و نه‌ریت و یاسا‌و ڕێسایه‌ی که داسه‌پاوه به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگادا، له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی من ناگونجێ و...
که وابوو "تضاد" یان كێشه‌و ململانێ و رێکنه‌که‌وتن له نێوان تاکه‌که‌س و کۆمه‌ڵگادا پێک دێت. هه‌ر بۆیه ئه‌و که‌سه له نێو کۆمه‌ڵگای خۆیداو ته‌نانه‌ت له نێو دۆست و براده‌رو که‌س و کاره‌که‌ی خۆشی‌دا ناحه‌وێته‌وه‌و هه‌ست به غوربه‌ت و ته‌نیایی ده‌کا.
صادق هدایت نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئێرانی له یه‌کێ له کتێبه‌کانیدا به ناوی "بوف کور" واته: "کونهبووی کوێر" به دنیا ده‌ڵێ: "دنیای رجالهها" واته : دنیای بووده‌ڵه‌کان.
که‌سانێکیش هه‌ن که جاری واهه‌یه له هه‌موو خه‌ڵک تووڕه ده‌بن و له‌باتی "کۆمه‌ڵگا" ده‌ڵێن: "کۆمه‌ڵه‌گا"! که وابوو یه‌م تاکه‌که‌سانه جگه له نامۆییه گشتییه‌کان که هی هه‌موو مرۆڤه‌کانه، نامۆیی تایبه‌ت به خۆشیان هه‌یه.
ئه‌مانه شێوه جۆربه‌جۆره‌کانی نامۆیی بوون . ئێستا با بچینه سه‌ر باسی له خۆنامۆبوون.
2. له‌خۆنامۆبوون
هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م بۆ کرد، ئیلیهنهیشێن به واتای له‌خۆنامۆبوون و له ته‌بێعه‌ت و سروشتی خودی خۆ دابڕانه. ئیلیهنهیشێن چه‌مکێکی فه‌لسه‌فییه. مارکس ئه‌م چه‌مکه‌ی له مامۆستا به‌ناوبانگه‌که‌ی خۆی واته "هێگێل" وه‌رگرت. دواتر خۆی زۆری لێ کۆڵایهوهو په‌ره‌ی پێدا. هه‌ربۆیه ئێستا زیاتر مارکس به خاوه‌نی ئه‌و چه‌مکه ده‌ناسرێ. که وابوو له پێشدا به مارکسه‌وه ده‌ست پێده‌که‌ین.
ئا). له‌خۆنامۆبوون له روانگه‌ی مارکس ه‌وه
مارکس ده‌ڵێ مرۆڤ توانایه‌کی سه‌یری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که سروشت یان ته‌بێعه‌ت بێنێته ژێر رکێفی خۆی و به دڵخوازی خۆی و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بیگۆڕێ و زال بێ به‌سه‌ریدا. هه‌روه‌ها مرۆڤ ئه‌و تواناشی هه‌یه که به‌سه‌ر تواناکه‌ی خۆشی‌دا زاڵ بێ و کونتڕۆڵی بکا. که وابوو ده‌توانێ هه‌م سروشت و هه‌م تواناکه‌ی خۆشی کونتڕۆڵ بکا. به‌ڵام به‌داخه‌وه بارودۆخی حاکم به‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌ک؛ چۆنییه‌تی ره‌وابتی ته‌ولید واته پێوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌م هێنان و شێوه‌ی ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی به‌رهه‌مه‌کان، هه‌روه‌ها پاشه‌که‌وت کردن و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان و چه‌وساندنه‌وی زۆرینه‌ی به‌رهه‌م هێنه‌ر له لایه‌ن که‌مینه‌ی خاوه‌ن ئامرازی به‌رهه‌مهێنانه‌وه ده‌بێته هۆی پێکهاتنی کێشه‌وململانێی کۆمه‌ڵایه‌تی و دژایه‌تی نێوان چه‌وساوان و چه‌وسێنه‌ران. هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه هۆکاری به‌فیڕۆچوونی ئه‌و توانایه‌ی مرۆڤ. هه‌ربۆیه مرۆڤ ده‌بێته مڵۆزمی خۆی و له ته‌بێعه‌ت و سروشتی خۆی داده‌بڕێ و ئێلینه ده‌بێ واته له‌خۆ نامۆ ده‌بێ. که وابوو توانایه‌ک که ده‌بوو ببێته هۆی رزگاری و ئاسایش و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ، به لاڕێدا ده‌چێ و ده‌بێته هۆی کۆیله‌بوون و شه‌ڕو کێشه‌و چه‌وسانه‌وه‌و هه‌ژاری. لهخۆنامۆبوونێک سه‌رهه‌ڵده‌دا که مرۆڤ له ئینسانییه‌ت ده‌خاو ده‌یکاته حه‌یوانێکی چاوچنۆک و کۆیله‌ی غه‌ریزه حه‌یوانییه‌کانی. (II)
ئه‌مه بۆچوونه‌که‌ی مارکس. ئێستا با بزانین ئێگزیستانسیالیسته‌کان واته وجوودییه‌کان به تایبه‌ت هایدێگێر چی ده‌ڵێن.
ب). له‌خۆنامۆبوون له‌روانگه‌ی هایدێگێرهوه
مارتین هایدێگێر فیلسووفی به‌ناوبانگی ئاڵمانی بایه‌خێکی زۆر ده‌داته بوونی مرۆڤ له نێو چه‌رخه‌ی ژیاندا‌و ده‌ڵێ مرۆڤ بێ ئه‌وه‌ی خۆی بزانێ یا بێ ئه‌وه‌ی خۆی بیه‌وێ له‌پڕ چاو ده‌کاته‌وه‌و سه‌یرده‌کا وا له نێو ژیاندا. یان باشتر وایه بڵێین فڕێدراوه‌ته نێو گه‌ڕو چه‌رخه‌ی ژیان. ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌رخه‌دا ده‌سووڕێته‌وه‌و دیسان بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ فڕێده‌درێته ده‌ره‌وه‌و ده‌مرێ. ده‌ڵێ له یه‌که‌م ساتی ژیانه‌وه له‌گه‌ڵ ئیمکانی ژیان و زیندووبوون ئیمکانی مه‌رگ و تیاچوونیش شان به‌شانی زیندووبوونهکه له‌گه‌ڵ مرۆڤه. هه‌ربۆیه مرۆڤ به درێژایی ژیانی دڵه‌ڕاوکێ"اضطراب"ی مه‌رگی ژهگهڵدایه. جا هه‌ر ئه‌و دڵه‌ڕاوکێیه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که مرۆڤ به‌رده‌وام له هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی شتی نوێ و ئیختێراع و ئیکتێشافدایه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ژیانێکی به‌خته‌وه‌رانه‌و درێژکردنی ته‌مه‌ن و له‌ڕاستیدا ڕاکردن له چنگی مه‌رگ و نه‌مان. که وابوو ئه‌و دڵه‌ڕاوکێیه نه‌ک هه‌ر خراپ نییه به‌ڵکوو پێویستیشهو ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که مرۆڤ تواناکانی خۆی بخاته گه‌ڕ بۆ ئافراندن و خه‌للاقییه‌ت و پێکهێنانی ژیانێکی پڕ له ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری. که‌چی به‌داخه‌وه مرۆڤ بۆ راکردن له ده‌ست ئه‌و دڵه‌ڕاوکێیه په‌نا ده‌باته به‌ر موخه‌ده‌رات و داوده‌رمان و هه‌وڵده‌دا ئارامشێکی درۆیین و کورت خایه‌ن بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بکاو له‌ڕاستیدا توانای ئافراندن و خهللاقییهتهکهی ده‌گۆڕێته‌وه به ده‌به‌نگی و هه‌وڵده‌دا بۆ سڕکردنی هزرو ئه‌ندێشه‌ی خۆی و به‌م شێوه له‌و سروشته داهێنه‌رو مرۆڤانه‌ی خۆی داده‌بڕێ و تووشی له‌خۆنامۆیی ده‌بێ و له واقعییه‌تی ژیانی خۆی ڕاده‌کا.(III)
ئه‌مه پوخته‌ی بۆچوونی هایدێگێره له سه‌ر ئیلیهنهیشێن.
پ). له‌خۆنامۆبوونی ده‌وره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان
شێوهیهکیتری له‌خۆنامۆبوون ئه‌وه‌یه که مرۆڤه‌کان له نێو ئه‌و نه‌قش و ده‌وره‌یدا که له ژیانی رۆژانه‌دا ده‌یگێڕن خودی خۆ وون ده‌که‌ن و له سروشتی خۆیان داده‌بڕێن و ده‌چنه پشت ده‌مامکی شوغڵ و پۆست و مه‌قام و به گشتی ده‌وره کۆمهڵایاتییهکانهوه. واته ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان له مرۆڤ به سه‌رتر و پیرۆزتر ده‌زانن! یان به پێچه‌وانه ژێرده‌سته‌کان خۆیان به که‌متر ده‌زانن و وه‌ک مرۆڤێکی برانبه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران سه‌یری خۆیان ناکه‌ن! بۆ نموونه مرۆڤێک قازی(حاکم)ه، ئه‌م به‌ڕێزه ئه‌و چه‌ند کاتژمێره‌ی که وه‌کوو ئیش و کار خه‌ریکی دادوه‌رییه به‌ڵێ قازییه‌و حوکم ده‌دا له‌سه‌ر ئه‌و کێشانه‌ی که ئه‌و رۆژه له ئارادایه. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که کاری رۆژانه‌ی ته‌واو ده‌بێ و دێته ده‌ره‌وه و ده‌چێته نێو بازار‌و شه‌قام، ئیتر قازی نییه به‌ڵکوو مرۆڤه. مرۆڤێکی ئاساییه وه‌ک هه‌مووان. که‌چی ئه‌و له نێو بازاڕیشدا هه‌ر وه‌ک دادگا خۆی به قازی ده‌زانێ و خه‌ڵکیتر به ژێرده‌سته! لای وایه له نانه‌واخانه‌و قه‌سابی و هه‌موو شوێنێکدا له پێش فڵانهکهسهوه بێ که سایه‌ق، کرێکار، حه‌ماڵ یان مامۆستایه! که وابوو پۆست و مه‌قامه‌که له کاتی ئاسایی و بێکارییشدا هه‌ر ها به کۆڵییهو ئیتر مرۆڤ نییه و له سروشته سروشتییه‌که‌ی خۆی داده‌بڕێ. مرۆڤه هه‌ژاره‌که‌ش ههروهکتر لای وایه که له‌و که‌سه که‌متره‌و ده‌بێ له هه‌موو شوێنێکدا مل که‌چی بڕیاری ئه‌و بێ! واته ئه‌ویش تووشی له‌خۆنامۆبوون ده‌بێ.
ت). له‌خۆنامۆیی مودێڕن
جۆرێکی تری له‌خۆنامۆبوون شێوه مودێڕنهکهیهتی که مودێڕنیته له‌گه‌ڵ خۆی هێناویه‌تی. ئه‌ویش دوورکه‌وتنه‌وه‌و دابڕانی مرۆڤه‌کانه له یه‌کتر. ده‌بینین که له کۆمه‌ڵگا مودێڕنه‌کاندا دراوسێیه‌تی مه‌عنای نه‌ماوه و ئێمه دراوسێکانی خۆمان ناناسین و پێوه‌ندییه‌کمان له‌گه‌ڵیان نییه. که مرۆڤێک له سه‌ر شه‌قام ده‌بوورێته‌وه ، ئێستا نه‌خۆش بێ، برسی بێ ، ئه‌لکولی یان هه‌رشتێکیتر، بێ گومان مرۆڤێکه وه‌ک ئێمه‌و پێویستی به یارمه‌تییه. که‌چی هه‌موو خۆی لێ لا ده‌ده‌ن و یارمه‌تی ناده‌ن. هه‌روه‌ها ده‌بینین ته‌نانه‌ت له‌نێو خێزانی ماڵیشدا به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری جێگای سۆز‌و عاتیفه و خۆشه‌ویستی گرتووه‌و پێوه‌ندی که‌س و کار یان نه‌ماوه یان زۆر کز بووه. ئه‌و پیر و به‌ساڵاچووانه‌ی که سه‌گ و پشیله راده‌گرن، له‌ڕاستیدا بۆ ڕاکردن له ته‌نیایی، سه‌گ و پشیله‌یان ناوه‌ته جێگای مناڵ و خوشک و براکانیان.
که‌وابوو مرۆڤی مودێڕن گۆڕانکاری سه‌یری به‌سه‌ردا هاتووه. له ته‌بێعه‌تی مرۆڤانه‌ی خۆی دابڕاوه و بۆته بوونه‌وه‌رێکی تر. هه‌ربۆیه فرانتس کافکا نووسه‌ری به‌ناوبانگی خه‌ڵکی وڵاتی چێک، له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا به ناوی "مه‌سخ" ، باسی ئه‌وه ده‌کا که پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که به‌یانییه‌ک که له خه‌و هه‌ڵده‌ستێ ، سه‌یر ده‌کا ئیتر مرۆڤ نییه. گۆڕانکارییه‌کی سه‌یری به‌سه‌ردا هاتووه‌و بۆته حه‌شه‌ره. هه‌روه‌ها له‌بیرمه جارێکیان مامۆستا ره‌وف بێگه‌رد چیرۆکێکی خۆی بۆ خوێندمه‌وه که له کۆتاییدا قاره‌مانی چیرۆکه‌که ده‌بێته قالۆنچه.
ج). له‌خۆنامۆیی نه‌ته‌وه‌یی
هه‌ڵسوکه‌وت و پێوه‌ندی جۆراوجۆری گه‌لان له‌گه‌ڵ یه‌کتر له پانتایی مهژوودا و زاڵبوونی کاتي گه‌لێک به‌سه‌ر گه‌لێکی تردا له بواری نیزامی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، عیلمی یان پیشه‌سازیدا، بۆته هۆی ئه‌و ته‌وه‌هومه‌ی که هه‌ندێ نه‌ته‌وه لایان وایه که له‌وانیتر باشتر‌و پاکتر و له‌پێشترن.
هه‌ر بۆیه گه‌لان به سووکایه‌تی سه‌یری یه‌کتر ده‌که‌ن و رک و کینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له نێو گه‌لاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و بیروبۆچوونی راسیستی و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه هه‌رده‌م له زیاد بووندایه. چما له بیریان چووه که خه‌ڵکانی تریش وه‌ک ئه‌مان مرۆڤن. ئه‌م دیارده‌یه وایکردووه که هه‌ندێ له گه‌لان خۆیان به که‌متر له‌وانیتر بزانن و به‌م شێوه مرۆڤه‌کان له یه‌کتر دوور که‌ونه‌وه و تووشی جۆره لهخۆنامۆبوونێک بن که ئینکاری خود یان مرۆڤه‌کانیتر بکه‌ن.
چ). له‌خۆنامۆیی جنسی
ژن و پیاو هه‌ردووکیان مرۆڤن. هه‌ردوو خاوه‌نی سروشتی مرۆڤانه، به‌هره‌ی هۆشی ، توانای بیرکردنه‌وه ، داهێنان و شوێن دانان له سه‌ر سروشت و کۆمه‌ڵگان. هه‌روه‌ها خاوه‌نی توانای به‌کار هێنانی ئیمکاناتی سروشت و کۆمه‌ڵگان بۆ گۆڕین و خۆش کردنی ژیانی خۆیان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه ده‌زانین که هه‌ندێ جیاوازی به‌رچاوی سروشتیشیان هه‌یه که نکۆڵی لێناکرێ. به‌ڵام پێویسته جه‌خت بکه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و جیاوازییانه ته‌نیاو ته‌نیا نیشانه‌ی جیاوازیینو به‌س. واته ئه‌و جیاوازییانه هه‌رگیز به مه‌عنای ئه‌وه نییه که لایه‌ک فڕی هه‌بێ به سه‌ر لاکه‌ی تردا. یان یه‌کێکیان باشتر‌و به‌هێزتر و ئه‌وی دیکه خراپتر‌و لاوازتر بێ!
ئه‌گه‌ر زۆرتر بوونی هێزی له‌ش نیشانه‌ی شانازی و سه‌روه‌ری پیاوه به‌سه‌ر ژن‌دا (هه‌روه‌ک ده‌سته‌یه‌ک له پیاوان به‌داخه‌وه وابیرده‌که‌نه‌وه)، ئێ خۆ وورچ وه‌ک له‌ش به‌هێزتره له پیاو. که‌وابوو وورچ ئه‌بێ سه‌روه‌ری پیاو بێ! که‌وابوو ژن و پیاو هه‌ردووکیان مرؤڤن وه‌ک یه‌ک و هیچیان بۆیان نییه خۆ له‌ویتر بهسهرتر بزانن.
که‌چی به‌داخه‌وه له‌سۆنگه‌ی هه‌ندێ هۆکاری ئابووری، ئایینی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له به‌شێکی گه‌وره‌ی جیهاندا زۆربه‌ی خه‌ڵک (که ئه‌ڵێم خه‌ڵک و ناڵێم پیاوان، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ته‌نیا پیاوان وا بیرناکه‌نه‌وه، به‌داخه‌وه ده‌سته‌یه‌ک له ژنانیش هه‌ر هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه!) تووشی ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه هاتوون که گوایه ژن له پیاو که‌متره و پیاو سه‌رتره! (IV)
که‌وابوو ئه‌و پیاوانه‌ی که لایان وایه سه‌روه‌ری ملوێنه‌ها ژنن! تووشی نه‌خۆشینی له‌خۆنامۆیی هاتوون و بیانه‌وێ و نه‌یانه‌وێ بوونه‌ته هۆکاری سته‌م به سه‌ر به‌شێکی هه‌ره گه‌وره‌ی مرؤڤه‌کاندا و دواکه‌وتوویی به‌شێکی هه‌ره گه‌وه‌ره‌ی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی.
کاره‌ساتی ناخۆشترو نه‌گریستر ئه‌وه‌یه که ده‌سته‌یه‌ک له ژنانیش هه‌مان بیروبۆچوونیان هه‌یه! من زۆرجار له ژنانی لای خۆمان ( کاتێ که ویستوویانه باسی خوێڕییه‌تی پیاوێک سه‌باره‌ت به رووداوێک یان هه‌ل و مه‌رجێکی دیاریکراو بکه‌ن ، وتوویانه: من به‌م ژنیه‌تی خۆمه نه‌ترسام، وام گوت یان وام کرد که‌چی فڵانه پیاو ...).
که‌وابوو ژنه‌کانیشمان به‌داخه‌وه تووشی هه‌مان نه‌خۆشینی له خۆنامۆۆبوونه هاتوون و خۆیان له مرۆڤ به‌که‌متر ده‌زانن!
ح). له‌خۆنامۆیی ژنان
له‌م به‌شه‌دا که‌دوایین شێوه‌ی له‌خۆنامۆبوونه، باسی ئه‌وه ده‌که‌ین که چۆن ژنان لانی که‌م به دوو شێوه‌ی دیکه‌ش تووشی له‌خۆنامۆیی بوون. جا بۆێه له به‌شی پێشوودا باسم لێ نه‌کرد ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که له‌لایه‌که‌وه پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی به حاڵه‌ته بیۆلۆژیکهکه نییه‌و زیاتر لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی له‌به‌رچاو ده‌گرین و له‌لایه‌کی تره‌وه به‌س باس له دوو ده‌سته له ژنان ده‌کرێ، ژنانی رۆژئاوا(ئورووپایی و ئه‌مریکایی) و ژنانی کۆچکردوو بۆ رۆژئاوا.
1. ژنانی رۆژئاوا
ده‌بینین که ژنی ئورووپایی له‌سۆنگه‌ی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تي ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگاکانیانه‌وه ، تووشی گۆڕانکارییه‌کی سه‌یر هاتوون.
ژنی رۆژئاوا خه‌ریکه هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتی وه‌ک پیاوی لێدێ. بۆ نموونه : له جل و به‌رگدا لاسایی پیاو ده‌کاته‌وه، وه‌ک پیاو جگه‌ره ده‌کێشێ، وه‌ک پیاو مه‌شرووب ده‌خواته‌وه‌و شێوه‌ی ئاخاوتن و میمیک (واته حاڵه‌تی ده‌م و چاوی له‌کاتی قسه‌کردندا)ی وه‌ک پیاو ده‌نوێنێ. یان له بواری وه‌رزشدا خه‌ریکی بۆکس و شتی وایه که به ڕای من ئه‌و جۆره وه‌رزشانه پیاوانه‌ن و له‌گه‌ڵ سروشت و ته‌بێعه‌تی ژن ناگونجێ.
ئه‌ڵبه‌ت پێویسته ئه‌وه ڕوون بکه‌مه‌وه که من باسی چاک یا خراپ بوونی جگه‌ره و مه‌شرووب ناکه‌م و باسی نه‌فسی مه‌شرووب خواردنه‌وه‌و جگه‌ره‌كێشان ناکه‌م. به‌ڵکوو قسه‌م له‌سه‌ر چۆنییه‌تی کاره‌که‌یه که به شێوه‌یه‌کی ژنانه نییه. چونکه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ، لاسایی کردنه‌وه نیشانه‌ی خۆ به کهمترزانینه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌که باشتر ڕوون بێته‌وه نموونه‌یه‌ک دێنمه‌وه.
هه‌موومان باش ده‌زانین که له دنیای شێعر‌و ئه‌ده‌بی کۆردی و فارسی‌دا ژنانێک بوون و هه‌ن که شێعریان وتووه‌و خاوه‌نی دیوانن، وه‌ک مه‌ستووره کوردستانی و په‌روین ئێعتێسامی و...
به‌ڵام ئه‌م ژنانه وه‌ک پیاو شێعریان وتووه و که شێعره‌کانیان ده‌خوێنیته‌وه هه‌ست ناکه‌یت که ژنێک ئه‌و شێعرانه‌ی وتووه‌و ته‌عبیر ناکا له هه‌ست و سۆزی ژنانه. به‌ڵام که‌سێکی وه‌ک فرووغ فرخزاد له به‌ر ئه‌وه‌ی که شێعره‌کانی ره‌نگدانه‌وه‌ی سۆز‌و هه‌ست و حه‌زو خولیای ژنێکه که ده‌یه‌وێ په‌رده له سه‌ر ئه‌و دنیا به زۆر کپ کراوه هه‌ڵبداته‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ئاوا به‌ناوبانگ بێ و ئه‌و هه‌موو ڕێزه‌ی لێ بگیرێ.
که‌وابوو ژنی ئورووپایی به لاسایی کردنه‌وه‌ی پیاو سروشتی ژنانه‌ی ده‌گۆردرێ و ژنانهگي تێدا نامێنێ و له‌خۆ نامۆ ده‌بێ.
2. ژنانی کؤچ کردوو بۆ ڕوژئاوا
ده‌سته‌یه‌ک له ژنانی سه‌ربه کولتووری ڕۆژهه‌ڵات که هاتوونه‌ته رۆژئاوا، خۆ به مودێڕن ده‌زانن و لاسایی ژنانی ئورووپایی یان ئه‌مریکایی ده‌که‌نه‌وه بێ ئه‌وه‌ی له فاکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی مودێڕنیته تێگه‌یشتبێتن. ئه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که ژنی رۆژهه‌ڵاتی نابێ هه‌مان ئه‌و مافانه‌ی هه‌بێ که ژنی رۆژئاوا هایه‌تی. به‌ڵکوو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئازادی ژنی رۆژئاوا ده‌ره‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی تایبه‌تییه که چه‌ندین سه‌ده له بواری فکری و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و له لایه‌ن ده‌یان و سه‌دان فیلسووف و بیرمه‌ندی جۆربه‌جۆره‌وه هه‌وڵی بۆ دراوه. هیچ نه‌بێ له سه‌رده‌می رێنێسانسه‌وه کاری بۆ کراوه. جا ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشکه‌وتنه له گه‌ڵ وه‌زعییه‌تی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات هه‌ڵسه‌نگێنین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌ک زه‌مانیش لێی بڕوانین (که هه‌ر ته‌نیا فاکته‌ری زه‌مان نییه و زۆر شتی دیکه ده‌بێ له به‌رچاو بگیرێ)، وڵاتانی لای ئێمه جه‌ندین سه‌ده له دواوه‌ن. که‌چی ژنی وڵاتانی دواکه‌وتوو وه‌ک کوردستانه‌که‌ی خۆمان فاسڵه‌ی ئه‌و چه‌ندین سه‌د ساڵه به شه‌ش سه‌عات سواري ته‌یاره ده‌بڕێ و دێته ئورووپا‌و ئیتر لای وایه که‌سایه‌تییه‌کی مودێڕنهو به‌رده‌بێته لاسایی کردنه‌وه‌ی ئه‌مان. که به‌ڕای من ئه‌مه هیچ نییه جگه له نه‌خۆشینی له‌خۆنامۆبوون.
په‌راوێزه‌کان:
*-- ئه‌م بابه‌ته یه‌که‌م جار هاوینی ساڵی 2003 له شاری Göteborg له وڵاتی سوید به شێوه‌ی کۆڕ و به به‌شداری هه‌ندێ له دانیشتوانی کوردی ئه‌و شاره ، پێشکه‌شم کرد. كۆڕهکه
له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی کۆلتوورییهوه دانرابووو.
( I ) ئاماژه بۆ ناوی کۆمه‌ڵه شێعرێکی به‌ڕیز کاک سابیر سدیق به ناوی "غوربه‌ت سه‌ری سپی کردم". شایانی باسه که به‌ڕێز کاک سابیر به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌که بوو.
( II ) بڕوانه کتێبی "مردان اندیشه"، براین مگی، مترجم: عزت الله فولادوند، انتشارات طرح ن‌و، تهران، 1374 ، به‌شی " فلسفه مارکسیستی: ، هه‌روه‌ها : به‌شی "مارکوزه و مکتب فرانکفورت".
(III ) هه‌مان سه‌رچاوه به‌شی "هایدگر و فلسفه جدید اصالت وجود"
(IV ) ماوه‌یه‌ک له شاری یۆتهبوری ( Göteborg ) کورسێکی سویدیم ده‌خوێند. رۆژێ یه‌کێ له مامۆستاکان بۆی گێڕامه‌وه که گوایه ساڵێ پێشتر پیاوێکی کورد هه‌ر له‌و کورسهدا به‌شدار بووه و جارێک که مامۆستایه‌کی ژن ده‌رسی پێ وتوون، ئه‌و پیاوه کورده وتوویه‌تی که پێی عه‌یبه که ژنێک مامۆستای بێ، هه‌ربۆیه له پۆله‌که چووه‌ته ده‌ره‌وه. ئیتر بزانن من وه‌ک کوردێک به بیستنی ئه‌و شته چه‌نده شه‌رمه‌زار بووم.
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home