Friday, October 15, 2010

نۆهه‌مین فستیواڵی چیرۆکنووسان له‌ بانه‌


چیرۆك ئه‌زموونێكی دی له ژیانه كه تاقیمان نه‌كردۆته‌وهسه‌رجه‌م نووسه‌ران و هۆگرانی چاند و هونه‌ر به تایبه‌ت چیرۆک نووسان ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه له دوای سێ ساڵ له به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رکه‌وتوانه‌ی هه‌شته‌مین فستیڤاڵی چیرۆک، نۆیه‌مین فستیڤاڵی چیرۆکی باژێڕی بانه له ڕۆژه‌کانی ٣ تا ٥ی سه‌رماوه‌ز به‌رامبه‌ر به (٢٤ – ٢٦ی نوامبری ٢٠١٠) به به‌شداری باشترین و ناسراوترین چیرۆک نووسانی سه‌رجه‌م پارێزگاکانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان، له باژێڕی بانه له دوو به‌شی کوردی و فارسی به‌ڕێوه ده‌چێت. فستیواڵ پێک دێت له سێ به‌شی: چیرۆک، وتار و چیرۆکی منداڵان.هه‌روه‌ها چیرۆک نووسان سه‌رجه‌م ٨٠ به‌رهه‌م پێشکه‌ش ده‌که‌ن که پێک دێت له (٣٥ چیرۆکی کوردی) و (٣٥ چیرۆکی فارسی) و (٤ وتار) و (٦ چیرۆک بۆ مناڵان، " ٢ چیرۆکی کوردی و ٤ چیرۆکی فارسی"). له دوای پێشکه‌ش کردنی به‌رهه‌می چیرۆک نووس، ڕه‌خنه‌ێک له سه‌ر ئه‌و چیرۆکه ئاراسته‌ی ئاماده‌بوان ده‌کرێت و له کۆتاییدا چیرۆک نووسانی سه‌رکه‌وتوو خه‌ڵات ده‌کرێن. هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌درێت له دوو چیرۆک نووسی پڕئاوازه‌ی به‌شی کوردی و دوو چیرۆک نووسی پڕئاوازه‌ی به‌شی فارسی ڕێزی تایبه‌ت بگیردرێت.به ڕای زۆر یه‌ک له نووسه‌ران و چالاکانی هونه‌ر، فستیڤاڵی چیرۆکی بانه سه‌لماندویه‌تی كه گه‌وره‌ترین فستیڤاڵی چیرۆک له ئێران و هه‌رێمی کوردستانه که خزمه‌تێکی هه‌ره مه‌زنی به کولتور و چاندی کوردی کردوه و توانیویه‌تی مه‌زنترین چیرۆک نووسانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان له ده‌وری یه‌ک کۆبکاته‌وه.
ڕزگار به‌هاری ـ به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن و نه‌شری نۆیه‌مین فیستیڤاڵی چیرۆکی بانه

Monday, October 04, 2010

ئاگاداری ئه نجومه نی ئه ده بی چرای پیرانشار


هاوڕێی خۆشه ویست و شاعیری هێژا
وێڕای ڕێز و سڵاوی تایبه تی و ماندونه بوونی له ئێوه و هه مو شاعیران و نووسه ران و هۆگرانی فه رهه نگ و ئه ده بی کوردی ، ئه نجومه نی ئه ده بی چرای پیرانشار له کۆتایی مانگی ڕه شه مه ی ئه مساڵ دا دووهه مین فستیواڵی شێعری هاوچه رخی کوردی ده دوو به شی ئازاد و تایبه ت دا ( شه هیدانی سڤیلی کوردستان به گشتی و شه هیدانی سڤیلی بوڕدۆمانی 17ی ڕه شه مه ی پیرانشار به تایبه تی ) به ڕێوه ده بات . هیوادارین فستیواڵی ئه مساڵ به ڕێنوێنی و هاوفکری هه مو ئه نجومه نه کانی کوردستان و گشت شاعیران و که سایه تییه ئه ده بی و فه رهه نگییه کان ، به هێزتر و باشتر له پار به ڕێوه بچێت . به شداری ئێوه ی خۆشه ویست هۆی دڵگه رمی و مایه ی شانازی ئه نجومه نی چرایه . به زوویی وێبلاگی فستیواڵ و سایتی تایبه تی ئه نجومه ن بۆ وه رگرتنی بیر و ڕا کان و ڕاگه یاندنی ته وه ره کانی فستیواڵ و شێوازی هه ڵبژاردن و . . . داده مه زرێن و به ئێوه ده ناسێندرێن .
بۆ زانیاری زیاتر په یوه ندی به ئه م ژمارانه بگرن : 09149428226(عوبێد سورخابی) - 09141664144 ( که ماڵ حه سۆ ) - 09141660802 ( قه ره نی ئه حمه د ئاغایی)
چاوه ڕوانی ئاگاداری و په یامه کانی ئه نجومه ن بن .
به هیواری سه ربه رزیتان.
ئه نجومه نی ئه ده بی چرای پیرانشار

Tuesday, September 28, 2010

شێعره‌شکێنه‌



به‌ عینجه‌ و فینجه‌وه‌ چ شار




هه‌ر با ده‌ڕۆم و شارئه‌خۆمه‌وه‌.. نا تینوو


سه‌ربه‌ هیچ و مل به‌ ته‌ریقه‌تی ئاوێنه‌ تا جیوه‌


ماڵ نه‌ هه‌ڵکشاوانه‌ ئه‌ڕووخێ


تۆ به‌ نا ئه‌ژیت و به‌ تینوو


هه‌راوه‌ شار خۆت به‌ ئاسن و هوتێله‌وه‌ تامه‌زرۆ


من بای ئه‌ده‌مه‌وه‌ به‌ له‌رزانه‌یی جیوه‌ته‌وه‌ خه‌ون ئه‌تۆرم


ئه‌و ... به‌ شارانه‌ و بارانه‌ ئه‌کۆکێ بێ هوتێل نووستن له‌ تۆدا


ئه‌خواته‌ ئاوێنه‌ چۆڵه‌کانی تۆ..


من نا خۆت و تینوو و جیوه‌ترین سینگ و ئه‌م ئاسنه‌ ناخه‌وێ


چ هه‌را هه‌رایه‌که‌ به‌ قۆیماخ


ئه‌ی به‌رد؟


شه‌قامه‌ شینه‌ شینی دێ و "سه‌ما"یه‌ پێت ئه‌ڵێ "گواش"


به‌ زه‌مهه‌ریری رۆژه‌وه‌.. هه‌تا هه‌تاو... هه‌تاو هه‌تا هه‌تا هه‌تا.. هه‌هه‌..هه‌هه‌


چ نادیاره‌ ئاسنی هوتیل و با ئاوێنه‌ لۆچایی ده‌بێ نابێ ده‌بێ


به‌سه‌رته‌وه‌ چ چۆله‌که‌ ئاوێنه‌بێ چ ماچی جیوه‌جیوه‌که‌ت هه‌رگێز نه‌بێته‌ ئاوێنه‌.. ببێ نه‌بێ سه‌رم ده‌بێته‌ جیره‌جێڕڕڕ


به‌ ئاسنی خه‌وتووته‌وه.. به‌ به‌رده‌وه‌ که‌ بۆته‌ خیززز نابێ به‌ زیخ نه‌ به‌رده‌ با به‌رده‌


تۆخوا به‌رۆکم به‌رده‌... سه‌دجارم گۆت ئاوێنه‌!


شین به‌ شه‌قامه‌وه‌ مه‌که‌ بکه‌ به‌ توون. ته‌ته‌ر به‌ رێت و توون هه‌تا


تۆ که‌ به‌ شاره‌شاره‌وه‌... ئه‌چیته‌ بانه‌بانی ئه‌و چ جیوه‌ بێ و


ئه‌له‌رزم وه‌ک سه‌گ... مه‌یله‌رێنه‌وه‌ ئه‌بێ به‌ چی؟


ئه‌بێ به‌ئاو و چۆمه‌ چۆم ئه‌بێ به‌با به‌ئاسنی هه‌تا خوااا... هاهاهاها


تۆ که‌ ده‌ڵێی نه‌نووستو..وم ومم به‌ هه‌رچی له‌رزه‌له‌رزی جیوه‌ته‌ چ تۆ بڵێی چ ئاوێنه‌ و هوتێل و با بێ یا نه‌با


ئه‌وه‌ به‌م شه‌وه‌ ترشه‌وه‌... که‌ر ده‌وه‌ڕێ به‌ هه‌رچی شار و ئاسنه‌.. هوتیل ئه‌نێ به‌ خه‌وته‌وه‌


بێچاره‌ زیخ و خیز و به‌ردی چی.... زمانه‌ هات و هوووت ئه‌کا


چ ماکه‌رێکه‌ ئاوس س س ه‌ و سبه‌ینێ (...)ێکی ده‌بێ ده‌زێ ده‌بێزی ده‌


شه‌قامی شارمشارئه‌که‌م به‌ سین ده‌بێته‌ سارمسار سه‌قامی سار


به‌ سار سه‌رم سڕینی دێ سه‌ڕین به‌ماکه‌ر و سڕین له‌به‌ر ئاوێنه‌که‌ت


تۆ روومه‌تیت به‌ گوڵ ده‌گۆت؟


ئاوێنه‌یی به‌ مه‌ڕمه‌رت مه‌ڕێ له‌ دووره‌وه‌ فڕی به‌ که‌و ده‌ڵێی؟


نا ئه‌مه‌ شێعره‌ هه‌ر مه‌ڕم کرده‌ به‌که‌ر ببووره‌ که‌وم دێ..


ئه‌وه‌ چی ده‌لێن ئه‌و دوانه‌ دوانه‌دوان دوانیان کرد به‌ جارێ ...


له‌وێوه‌ ئه‌ڕوانێ و لای وایه‌ ئاوێنه‌ سه‌وق ئه‌خاته‌ ساوی


نازانێ وێڵی که‌! هه‌رسێکمان به‌ ئاسن ده‌بینێ زۆر پیره‌ و شاره‌سار نازانێ


شه‌قامی شار مسار ئه‌که‌ی؟ ئه‌که‌م ئه‌که‌م ئه‌که‌م ئه‌که‌م


هوتێله‌ و ئه‌م جاره‌ بارانه‌ به‌ شاردا شێعریوه‌ و له‌رزانه‌ کردوویه‌ به‌ شێعرا شه‌قام بێ یان سه‌قام... ئه‌و هه‌ردێ و


منیش هه‌ر با ده‌رۆم و شارئه‌خۆمه‌وه‌.. نا تینوو


سه‌ربه‌ هیچ و مل به‌ ته‌ریقه‌تی ئاوێنه‌ تا جیوه‌


ماڵ نه‌ هه‌ڵکشاوانه‌ ئه‌ڕووخێ و


تۆ به‌ نا ئه‌ژیت و به‌ تینوو شاره‌ شار عه‌وه‌زی!


Monday, August 09, 2010

گۆڤاری سروه‌ و..



هه‌ڵس و که‌وتی گۆڤاری سروه‌ له‌ وتوێژێک له‌ گه‌ڵ ساڵح سووزه‌نی دا


ئاماده‌کردنی؛ ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پوور ، سەلاحەدین بایەزیدی



رۆڵی گۆڤاری سروه‌ له‌ زیندووکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردیدا چۆن ده‌نرخێنی؟


- گۆڤاری سروه‌ له‌ چوار قۆناغی بڵاوکردنه‌وه‌ی خۆیدا، رۆڵی تایبه‌تی گێڕا؛


1- له‌ سه‌ره‌تاکانی بڵاوکردنه‌وه‌ی خۆیدا، گۆڤاری سروه‌ و به‌گشتی ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی(انتشارات صلاح الدین ایوبی) رێفۆرمێکی سیاسی بوو له‌ ئه‌نجامی چه‌ندین ساڵ هه‌وڵ و ته‌قه‌لاو و خه‌باتی بێوچانی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئیران و به‌تایبه‌ت کاتێ له‌سه‌رده‌ستی به‌ڕێز مامۆستا هێمن(شاعیرێی ناسراو لای گه‌ل ) هاته‌ وه‌شاندن، له‌راستیدا دایسانی مۆمێک بوو له‌ تاریکی چه‌ندین و چه‌ندسه‌دساڵه‌دا و....


2- له‌ ره‌وتی ئاڵ و گۆڕخوازیی گه‌لانی ئێراندا، جم و جووڵی رۆژنامه‌گه‌ریی گه‌شه‌ده‌کا و سروه‌ش له‌ تاقانه‌یی ده‌ردێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌که‌وه‌ پێشڕه‌وبوونی خۆی له‌ده‌ست ئه‌داو ده‌که‌وێته‌ پاتکردنه‌وه‌ی خۆی و بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌بێته‌ گۆڤارێک که‌ به‌س ده‌بێ بڵاو ببێته‌ و ده‌ورێکی ئه‌وتۆی له‌ گه‌شه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی (چ وه‌ک بابه‌ت و ناوه‌رۆک و چ وه‌ک فۆرم و بیچم) کوردیدا نامێنێ و ...


3- به‌شی ره‌خنه‌ی نوێ (رچه ) هه‌وڵ ئه‌دا ئاڵ و گۆرێکی بنه‌ڕه‌تی تێدا سازبکا و به‌ هاوکارێ زۆربه‌ی نوێخوازانی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی کوردستان سه‌ره‌تایه‌کی نوێ دێته‌ پانتای نوێخوازییه‌وه‌ و دواتر هه‌موو به‌شه‌کانی سروه، واته‌ به‌شی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تییش ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ پێشڕه‌وترین گۆڤاریی ئه‌ده‌بی ره‌خنه‌یی و ئاوێنه‌ی باڵانوێنی نوێخوازیی و...


4- نوێخوازان پێکه‌وه‌ سروه‌ به‌جێ دێڵن و سه‌رله‌نوێ سروه‌ ده‌بێته‌ گۆڤارێک که‌ به‌س ده‌بێ بڵاو ببێته‌وه‌ و ....


- هه‌ر وه‌ک ده‌زانن سروه‌ یادگاریی مامۆستا هێمنه‌ ، به‌ڵام مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا چه‌ند ژماره‌یه‌ک زێده‌تر ببینێ، گه‌لۆ سروه‌ی دوای هێمن، خه‌ونه‌کانی هێمنی به‌دی هێنا؟


- راسته‌ سروه‌ له‌سه‌رده‌ستی مامۆستاهێمن و ته‌عاموڵ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به‌ دوو ئامانجی ره‌نگه‌ دژ به‌ یه‌ک بڵاوکرایه‌وه‌ ،(لایه‌ک بۆ فێرکردن و بارهێنان و گه‌شه‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌ب و کولتووریی نه‌ته‌وه‌یی و لایه‌ک بۆ پروپاگانده‌ی سیاسی و ...) به‌ڵام من وه‌ک دامه‌زرێنه‌ریی به‌شیی نوێخوازی(رچه‌) له‌و گۆڤاره‌دا، حه‌ز ناکه‌م گۆڤاریی سروه‌ به‌ ناویی که‌سایه‌تییه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێنم، له‌ گه‌ڵ هه‌موو رێزمدا بۆ مامۆستا هێمن و ده‌قی هێمن( کاتی خۆی زۆرم له‌سه‌ر نووسیوه‌ و پێویست ناکا دووپاتی بکه‌مه‌وه‌) من لام وایه‌ سروه‌ یادگاریی ده‌قی نووسراوی له‌چاپدراوی بیست و پێنج ساڵی شاعیران و نووسه‌رانی کورده‌ له‌ بڕگه‌گه‌ل جیاوازیی رۆژنامه‌گه‌ریی خۆیدا، به‌ به‌رز و نزمیی و هه‌ڵس و که‌وتی تایبه‌تیی خۆیه‌وه‌ . خه‌ونه‌کانی هێمنیش وه‌ک خه‌ونی هه‌موو مروڤێک له‌ ره‌وتی زه‌مه‌ن دا ده‌گوڕدرا و ره‌نگه‌ رووناکیی و تاریکیی و ته‌م و مژیی زۆریی به‌سه‌رهاتبێ.. بۆ وێنه‌ چاوێک له‌ تاریک و روون بکه‌ن و خولیای به‌ئامانجگه‌یشتنی کۆماری کوردستان له‌ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کاندا ب‌بینن، به‌ڵام هه‌مان خولیا له‌ ناڵه‌ی جودایی دا کاڵتر بۆته‌وه‌ و گرینگیدان به‌ جوانناسیی وشه‌ و زمان تیایدا به‌رجه‌سته‌تره‌.. له‌ ساڵانی دوایی دا ئامانجی مامۆستا هێمن سه‌قامگیرکردن و به‌ده‌سه‌ڵات کردنی زمانی کوردی بوو و هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌شه‌وه‌ زۆری تانه‌ و ته‌شه‌ر ته‌حه‌موڵ کرد و سروه‌ی هێنایه‌ به‌ر... که‌وایه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست خه‌ونه‌ سیاسیه‌کانی مامۆستا هێمنه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ زۆریی ماوه‌ بۆ وه‌دیهاتنی.. و ئه‌گه‌ر خه‌ونی به‌ده‌سه‌ڵاتکردن و سه‌قامگیرکردن و فێرکردن و په‌روه‌رده‌ی شاعیران و نووسه‌رانی کورده‌.. ئه‌وه‌ من لام وایه‌ سروه‌ له‌ قۆناغی سێهه‌مدا له‌ خه‌ونه‌کانی مامۆستا هێمنیشی تێپه‌ڕاند.


گۆڤاری سروه‌ تا چه‌ند توانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ویست و داخوازیی چینی رۆشنبیر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی کوردستان بێ؟


- به‌پێی پشت به‌ستن به‌ ده‌ق و ناوه‌ ناسراوه‌کانی ئه‌وکات و ئێستای رووناکبیرانی کوردستانی ئێران، له‌ قۆناخی یه‌که‌م و سێهه‌مدا سروه‌ زمانی به‌ربه‌ستکراویی زۆرینه‌ی قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستان و رۆشنبیرانی کوردستانی ئێران بووه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌بی، کولتووری، ره‌خنه‌یی دا. مه‌به‌ستم زۆرینه‌ی ئه‌و قه‌ڵه‌م به ‌ده‌ستانه‌یه‌ که‌ تا ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ ئێران بوونه. که‌سی وا ناناسم که‌ له‌ بڕگه‌یه‌کی کاتیدا به‌رهه‌می له‌ سروه‌دا بڵاو نه‌کردبێته‌وه‌.. له‌ خاله‌ مین و حه‌قیقی یه‌وه‌ تا ره‌خنه‌گرانی نوێخواز.. به‌له‌ونێ هاوکاریی سروه‌یان کردوه‌. به‌و حاڵه‌ش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی رۆشنبیران و قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستان به‌س لایه‌نێکی گۆڤاریی سروه‌ بوونه‌ و لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسانی حکوومه‌تی بوون( ته‌نانه‌ت ئه‌و کات که‌ نوێخوازان نه‌ وه‌ک مووچه‌خۆر و له‌ ناو دایه‌ره‌ی سروه‌دا له‌ ورمێ، به‌ڵکوو به‌پێێ قه‌رارداد و له‌ ده‌ره‌وه‌ی دایه‌ره‌ی سر‌وه‌ کاریان بۆ ده‌کرد) ، هه‌رگیز ئه‌وه‌نده‌ی پێویست نه‌یتوانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ویست و داخوازیی توێژی رۆشنبیری کوردستان بێ. بۆ وه‌ی دوو گوتاریی زاڵی بواریی رۆشنبیریی له‌ کوردستان، واته‌ گوتارگه‌ل چه‌پ و نه‌ته‌وه‌خوازیی له‌ سروه‌دا مه‌ودای بڵاوکردنه‌وه‌ی نه‌بوو.



- قۆناغی گه‌شه‌ی سروه‌ یان لووتکه‌ی ئه‌و گۆڤاره‌ به‌رای ئێوه‌ چ قۆناغێکه‌؟ ‌


- راسته‌ سروه‌ له‌ قۆناغی یه‌که‌مدا به‌ هۆی تاقانه‌یی و هه‌وڵدان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی و بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌نێ کتێب و فستیواڵگه‌ل ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا زۆرکه‌سی به‌ ده‌ور خۆیه‌وه‌ کۆکرده‌وه‌ و بوو به‌ گۆڤارێکی جه‌ماوه‌ریی، به‌ڵام له‌ راستیدا له‌ بواریی رۆژنامه‌گه‌ریی و بابه‌ت و ته‌خه‌سوسی بووندا، سروه‌ به‌س له‌ قۆناخی سێهه‌مدا به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌ڵ به‌ڕۆژ له‌ بواری ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی نوێخوازان و رووناکبیران و دامه‌زراندنی دیالۆگی ره‌خنه‌یی له‌گه‌ڵ نه‌ریتخوازان(سه‌له‌فیه‌تی ئه‌ده‌بی ئه‌وکات) و بڵاوکردنه‌وه‌ی دیمانه‌گه‌لی بابه‌تیی و... بوو به‌ یه‌کێ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین گۆڤاره‌کانی کوردی. له‌و قۆناغه‌دا بوو که‌ ره‌خنه‌ی نوێی کوردی به‌ مانای خوێندنه‌وه‌ نوێکانی سه‌رده‌م (نه‌ک وه‌ک حوکمدانی قازیقوزاتانه‌ له‌ سه‌ر ده‌ق) که‌وته‌ گه‌شه‌ و سه‌قامگیر بوون.


- گرینگترین خاڵه‌ لاوازه‌کانی سروه‌ کامانه‌ن؟


- ئه‌لف، سروه‌ گۆڤارێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو و ده‌بوایه‌ توانا و ته‌حه‌موڵی کاک ئه‌حمه‌د ئاسات هه‌بوایه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون و بلاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ نه‌خوازه‌ڵا گومانی به‌رپرسانی له‌سه‌ر هه‌بوایه‌.. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام شێعر وبابه‌ته‌کانی منی نه‌گبه‌ت(به‌ قسه‌ی به‌ڕێزان کاک ئه‌حمه‌د و جه‌ڵال مه‌له‌کشا و مارفی جوانه‌مه‌رگ و.. ئه‌وکات به‌رده‌وام له‌ژێر ئه‌و گومانه‌دا بوو و له‌ ده‌یان ره‌نگه‌ یه‌ک بڵاو ده‌کرایه‌وه‌.. له‌ بیرمه‌ ساڵی ..69 13به‌شی دووهه‌می وتاریی "هه‌ڵسه‌نگاندنی شێعری شاعیران" که‌وته‌ به‌ر ئه‌و گومانه‌ و باوه‌کوو تا "صفحه‌آرایی"ش چووبوو، که‌وته‌به‌ر په‌لاماریی مقه‌ست و مارفی جوانه‌مه‌رگ هه‌ر به‌و لاپه‌ڕانه‌وه‌(ئاماده‌ی جاپ) بۆی ناردمه‌وه‌!! و ئیستاش ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی سروه‌م لاماوه... به‌شی یه‌که‌می وتاره‌که‌ پیشتر له‌ژماره‌ی 53ی سروه‌ له‌ 7 لاپه‌ڕه‌دا بلاوببۆوه‌ و به‌راستی ده‌ستپێکی ره‌خنه‌ی زانستی بوو‌ له‌و کاته‌دا.


ب؛ سروه‌ گۆڤارێکی تایبه‌تمه‌ند نه‌بوو و له‌ چێشتی مجێور ده‌چوو(له‌ قۆناغی سێهه‌مدا به‌تایبه‌ت کاتێک هه‌موو به‌شه‌کانی سروه‌ که‌وته‌ ده‌ست نوێخوازان ئه‌و لاوازییه‌ نابینرێ)


ج؛ وه‌رگێڕانی هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان به‌ زمانی فارسی( به‌س بۆ چاودێریی کردن نه‌ک بۆ بلاوکردنه‌وه‌ و پێوه‌ندی کولتووریی) ناحه‌زترین کار بوو که‌ دواتر به‌شی نوێخواز خۆی لێ دزیه‌وه‌ و ئه‌و ئه‌رکه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی خودی به‌رپرسان...



- ماوه‌یه‌ک له‌ گۆڤاریی سروه‌ هه‌وڵدرا بۆ نوێبوونه‌وه‌ له‌ ڕووی فۆرم و ناوه‌رۆکه‌وه‌ و گفتوگۆیه‌کی باش دروست بو و گفتوگۆکان ته‌نانه‌ت ته‌شه‌نه‌یان سه‌ند بۆ ناو روناکبیرانی ده‌ره‌وه‌ی سروه‌ش. به‌ڵام ئه‌و گفتوگۆیانه‌ نه‌که‌وته‌ واری کردارییه‌وه‌، به‌ڕای ئێوه‌ کۆسپه‌کانی به‌رده‌م نوێبوونه‌وه‌ی گۆڤاریی سروه‌ چی بوو؟



ساڵی 1379 له‌ کۆره‌یادێک بۆ مارفی جوانه‌مه‌رگ (له‌ شنۆ) که‌ به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی قازیی و هه‌نێ له‌به‌رپرسانی سروه‌ش ئه‌وکات له‌وێ بوون، من به‌رله‌ ده‌ستپێکردنی وتاره‌که‌م رامگه‌یاند که‌؛ بریا به‌رپرسانی سروه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی مارف دوای مه‌رگ به‌رنه‌ ئاسمان.. ده‌فته‌ریی شێعره‌کانیان بۆ جاپ بکردایه‌ و... هه‌نێ ره‌خنه‌ی دیکه‌.. دوای ئه‌وه‌ کاک ئه‌حمه‌د پێی گوتم که‌ ئه‌و ره‌خنانه‌ ئێمه‌ ناگرێته‌وه‌ و باش وایه‌ له‌ نامه‌یه‌کدا هه‌موو ره‌خنه‌کان ئاراسته‌ی به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌!! بکه‌ی... و چه‌ند رۆژ دوای ئه‌وه‌ من له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ سروه‌ رامگه‌یاند که‌ سروه‌ دواکه‌وتووه‌ و پێویسته‌ نوێبکرێته‌وه‌ و... هه‌مان ساڵ من بانگهێشت کرام بۆ سروه‌ و دوای گفتوگۆ و مه‌رج و شرووتی هه‌ردوو لا بڕیار درا من 12 لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و گۆڤاره‌ به‌و چه‌شنه‌ی خۆم له‌ نوێکردنه‌وه‌دا به‌سه‌ڵاحی ده‌زانم و ته‌نانه‌ت به‌ ناوێکه‌وه‌ که‌ نوێخوازان هه‌ڵیده‌بژێرن (من "رچه"‌م هه‌ڵبژارد) وه‌ئه‌ستۆ بگرم و له‌ ژماره‌ی 171ه‌وه‌ به‌م دیڕانه‌ی خواره‌وه‌ و وتاریی پڕ له‌ هه‌ڵه‌ی چاپیی!!"ئپیستمۆلۆژیای شێعریی کوردی" رچه‌ ده‌ست به‌کار بوو؛


" با بچینه‌ ناو ده‌قه‌کانه‌وه‌ و به‌ چاوێکی تر بیانخوێنینه‌وه‌. به‌شی"ره‌خنه‌ی نوێ" له‌مه‌ به‌دوا، به‌ پێی ویستی زه‌مه‌ن و ئاستی رۆشنبیریی وڵاته‌که‌مان، ئه‌یه‌وێ له‌ سروه‌دا ده‌لاقه‌یه‌کی نوێ بکاته‌وه‌ به‌ره‌و زمان وه‌ک سیسته‌مێکی نیشانه‌(نیشانه‌ناسی) و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ له‌ روانگه‌ جۆراوجۆره‌کانی"فنۆمنۆلۆژیا"(دیارده‌ناسی)، پێکهاته‌خوازیی، پێکهاته‌ شکێنی و چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌کی تر له‌سه‌ر کێشه‌کانی سوننه‌ت، مودێرنه‌ و پۆست مودێرن له‌ ئه‌ده‌بی کورده‌واریی و جیهانیدا.... ئه‌م ئه‌رکه‌ش به‌ بێ یارمه‌تیدانی ئه‌دیبان و رۆشنبیرانی نوێخوازیی کورد له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌سته‌مه‌... ده‌ستی یارمه‌تیمان بگرن و ئاستی رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بی کورده‌واریی به‌رنه‌ سه‌ره‌وه‌! ره‌خنه‌ی نوێ هه‌ر پێداویستییه‌کی داسه‌پاو نیه‌... ده‌سه‌ڵاتێکی تری زمانییه‌ که‌ ده‌بێ شی بکرێته‌وه‌ .. بونیاد بنرێ و بشکێنرێته‌وه‌... تاکوێ نازانم. با "رچه‌" ناوی ته‌وه‌ره‌که‌ بێ. چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌مه‌ به‌نرخه‌کانتانین!


به‌ خۆشیه‌وه‌ بانگه‌وازه‌که‌ باشی پێکا و هێند پێ نه‌چوو وتاری باشمان به‌ده‌ست گه‌یشت... پشتیوانی کردنی رێزداران ئه‌حمه‌دقازیی، ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌، یوونس ره‌زایی، عه‌بدولخالق یه‌عقووبی و.... گۆمه‌ مه‌نده‌که‌ی شله‌قاند و رچه‌ و دواتر به‌شی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تیشی گرته‌وه‌... وتارگه‌ل قه‌به‌ بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ تا ئه‌و کات هیچ گۆڤارێکی کوردی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیبوو، گفتگۆگه‌ل و شه‌ره‌قه‌ڵه‌مگه‌لێک له‌سه‌ر نه‌ریت و مودێرن سازکرا که‌ بێ وێنه‌بوون.. کتێبگه‌لێک بڵاو بوونه‌وه‌ که‌ ئێستاش باشترین خوێندنه‌وه‌کانی سه‌رده‌من... بڕواننه‌ "پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی" (خوێندنه‌وه‌ی پێکهاته‌خوازانه‌ی به‌ڕێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌ له‌ سه‌ر به‌یتی کوردی)،" تیشکی بلوورینی ده‌ق" ی به‌رێز عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، "له‌ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا" و "نالی و خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م"ی ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ و ده‌یان شێعر و چیرۆک و خوێندنه‌وه‌ی نوێ و جیاواز له‌ شاعیران و نووسه‌رانی جیاواز و نوێترخواز.... چاوێک له‌ ژماره‌کانی ئه‌و ساڵانه‌ی سروه‌ بکه‌ن و کاردانه‌وه‌ی ئه‌و باسانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ببیننه‌وه‌ و ئه‌وسا ده‌زانن ئه‌و "رچه‌" یه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ کرایه‌وه‌ ئیستا چۆن بۆته‌ رێگا و ته‌نانه‌ت پانه‌رێ.. ئێستا ئیتر که‌م نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستمان هه‌یه‌ ئاشنای "زمان ناسی و نیشانه‌ناسی و فورمالیسم و پێکهاته‌خوازیی و پێکهاته‌هه‌ڵوه‌شێنی و فمێنیسم و به‌گشتی خوێندنه‌وه‌ نوێکانی سه‌رده‌م نه‌بێ... ئه‌وه‌ هاتنه‌کردار نیه‌؟ ئه‌ی چیه‌؟ "رجه‌" به‌ هه‌موو که‌م ئه‌زموونی و په‌له‌کاریی و لاوازیه‌کانی ئه‌وکاتیه‌وه‌، ده‌هۆڵێک بوو که‌ دڵنیام ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵ ده‌نگه‌که‌ی به‌هێزتر ده‌بێ....


به‌ڵام کۆسپه‌کانی به‌رده‌م ئه‌و نوێکردنه‌وه‌یه‌ تا سه‌ر، وه‌ک هه‌میشه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌!!ی سروه‌. وه‌ک ئاماژه‌م کرد ئێمه‌ به‌ مه‌رجی خۆمانه‌وه‌ و به‌ "قرارداد" به‌شه‌کانی سروه‌مان وه‌ئه‌ستۆ گرتبوو و یه‌کێک له‌و مه‌رجانه‌ش ده‌ست تێوه‌رنه‌دانی بابه‌ته‌کانمان بوو له‌کاتی بڵاوکردنه‌وه‌دا، ئێمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی جارانی سروه‌ بۆخۆمان بابه‌تمان وه‌رده‌گرت و خۆمان بڕیارمان له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت ده‌دا، مانگی رۆژێک ده‌چووینه‌ ورمێ و به‌ تایپی بابه‌ته‌کاندا ده‌چووینه‌وه‌ و ده‌هاتینه‌وه‌ و دواجار به‌ڕێز ئوونس ره‌زایی ئاماده‌بوو ئه‌وکاره‌ش (واته‌ پیتچنین و رازانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ و ...تاد. گۆڤاره‌که‌ وه‌ ئه‌ستۆی خۆی خا و به‌رپرسان له‌ راستیدا به‌س ژماره‌یه‌ک گۆڤاری ئاماده‌یان چاوپێده‌که‌وت.. دیاره‌ ئه‌وه‌ بۆ به‌رپرسان خۆش نه‌بوو و سه‌ره‌تا ده‌ستێوه‌ردانی به‌شی ئه‌ده‌بیان کرد که‌ ئه‌وکات‌ به‌رپرسه‌که‌ی به‌رێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌ بوو.. کاک ره‌هبه‌ر خێرا ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌ شێوه‌ی"استعفا"(کشانه‌وه‌ له‌ کار) ده‌ربڕی و .. من و کاک یوونسیش‌ وا رێکه‌وتین که‌ ئه‌گه‌ر کاک ره‌هبه‌ر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێمه‌ش ئیتر هیچ بابه‌تێکیان پێ نه‌ده‌ین... به‌ڵام ره‌هبه‌ر سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ و وای به‌ سه‌ڵاح زانی که‌ له‌ بری ئه‌و به‌ڕێز عه‌بدولخاله‌ق به‌شی ئه‌ده‌بی وه‌ئه‌ستۆ بگرێ و...( ئه‌وکات کاک یوونس به‌رپرسی به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو) .. دوای ماوه‌یه‌ک سروه‌ له‌ ورمێ گواستیه‌وه‌ بۆ تاران و که‌وتنه‌ بیانوو له‌ یوونس ره‌زایی که‌ ئه‌وکات به‌راستی سروه‌ی ئاماده‌ی ته‌حوێڵ ده‌دان و به‌س ده‌بوا له‌تاران جاپیان بکردایه‌... به‌ڵام ئه‌وان جارێک فۆنتیان ده‌گۆری و گۆڕیان لێ ده‌کردینه‌ قۆڕ و جارێک ... یوونس بۆی ته‌حه‌موڵ نه‌کر ا و ئه‌وه‌ی گوتی بۆ سه‌ره‌وه‌!! ته‌حه‌موڵ نه‌کرا... ئێمه‌ش پشتی یونسمان گرت و بۆ هه‌میشه‌ پێکه‌وه‌ سروه‌مان وێڵ کردددددد.. سروه‌ ئیتر هه‌رگیز خۆی نه‌گرته‌وه‌ و پشته‌وقه‌فار که‌وت و کاک ئه‌حمه‌دیشی له‌گه‌ڵ نه‌ما... و عه‌لی ده‌ستماڵی بێچاره‌ش بۆی هه‌ڵناسایه‌وه‌...و فت!


- سه‌باره‌ت به‌ ستانداردکردنی زمانی یه‌کگرتوو، گۆڤاریی سروه‌ ڕاشکاوانه‌ پێشوازیی له‌و بوو چوونه‌ ده‌کرد که‌ شێوازیی موکریانی ببێته‌ زاراوه‌ی ستاندارد، هه‌رچه‌ند ئه‌و گۆڤاره‌ گرینگی به‌زاراوه‌کانی دیکه‌ش ده‌دا، تا چه‌ند سروه‌ له‌و ئامانجه‌ نیزیک بوویه‌وه‌ و رۆڵی چی بوو له‌ نیزیک کردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان لێکتری؟


- نوێخوازان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ دروشمی زمان شکێنی و ئانارشیستییه‌وه‌ هاتنه‌ مه‌یدانه‌که‌ و ملیان به‌هیچ باوک و باوه‌پیاره‌یه‌ک نه‌دا... هه‌رچه‌ند ئه‌و دروشمانه‌ بۆ ئه‌وکات به‌راستی توند ره‌وی کردن بوو به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان وه‌ک خوازه‌ هێنایه‌ ئارا و به‌داخه‌وه‌ نه‌ریتخوازان له‌ خۆرا زۆری لێ تووڕه‌ بوون... ره‌نگه‌ ئێستا دوای ده‌ساڵ تێگه‌یشتبێتن نوێخوازان بۆ ئه‌وه‌ند دژایه‌تی سه‌له‌فیه‌تیان ده‌کرد... و مه‌به‌ست له‌ وانوێنی و زمانشکێنی چی بوو...



- رێنوسی گۆڤاری سروه‌ به‌لای ئێوه‌وه‌ چۆن بوو؟



- من رێنووسی سروه‌م پێ باش بوو و هاوڵه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د (له‌به‌شی سۆرانی) و به‌ڕێز په‌رویزجیهانی(له‌ به‌شی کرمانجی) له‌و به‌ستێنه‌دا به هه‌وڵگه‌لێکی چالاکانه‌ ده‌زانم .. هه‌رچه‌ند هیچ کات له‌بری "له‌گه‌ڵ" "ده‌گه‌ڵ"م به‌کار نه‌هێنا.



- یه‌کێک له‌و ره‌خنانه‌ی زۆرجار رووبه‌رووی گۆڤاره‌که‌ ده‌بۆوه‌، ئه‌وه‌بوو که‌ سروه‌ گۆڤارێکی قه‌ره‌باڵغه‌ و تایبه‌تمه‌ند(ته‌خه‌سوسی) نیه‌، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ چه‌ند به‌جێ بوو؟



- سروه‌ له‌ ناسنامه‌دا گۆڤارێکی "فه‌رهه‌نگی، ئه‌ده‌بی، کۆمه‌ڵایه‌تی بوو ، به‌ڵام سه‌رده‌مانێک وای لێهاتبوو هه‌ر ده‌ستووری چێشت لێنانی تێدا نه‌بوو... ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر تاقانه‌ بوونی سروه‌ و هه‌وڵدان بۆ دڵی هه‌موان رازیی کردن. دیاره‌ گۆڤارێک که‌ دڵی هه‌موانی لێ رازیی بێ، ده‌بێته‌ ره‌نگین نامه‌ و "شه‌له‌م شۆربا".. و ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ به‌جێیه‌ و سه‌ره‌تا له‌ ڕاپرسی ژماره‌ سه‌دی ئه‌وگۆڤاره‌دا له‌ لایه‌ن منه‌وه‌ هاته‌ ئارا( بڕواننه‌ ڕاپرسی ژماره‌ 100ی گۆڤاریی سروه‌ له‌ گه‌ڵ فه‌تاح ئه‌میری، ساڵح سووزه‌نی، ژیلا حسیه‌ینی و.. دا) به‌ڵام وه‌ک ئاماژه‌کرا له‌ قۆناخی سێهه‌مدا به‌تایبه‌ت ئه‌وکات که‌ به‌ڕێزان ره‌هبه‌رمه‌حموودزاده‌ و یوونس ره‌زایی به‌شه‌کانی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تیشیان به‌ قه‌رارداد وه‌رگرت، ئیتر ئه‌و لاوازییه‌ به‌ سروه‌وه‌ نابینرێ.


- سه‌رده‌مانێک گۆڤاری سروه‌ تاقانه‌ بوو، به‌ڵام دواتر کۆمه‌ڵێک گۆڤار و حه‌وتوونامه‌ی دیکه‌ به‌زمانی دیکه‌ ده‌رکه‌وتن، وه‌ک گۆڤاریی زرێبار، مه‌هاباد و... ده‌مانهه‌وێ بپرسین دوای ده‌رچوونی ئه‌و گۆڤارانه‌ نوشستی به‌ خۆوه‌ بینی یان زیتر پێشکه‌وت؟


- باسی قۆناخی دووهه‌م ده‌که‌ن. که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد. ئه‌وه‌ راسته‌ و حاشای لێ ناکرێ. نیمچه‌ ئازادییه‌کی چاپه‌مه‌نی دوای 1372 رووی کرده‌ وڵات و گۆڤار و حه‌وتوونامه‌ و وه‌رزنامه‌ی خوێندکاریی و ... باش سه‌ریان هه‌ڵدا و ئه‌وکاتیش نوێخوازان هاوکاریی هه‌موویانیان ‌کرد.. به‌هۆی که‌شی ئازادتری ئه‌و گۆڤار و حه‌وتوونامانه‌ و بلاوکردنه‌وه‌ی باسگه‌ل سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی رۆژ و نه‌بوونی ئه‌و که‌ش و هه‌وایه‌ له‌ سروه‌دا، تووشی نوشست بۆوه‌ و زۆر وه‌دوا که‌وت...



- داخرانی گۆڤاریی سروه‌ دوای بیست و پێنج ساڵ و بڵاوبوونه‌وه‌ی 281 ژماره‌، رووداوێکی ئاساییه‌ یان نائاسایی؟


- داخرانی هیچ گۆڤارێک دوای ده‌وامی بیست و پێنج ساڵ و ده‌رکردنی 283 ژماره‌ له‌ هیچ وڵاتێکی جیهان و به‌ تایبه‌ت له‌م وڵاته‌ بێ گۆڤاره‌ی ئێمه‌دا ئاسایی نیه‌ و به‌راستی جێی داخه! به‌ڵام وه‌ک پێشتر گوتم، گۆڤاریی سروه‌ له‌وه‌ پێشتر مردبوو و هه‌ربۆیه‌ داخستنه‌که‌ی هیچ که‌سی نه‌هه‌ژان.. بۆ وه‌ی پێشتر به‌ زۆر بۆنه‌وه، ‌ نووسه‌ران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی لێ تاکابوونه‌وه‌. ‌


- هه‌روه‌ک له‌ هه‌وڵه‌کاندا هات به‌ هۆی گرفتی مادی ئه‌و گۆڤاره‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌رده‌وام بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و گرفته‌ نه‌بوایه‌، به‌ڕای ئێوه‌ باشتر وابو سروه‌ به‌رده‌وام بێ یان کۆتایی هێنان به‌چاپی ئه‌و گۆڤاره‌ له‌ جێگه‌ی خۆیدا بوو؟


- گرفتی مادی؟؟؟!!! چیه‌ کاتێک ...... راستیه‌که‌ی ناوێرم. باشتر وابوو سروه‌ بمایه‌ و به‌ده‌ست دڵسۆزانی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی کوردیه‌وه‌ هه‌ڵسووڕایه‌ .. ئه‌گینا به‌ ملی شکاو... به‌ خۆشیه‌وه‌ رۆژنامه‌گه‌ریی دیجیتاڵی کوردی له‌ مێژه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و مان و نه‌مانی سروه‌ هیچ دیارده‌یه‌کی ئه‌وتۆ ناگۆڕێ..


- پێگه‌ی ئه‌و گۆڤاره‌ له‌ناو مێژووی رۆژنامه‌نووسی کوردیدا به‌گشتی و له‌ کوردستانی ئیران به‌ تایبه‌تی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟


- وه‌ک گوتم؛ سروه‌ یادگاریی ده‌قی نووسراویی بیست و پێنچ ساڵی ئه‌دیبان و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی کوردییه‌ و له‌ مێژووی رۆژنامه‌نووسی ‌ کوردستانی ئێراندا به‌ هه‌موو هه‌لس و که‌وته‌کانیه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌ تاقانه‌یی ده‌رچێ، به‌ڵام دڵنیام به‌هۆی هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی زۆرکه‌سان و زۆر ده‌قی زیندوو وه‌ک ئاڕشیوێکی باش ده‌مێنێته‌وه‌ و دیسان دڵنیام کاتی خۆی قسه‌ و باسی زێده‌تری له‌سه‌ر ده‌کرێ.


- یه‌که‌م بابه‌تی به‌ڕێزتان له‌ چ ژماره‌یه‌کی سروه‌دا بڵاوکرایه‌وه‌ و ناوی چی بوو؟ ئێوه‌ زیاتر له‌ چ بوارێکه‌وه‌ بۆ گۆڤاره‌که‌تان ده‌نووسی و به‌رپرسیارێتی ئێوه‌ له‌و گۆڤاره‌دا چ بوو؟



- " په‌پووله‌:


ئاگر هانێ باڵه‌کانم پێی هه‌ڵفڕه‌!


له‌و په‌ڕ جه‌نگه‌ڵ، تاریکایی،


ده‌ستی تا لای خودا چووه‌..."


ئه‌وه‌ یه‌که‌م شێعری من بوو که‌ کاتی خۆی ساڵی 1367 له‌ سروه‌ی ژماره‌ 27 دا به‌ناوی ئیبراهیمی سووزه‌نی بڵاو کرایه‌‌وه‌ و دواتر له‌ به‌ستێنی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و وتار و شێعردا، به‌ناوی خۆمه‌وه‌، تا مارفی ره‌حمه‌تی مابوو، هاوکاریم کرد و وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م کرد ساڵی 1379 به‌پێی قه‌رارداد و له‌ده‌ره‌وه‌ی سروه‌ به‌شی ره‌خنه‌ی نوێ(ڕچه‌)م له‌ ژماره‌ی 171وه‌ گرته‌ ئه‌ستۆ و ئه‌و ته‌وه‌ره‌ پێنج ساڵ به‌رده‌وام بوو .... ئیتر هه‌ر بژین و خۆش بن!



----------

Thursday, June 10, 2010

شه‌پۆله‌کانی شێعری نوێی




له‌ گه‌ڵ شه‌پۆله‌کانی شێعری نوێی کوردیی


‌(1)


له‌ شێعری "نیما"یی سواره‌ وه‌ تا "چرکانه"‌ و "شێت"


http://www.dengekan.com/govar/henar/henar52.pdf

ئه‌گه‌ر شێعری نوێی کوردستانی ئێران له‌ رووی ده‌قی شێعریی سواره‌"وه‌ پێناسه‌ بکه‌ین، ده‌بێ شێعر به‌ به‌سته‌یه‌کی خاوه‌ن کێش و سه‌روا و وێنه‌ و واتا بزانین به‌ زمانێکی توکمه‌ و له‌ پێکهاته‌یه‌کی ته‌بادا؛


ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ هه‌مان پێناسه‌ بێ که‌ مه‌لای جه‌زیریش بۆ شێعر هه‌یبوو و له‌ راستیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێناسه‌ی شاعیرانی عه‌ره‌ب و فارس و تورکی هاوسێ.. به‌و جیاوازییه‌ی که‌ سواره‌ وه‌ک نیما(شاعیری فارس)دێڕه‌کانی کورت و درێژ کرده‌وه‌ و سه‌رواشی کرده‌ زه‌نگی کۆتایی دێڕه‌کان(یان به‌ پێی کێشی شێعره‌که‌ به‌ پێویستی نه‌زانی؛


"من ئه‌ڵێم په‌پووله‌یه‌ک فڕی.. به‌باڵی سه‌وز و سووره‌وه‌...


تۆ ده‌لێی: چ بوو، په‌پووله‌یه‌ک فڕی


یا نه‌، سووره‌گوڵ زه‌رده‌‌ که‌وته‌ لێوی ناسکی..."


له‌م پێناسه‌داکێش، وێنه‌ی خه‌یاڵ(ئیماژ)، واتا و پێکهاته‌، ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕن.


دوای سواره‌ که‌سانێکی وه‌ک موئه‌ییدزاده‌ و... هه‌مان پێناسه‌یان کرده‌ رێباز؛


"یاره‌ ژیکه‌ڵانه‌که‌م !
گوڵم !
به‌ هه‌ر نیگایێ ، مه‌وجی چاوه‌ مه‌سته جوانه‌که‌ت ،
ده‌چێته‌ ناو دڵم !
هه‌ر به‌ گوێی دڵم !
گوێ ده‌گرمه‌ گرفه‌ گرفی شیعره‌ ئاگرینه‌که‌ت .
شیعره‌ ڕێک و پێکه‌که‌ی
به‌ تاو و تینه‌که‌ت !" ..... ده‌لاده‌ لاده‌ لاده‌ له‌چکه‌ که‌سکه‌ ته‌سکه‌که‌ت...." قاسم موئه‌ییدزاده


" وا ئه‌وین و رازه‌کانی ئه‌و ده‌مانه‌


رازه‌کانی ئه‌و زه‌مانه‌


چه‌شنی ماسی رووله‌ چاوانه‌ی چیا


دێن به‌پیری رێمه‌وه


ناخی بیرم پڕ گه‌رایه‌ و دێمه‌وه‌ و هه‌ر دێمه‌وه‌" لوقمانی



واته‌ نه‌ته‌نیا هه‌وڵی هیچ نوێگه‌رییه‌ک نه‌درا، به‌ڵکوو واتا و زمانی تۆکمه‌ و پڕره‌مز و رازیی سواره‌ش(بڕواننه‌ خه‌وه‌به‌ردینه‌) هاته‌ ئاستێکی نزمتر. له‌ راستیدا رێره‌وانی رێبازی سواره‌ نه‌ک نه‌یانتوانی شێوازیی سواره‌ هه‌ڵکێشنه‌ سه‌ره‌وه‌، به‌ڵکوو بۆ چه‌ند پله‌ خوارتر دایانبه‌زاند.


جه‌لالی مه‌له‌کشا به‌ڵام به‌ ساده‌ترکردنه‌وه‌ی زمانی سواره‌ و په‌ره‌پێدان به‌ کێشی بڕگه‌یی(خۆماڵی) و چه‌ند کێشیی، واتای "سه‌ریح" و ئوستووره‌سازیی، هه‌نگاوێکی دیکه‌ی ناو له‌ پانتایی شێعری به‌رگریدا خۆی سه‌قامگیر‌کرد؛


"من چۆله‌که‌ی باڵشکاوی وه‌رزی ره‌شی گه‌رده‌لوولم


رۆحم له‌گه‌ڵ ئارامشدا


زه‌وی تا ئاسمان دووره‌" جه‌لال مه‌له‌کشا- زڕه‌ی زنجیری وشه‌ دیله‌کان


جه‌لالیش به‌هه‌موو سۆز و گه‌رمای شێعره‌کانیه‌وه‌.. له‌ هه‌مان پێناسه‌دا سووڕایه‌وه‌ و جه‌ساره‌تی تاقیکردنه‌وه‌ی له‌ پێناسه‌یه‌کی دیکه‌دا نه‌بوو. به‌لام به‌ گرینگی پێدان به‌ به‌شی واتایی له‌و پێناسه‌دا و هه‌وڵدان بۆ ده‌روونیترکردنه‌وه‌ی وێنه‌کان (له‌ شێعره‌کانی دواییدا) خۆی هێنایه‌قۆناخێکی دیکه‌:


" به‌وه‌رزی زریاندا ره‌ت ده‌بم


هه‌تا دێم هه‌ستمه‌وه‌


شه‌پۆلێ به‌سه‌رما ده‌ڕووخێ


ئه‌مخاته‌ گێژه‌نی بێ ئه‌مان... ده‌رفه‌ت – جه‌لال مه‌له‌کشا- هه‌مان سه‌رچاوه‌


" من رێبوارێکم ئه‌ناسی


به‌ درێژایی رێگه‌ ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی


له‌سێبه‌ری وه‌ڵامێکدا


نه‌ختێ ماندوویی خۆی ده‌رکا


سه‌ره‌نجام له‌ رێگه‌ عاسی ی


خۆی به‌ ئاڵقه‌ی پرسیارێکه‌وه‌ هه‌لواسی. سه‌ره‌نجام- هه‌مان سه‌رچاوه‌


شێعری جه‌لال مه‌له‌کشا شێعری قۆناغی گۆڕانه‌


گۆڕان به‌ره‌و گرینگی پێدان به‌ فۆڕم و پێکهاته‌ لای شاعیرانێکی وه‌ک مارف ئاغایی، فه‌ره‌یدوون ئه‌ڕشه‌دی و کامبیز که‌ریمی و... که‌ شه‌پۆلێکی دیکه‌یه‌ له‌ ره‌وتی نوێخوازیی شێعر له‌ کوردستانی ئێران؛


" هه‌ور؛ کامێرا


برووسکه‌؛ فلاش


نم نمه‌ی باران


بۆ شوشتنه‌وه‌ی..


دڵی منیش قاپ.." مارف ئاغایی – زه‌وی سه‌خت و ئاسمان دوور


ده‌بینین که‌ نیشانه‌ی وێکچوویی و سه‌روا، بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی دوایی دێڕه‌کان، نه‌ماون و شاعیر بۆ وێنه‌سازیی به‌ له‌ونێکی دیکه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شت و دیارده‌کان ده‌کا و هه‌وڵی متمانه‌ به‌ وشه‌(زمان) بۆ پێکهاته‌یه‌کی پته‌و به‌رچاوه‌؛


" چۆن ئه‌توانی له‌ نیشتمانی شێعردا سه‌رهه‌ڵبده‌ی


گه‌ر نه‌توانی متمانه‌ به‌ وشه‌ بکه‌یت؟" هه‌مان سه‌رچاوه‌


فه‌ره‌یدوون و کامبیز متمانه‌ به‌ وشه‌ی ئاسایی و زمانی گفت ئه‌که‌ن و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی کێش و زۆرجاران وێنه‌ش ئه‌ده‌ن.. تۆ بڵێی شێعر به‌ له‌ده‌ست دانی ئه‌و دوو گرینگه‌ هه‌ر شێعر بێ؟


" عایشه‌ ئه‌ڵێن


ژنان بێ ترس له‌به‌ر باران رووت ئه‌بنه‌وه‌


دڵداره‌کان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان


تێرتێر ماچی یه‌کتر ئه‌که‌ن


له‌ هه‌ر کوێ با ده‌رفه‌تی بێ


نه‌وازشتی کوڵم و قژی زێوین ئه‌کا


ئه‌ڵێن ئاره‌ق هه‌یه‌ وه‌ک چاوی قڕژانگ"


"گرفتاری چیت خانه‌ خه‌راب.. گرفتاری چیت


وس س س.. عایشه‌ ئه‌دوێ" عایشه‌ – کامبیز که‌ریمی



" به‌ چی ئارام ده‌گری دڵه‌ڕاوکێی دایک


به‌ چ مووسیقایه‌ک ده‌نوێ فه‌رخه‌ماسی؟


له‌ چی ناسڵه‌مێته‌وه‌ مامزێکی ته‌نیا


که‌ من پێی نه‌زانم؟" - با- فه‌ره‌یدوون ئه‌ڕشه‌دی


ده‌قی فه‌ریدوون و کامبیز ره‌نگه‌ سه‌ره‌تاکانی شێعری سپی و زمانی گفت بن و ژیلا و هاوڕێیانی(وه‌ک پێڕه‌وانی فرووع) هه‌ر له‌ناو ئه‌و پێناسه‌دا هه‌وڵی سازکردنی زمانێکی ژنانه‌یان دا؛10 " ده‌سته‌کانت بۆنی بێگانانی لێداێ"


" ئه‌و ئێواره‌ شار بۆنی تاوانی ده‌هات/ هه‌ر نفره‌ت و بێزارییان خه‌ڵات کردم" ژیلا- گه‌شه‌ی ئه‌وین


هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا به‌ڕێزان بێهزادکوردستانی، ئیبراییم ئه‌حمه‌دی نیا، ئازادرۆسته‌می،ئه‌یاز خوونسیاوه‌شان و هاوڕێیانیان به‌ گرینگیدان به‌ وێنه‌ی خه‌یاڵ له‌ هه‌مان پێناسه‌دا شێعرگه‌لی ئیماژیستی ئه‌خولقێنن؛


" چ هێرشتان باقی ماوه‌؛


دیواری خاچ!


تاعوونی لاڵ!


تۆفانی که‌ڕ!


خه‌نجه‌ری کوێر!


من ئاماده‌م" بێهزاد کوردستانی – یاخی بوون- غاره‌تی شه‌مامه‌



" ژیان که‌روێشکه‌ی مه‌زراکانی خه‌ونه‌/ له‌ کیشوه‌ری داسا"


"ده‌ف که‌ هاژه‌ی بێ / هاواری بێزاریی مه‌ڕه /له‌ بریسکه‌ی چه‌قۆ"


" ئێوه‌ نه‌بوون / سه‌رتان وه‌رزی سێبه‌ر/ له‌ زه‌ماوه‌ندی شه‌یتانا / هه‌ڵپه‌ڕین"


"چواله‌ چرۆی کرد/ تارای شکۆفه‌ی کرده‌ به‌ر


بهێڵن ئاسمان نوقڵی ته‌رزه‌ دابارێنێ" چرکانه مه‌داری زوقم- ئیبراییم ئه‌حمه‌دی نیا


ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌گاته‌ "داکار" واته‌ بڕیاردان بۆ پڕۆژه‌یه‌کی شێعریی دیکه‌.. که‌ به‌ پێی به‌یاننامه‌یه‌ک ویستی خۆی پێناسه‌ بکا1


راسته‌ به‌یاننامه‌ی"داکار" ئه‌نجام له‌ چرکانه‌کاندا گیرسایه‌وه‌ ( که‌ به‌ڕای من وێکچووی یان هه‌مان ئه‌و خاڵانه‌ بوون که‌ ساڵانی 44 و دواتر له‌ لایه‌ن شاعیرانی به‌ ناو" شه‌پۆلی نوێ"- لقی شێعری ته‌شکیلی- له‌ کتێبی"صور و اسباب شعر امروز ایران" له‌ لایه‌ن "اسماعیل میری عه‌لا" وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌ و دواتر (ساڵی 1377) له‌ کتێبی"تێئۆری شێعر"دا له‌ 19خاڵدا جه‌م و جۆرتر کرا)


شه‌مس له‌نگروودی ئاوه‌ا باسی ئه‌و شه‌پۆله‌ شێعرییه2‌ ده‌کا؛


" شێعرێ که‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ربڕین و تۆکمه‌یی زمانیی له‌ شێعری نیماوه‌ وه‌رگرتبوو و وێنه‌سازیی و وه‌شه‌پۆلان خستنی فڕینه‌زێهنه‌ییه‌کانی له‌ "شه‌پۆلی نوێ" واته‌؛


1- روون بوونی ده‌ربڕینه‌کانی و دووره‌په‌رێزیی له‌تارمایی و بێمانایی میراتی شێعری نیما بوو..


2- وێنه‌یی بوونی زمان و ئازادبوونی زێهنی خوڵقێنه‌ر و.. هی‌ شه‌پۆلی شێعریی نوێ .."


(تاریخ تحلیلی شعر نو- جلد چهار)


به‌ڵام تۆوی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ و پرسیار و گومان و نووسینه‌کانی دوایی.. نوێخوازیی به‌ره‌و قۆناغێکی دی هاندا و له‌ هه‌نده‌سه‌ی شێعری یوونس ره‌زایی و "ئانارشیزمی زمانیی" خاوه‌نی ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ و داڵ بۆ دال و "خودمه‌رجه‌عی"ده‌قی ره‌زا عه‌لیپوور دا به‌ سێ ئاراسته‌ی جیاوازدا ته‌شه‌نه‌ی کرد؛


ئه‌لف- هه‌ر چه‌ند ده‌قی به‌یاننامه‌ی داکار باس له‌ جۆرێک شێعری "حجم"ده‌کا(بڕواننه‌ خاڵی 8 ی به‌یاننامه‌که‌ی داکار که‌ ده‌ڵێ: شيعر بزووتن و جوولآنة، لة وشةيةكةوة بؤ وشةيةكي‌تر لة ويَنةكةوة بؤويَنةيةكي‌تر تا طةيشتن بة فؤرميكي تةواو...) به‌ڵام جه‌ختی چرکانه‌کان له‌سه‌ر وێنه‌، وێنه‌گه‌لی هێڵیی لای خۆمان ده‌کاته‌ وێنه‌ی رووبه‌ر و دوو ره‌هه‌ند؛


" ئاو ئاشتبوونه‌وه‌ی سه‌رابه‌ و ده‌ریا


من په‌یژه‌ی هه‌ڵچوون تا شه‌ڕی واقیع له‌گه‌ڵ خۆیدا" بێهزاد کوردستانی- غاره‌تی شه‌مامه‌



" پێخه‌فی هیوایه‌ک/ بۆ زه‌ریا ڕابخه‌/ رووناکی خه‌ون به‌ چاوانته‌وه‌ ده‌بینێ"


"تاریکی دڵۆپه‌ ئه‌کات/ هه‌ی ڕۆ! ئه‌وین .. ئه‌وین"


چڵه‌ شێعرێک له‌ گوڵدانی مه‌مانتا په‌روه‌رده‌که‌/ ژیان خه‌ونێکه‌ ڕواو"


ئه‌یاز خوونسیاوه‌شان- دوازده‌ چرکانه‌ی ته‌نیا


چرکانه‌کان به‌ هێنانه‌وه‌ی دوو وێنه‌ی سه‌ره‌کی داوا له‌ خوێنه‌ر ده‌کا مه‌ودای نێوانیان پڕبکاته‌وه‌ و به‌شداریی شێعره‌که‌ بکا... واته‌ کارێک که‌ پێشتر شاعیرانی شه‌پۆلی نوێ ده‌یانکرد. بڕواننه‌ ئه‌م شێعره‌ی "احمدرضا احـمدی" له‌ شاعیرانی شه‌پۆلی نوێی ئێران؛


"هه‌موو ژیان، چێوێک به‌ ده‌نووک مه‌لێکه‌وه‌


هه‌ڵده‌هات"( تمام هستی- چوبی بر دهان پرنده‌ای- می گریخت) یان


"شهری فریاد میزند آری


کبوتری تنها/ به‌ کنار برج کهنه‌ می رسد/ می گوید: نه"


که‌ به‌ڕاستی له‌ چرکانه‌کانی داکاری ده‌چن(!!).


به‌ڵام شێعری "شێت" و ده‌قه‌کانی به‌ڕێز یوونس ره‌زایی وێنه‌ به‌ره‌و بزاڤ وحجم (چه‌ندره‌هه‌ندیی) ده‌با ( ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ هێشتا جه‌خت له‌سه‌ر وێنه‌یه‌ له‌ هه‌مان پێناسه‌ی پێشوودا)


واته‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ چه‌ندره‌هه‌ندیی بوونی وێنه‌، له‌ مه‌نگیی و راوه‌ستاویی وێنه‌وه‌ بۆ بزاڤی وێنه‌یی" یانی دۆخی وێنه‌یه‌ک بتوانێ رێگای سێحرئامێزی وێنه‌یه‌کی دی داگیربکا، ئه‌وه‌ی که‌ هیچ وێنه‌یه‌ک ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردان نه‌بن، به‌ڵکوو وێنه‌کان پێکه‌وه‌ عه‌وداڵی یه‌کدی بن.. تا له‌ شوێنێکدا(پێکه‌وه‌) تووشی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی بازنه‌یی ببن.. لێره‌دا له‌بری ئه‌وه‌ی به‌دوای حه‌ره‌که‌یه‌کی وێنه‌یی له‌ ره‌هه‌ندی درێژیی(طولی)دا بگه‌ڕێین، کۆیه‌ک وێنه‌ی پڕجووڵه‌مان هه‌یه‌ که‌ پێکه‌وه‌ رووئه‌ده‌ن .. کاتێک شتی وا روو ئه‌دا؛ ئێمه‌ش هه‌ست به‌ ئه‌زموونکردنی دیارده‌ی نوێ ده‌که‌ین.. ئه‌م کۆوێنه‌ پڕجمووجووڵه‌ به‌بێ ته‌داره‌کی پێشوو دێن و ڕاسته‌وخۆ به‌دوای ده‌روونی مڕۆڤدا ئه‌گه‌ڕێن و وه‌ک رووداوێک.. له‌وێدا سه‌قامگیر ده‌بن، وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆمان تووشی رووداوێک بووبێتین.. هه‌ر بۆیه‌ شێعره‌که‌ له‌ مه‌دارێکدا ناوه‌ستێ.. هه‌م لایه‌نی درێژیی و هه‌م له‌ هه‌موو بازنه‌کانیی جووڵه‌یی(دوایر حرکتی) تێده‌په‌ڕێ و ده‌یکاته‌ حه‌جم... مێعماریی حه‌جم یانی گه‌یشتن به‌ ئه‌وپه‌ڕایه‌تی ژیان، به‌هۆی بازدان له‌ سێ ره‌هه‌نده‌وه‌.. و له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شدا ناگاته‌وه‌ سه‌کۆی واقیع.. واقیعی دایک.. یان هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک له‌ئارادا نیه‌، بۆ وه‌ی ره‌هه‌نده‌کانی پشت وێنه‌که‌ خراپ بوونه‌" 3


"حجم گرایی نه‌ هوس است و نه‌ تفنن، نقشی است خشن و عصبی،تپشی آگاه برای هنر شاعری در انسان دیوانه‌ی شعر" (بیانیه‌ شعرحجم)


هه‌ربۆیه‌ ئه‌م چه‌شنه‌ شێعره‌ لای ئێمه‌ به‌ شێعری شێت پێناسه‌کراوه‌


" باران که‌ ده‌نووسێ دوێنێ


تا ئه‌لف و بێی ئاو


ئه‌لف و بێی دارستانی رووداوێک ده‌بارم له ‌بارانا ته‌ڕمده‌نووسی.....


شاعیرێک به‌ ئه‌لف و بێی بارانه‌وه‌


له‌ شێعرێکدا لووره‌ی ته‌ڕی رووداوه‌کان ون ده‌کا


له‌ گه‌ڵ حیله‌ی چکووله‌ترین پیت


ژیانی خۆی دارستانانه‌ ئه‌له‌رێته‌وه‌


هه‌ڵفڕینه‌ ئه‌م شێعره‌


له‌ خۆشه‌ویستی جه‌نگه‌ڵه‌وه‌ تا گیاندار.."


ده‌بینن چۆن وێنه‌کان شوێنگۆڕکێ ده‌که‌ن و به‌ هه‌ر سێ ره‌هه‌ندی شێعر، شاعیر، دیارده‌(باران)دا ته‌شه‌نه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ یه‌کدی و هه‌ڵده‌فڕنه‌وه‌...( پێشتر به‌ڕێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌ خشته‌کانی بزاڤ و جووڵه‌ی وێنه‌یی شێعری شێتی له‌ وتارگه‌ڵ"هه‌ندسه‌ی شێعری په‌یڤ و "وشه‌ هه‌ڵگری ره‌ساڵه‌تی تریفه‌"دا به‌ جوانی کێشاوه‌ته‌وه‌ و پێویست به‌ پاتکردنه‌وه‌ ناکا بۆ وه‌ی ئه‌مه‌ هه‌مان بزاڤی وێنه‌یه‌ که‌ پێشتر روئیایی تێئۆریزه‌ی کردوه‌ و وه‌ک شێعریش ده‌قاندوویه‌تی؛


" من تن/ تن من/ من و تۆ تن تن


چون با تن تۆ می تنم / تن تن تن تن" 1+1=4


و "میری عه‌لا" ته‌نانه‌ت خشته‌ی چۆن سازبوونی ئه‌و چه‌شنه‌ وێنانه‌ له‌ رێگای وێکچوو و له‌وچوو و ئامرازی وێکچوو و هۆی وێکچویی یه‌وه‌ فرمووڵه‌ ده‌کا5


بۆ باشتر تێگه‌یشتن له‌ پشتیوانه‌ی تیۆریی چرکانه‌کان و شێعری شێت خوێنه‌ری چالاک حه‌تم ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌قه‌کانی ئوکتاویۆپاز و ئیماژیسته‌کان له‌ شێعری جیهانیدا و وسازبوونی "شه‌پۆلێ نوێی"4 شێعری فارسی(ساڵانی 44تا48) و جوێبوونه‌وه‌ دوولقی؛ شێعریی ته‌شکیلی(تجسمی) و شێعریی حجم(سپاسمانتاڵ)‌؛ واته‌گروه طرفه‌ و "موج نوییها" به‌"جزوه‌ شعر".و ... له‌ لایه‌که‌وه‌ و رۆیایی – بیژن الهی – بهرام اردبیلی و" حجم"یه‌کان به‌"شێعر دیگر"ه‌وه‌ له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌..


پێویسته‌ لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ بکرێ که‌؛ له‌م قۆناغه‌شدا پێناسه‌ی شێعر نه‌گۆڕدراوه‌، بۆ وه‌ی له‌بری کێش و سه‌روا گرینگیی دراوه‌ته‌ وێنه‌ی شێعری و له‌ وێنه‌ی شێعریشدا له‌ وێنه‌گه‌ڵ رووبه‌ره‌وه‌ (سطح، ئاسۆیی- ئستوونی)یه‌وه‌، هه‌ڵکشاوه‌ بۆ وێنه‌ی سپاسمانتاڵ واته‌ وێنه‌ی پڕبزاڤ و چه‌ند ره‌هه‌ند و پێکهاته‌ی وێنه‌یی تیایدا ده‌وری گرینگ ئه‌گێڕێ....


با وه‌کوو شێعری چه‌ندره‌هه‌ند(سپاسمانتاڵ) له‌ زمانی فارسی دا به‌ "روئیایی" یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا و به‌ویشه‌وه‌ دوایی دێ، "روئیایی به‌ راستی له‌ هه‌موو تواناکانی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ که‌ڵکی وه‌رگرت و هه‌رکه‌س بیهه‌وێ لاسایی ئه‌و بکاته‌وه‌ هه‌ر تیایدا ون ده‌بێ، بۆ وه‌ی؛ ئه‌لف- ئه‌و‌ ئه‌زموونێکی ده‌ستی یه‌که‌می نواند و که‌سانی دی، ئه‌زموونی ده‌ستی دووهه‌م به‌کار ده‌هێنێن. ب- شێعری روئیایی ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو تواناکانی شێعری حه‌جم دا گرتوه‌ و هه‌مووی"مصادره‌" کردوه"6‌) به‌ڵام تاقی کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ له‌ شێعری کوردیدا نه‌ک هه‌ر ره‌وتی نوێخوازیی ده‌باته‌ ئاستێکی تر، ( بۆ وه‌ی نوێخوازان ده‌یان جار دووپاتیان کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌زموونی شێعر و ئه‌ده‌بی جێهانی به‌ ئه‌زموونی ئه‌دب ده‌زانن و له‌و ده‌لاقه‌شه‌وه‌ ده‌قه‌کانی خۆیان ده‌نوێنن) به‌ڵکوو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش ئه‌داته‌ خوێنه‌رانی شێعر که‌ زێده‌تر ئاشنای تواناییه‌کانی دیکه‌ی شێعری "حجم" بن و له‌ وێنه‌ "مه‌حوه‌ری"یه‌وه‌ به‌ره‌و زمان مه‌حوه‌ری و له‌ ئیرجاع بۆده‌ره‌وه‌ بۆ ئیرجاع به‌خۆ به‌ره‌و ئاستێک یان قۆناخێکی دیکه‌ی نوێترخوازیی بیهێننه‌ ئه‌زموون؛


(2)


له‌ شعری شێته‌وه‌ بۆ شێعری زمان و خۆئاماژه


"هێرشکردنه‌ سه‌ر عه‌قڵ، هێرشکردنه‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات" فۆکۆ



شێعری شێت دوایین هه‌نگاوی گه‌شه‌یه‌ به‌ پێی پێناسه‌ی پێشووی شێعر؛ که‌ وێنه‌ی خه‌یاڵ، کێش، واتا و پێکهاته‌، تیایدا ده‌وری گرینگی ده‌گێڕا. له‌ شێعری شێتدا، وێنه‌کان هه‌ر چه‌ند پڕبزاڤ و فڕنده‌ن، به‌ڵام هێشتا ئاماژه‌یان به‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی شێعره‌ و باران و ئاو و دارستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شێعر ئاماده‌ن و شێعر به‌ ئاماژه‌ به‌وان، له‌ راستیدا واتا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شێعر ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ناو ده‌ق‌؛


"قشوونی هاوپه‌یمانان قووڵترین جه‌ماڵ هان ئه‌ده‌ن!


"واعتصموا بحبل الله‌ جمیعا و لا تفرقوا"


ئه‌مریکا کوا لێره‌ کۆشکێکی سپی تر


سه‌ردێڕی رۆژنامه‌کان ئه‌گه‌ر حیز نه‌بن


ده‌مبووری ئه‌و ژنه‌ی بیره‌وه‌ری منه‌ و په‌پووله‌..." هه‌ر منم شاعیری ژنانی..-" رۆژنامه‌کان..." ل 70 - ره‌زایی


" وای له‌و ته‌ورێزه‌ رابردوه‌ی که‌ منی ئێستاش تیا خیابانم


وای له‌و "ئابره‌سانه‌" پیره‌ی؛


که‌ ته‌نیاییم به‌سه‌ر ڕانییه‌وه‌ / خوێنده‌وار...." ون بوون له‌ تورکدا- هه‌مان سه‌رچاوه‌- ل 53



" شاعیرم/ تا ویشکه‌ ساڵی هه‌میشه‌/ تاکوو دڵۆپه‌ی تینوێتی بۆ که‌ربه‌لا.... که‌ من بم- مه‌سیحێک عاشقی هه‌میشه‌ی خاچی سوور/ که‌ من بم مێژوویه‌ک بۆ دڕک و ته‌نیایی..." شێعرێک به‌ په‌راوێزی مێژووه‌وه‌- ل 47



" به‌ به‌فر سوێند / که‌ ئیستا زستان ته‌عاڕوفم ده‌کا/ تا ده‌ربیجه‌یه‌ک نازڵ که‌م.... بارانێک له‌ داس- 41



به‌ڵام هه‌مان بزاڤی وێنه‌ دواجار له‌ رێگای لادان له‌ نورمی زمانی باوه‌وه‌ شێعریی شێت ئه‌لکێنێ به‌ جیاوازنووسان(نوێترخوازان)ه‌وه‌ و "بڤه‌کردن به‌ هه‌نێ رێسای موقه‌دده‌س، که‌ واهه‌ست ئه‌کرا بۆته‌ ده‌سه‌ڵاتێکی زمانیی و نوێترخوازان ئه‌یانویست لێی ده‌رباز بن؛


" ئه‌گه‌ر شێتی چاوی سه‌رما بردووی رۆح و به‌زمیئه‌ستێره‌ هه‌مووی مۆسیقای شه‌وانه‌..


نوێتر خوازان به‌ گشتی به‌ پێی ئاشنابوون له‌ فه‌لسه‌فه‌ و ره‌خنه‌ و جوانیناسی نوێ.. هه‌وڵی پێناسه‌یه‌کی نوێ ئه‌ده‌ن بۆ شێعر و زمان و کارکردی زمان ئه‌که‌ن به‌ ته‌نیائاڵای سه‌ده‌ی دوای دووهه‌زار بۆ هه‌موو بواره‌کانی ئه‌ده‌ب.. له‌م پێناسه‌دا ئیتر وێنه‌ گرینگی خۆی له‌ده‌ست ئه‌دا و نامووکردنه‌وه‌ له‌رێگای گه‌مه‌ و کارکردی زمانه‌وه‌ دێته‌ئه‌زموون..


له‌ شێعردا ئیتر"دال" به‌دوای "مه‌دلوول"ێکی دیاریکراودا ناگه‌ڕێ، به‌ڵکوو هه‌وڵئه‌داوه‌ک دال بمێنێته‌وه‌ و سرکێتی خۆی بپارێزی... نوێترخوازان لایان وایه‌؛" جیهان له‌رێگای زمانه‌وه‌ دێته‌ به‌رده‌ستی مه و ئه‌نووسرێته‌وه‌...بۆوه‌ی شته‌کان له‌ ئاوێنه‌یه‌کی زمانییه‌وه‌ ئه‌نوێنرێن و ئێمه‌ش به‌کاریان ده‌هێنین.. ئیتر زمان نه‌ک نوێنه‌ر به‌ڵکوو سازنده‌ی جیهانه‌. که‌وایه‌ ئێمه‌ به‌زمان وه‌سفی جیهان ناکه‌ین، به‌ڵکوو ئه‌یخولقێنین"7؛‌



" ناوێکم پێویسته‌/ عه‌ده‌دێک/ تیایا وه‌نه‌وز به‌م/ شیمانه‌یه‌کم لازمه‌/ تا تیایا هه‌ڕاکه‌م/ به‌ دنیاوه‌ ئه‌وه‌ڕم/ له‌خۆما شیمانه‌ی به‌ڵایه‌ک چۆڵ ئه‌که‌م/ ئێواره‌ پێشێلی هیچم کا و/ هاوسێکان من ئه‌مرم/ موره‌به‌عی دابنێن/ له‌سه‌ری قاتی بم/ موره‌ببه‌عێک له‌م شێعره‌دا هه‌ڵئه‌ته‌کێت/ قاشئه‌کرێت و/ بوومه‌ جاده‌.."


له‌م قۆناغه‌دا ئیتر چێژی خوێندنه‌وه‌ له‌ رێگای مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ مانادا(واته‌ پێوه‌ندی راسته‌وخۆی دال و مه‌دلوول"ه‌کان نیه‌)به‌ڵکوو له‌ رێگای سرکێتی دال"ه‌کانه‌وه‌یه‌ دژی هه‌موو مانا به‌چه‌قبووه‌کانی زمانیی ئاسایی و نه‌که‌وتنه‌داوی مه‌دلوولگه‌ل کلیشه‌یی؛


" ناترسم له‌م دیڕه‌دا که‌وشه‌کانم دابکه‌نم


پاڵتاوه‌که‌م به‌ حه‌رفێکه‌وه‌ که‌وایه‌ هه‌ڵواسم


کڵاوێ که‌/ نیته‌- بیکه‌مه‌سه‌ر نوقته‌یه‌ک


ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی مردنم دال ێکه‌ داخراو"



"حه‌بێکی هه‌نگوینی دائه‌نێی مه‌ترسه‌.."


مانا(یان لانی که‌م ئه‌و مانایه‌ی که‌ پیشتر خوێنه‌ر وه‌ک ره‌حه‌ته‌لقوم وابوو بۆی) ئیتر له‌م شێعرانه‌دا لاوه‌کییه‌،"بۆ وه‌ی هه‌ڵبژاردنی هاوماناکان(مترادفات) بۆ ده‌ربڕینی باشتری شته‌کان نیه‌، به‌ڵکوو زۆرجار دوورترین هاومانا هه‌ڵده‌بژێرین بۆ وه‌ی ده‌رککردنی مانای مه‌به‌ست بخه‌ینه‌دواوه‌"8


هیچ شێعر و دیوانێک ،


............. ته‌نانه‌ت ناشێعرێ..


نه‌هاته‌ شیڕاندن..


مڕاندن..


گمه‌ گم..


ناچارم ‌ ژێرفڕین.. نا.. فڕکه‌..


به‌ شه‌هامه‌ته‌وه‌ بۆقله‌ و...


به‌ شه‌ره‌فه‌وه‌ رێوی و ..


حیز وه‌ک شێر..


"وشه‌کان جنس به‌ جنس ده‌کرێ و رواڵه‌تی زاتیی خۆیانیان لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و به‌ره‌و جنسگه‌لێکی دیکه‌ هان ئه‌درێن و ریسای جنسێکی دیکه‌یان ئه‌درێتێ و به‌ یاسای جنسێکی دیکه‌ ده‌نووسرێن(جوێ له‌ یاسا و ریسای جنسی خۆی) بۆ ئه‌وه‌ی زمان ده‌ستبه‌رداریی وه‌سفکردن و لاساییکردنه‌وه‌ هه‌ڵگرێ و یاساکانیش وه‌ک ژوه‌رگێڕانه‌وه‌ به‌جێبهێڵێ و هه‌ر شێعرێک ببێته‌ رێسایه‌کی نوێ بۆ هه‌مان شێعر و نووسینی شێعری دیکه"9



" شێرێکمان دی تووڕه‌؛ گوایه‌ باتریی کۆمپیۆتێره‌که‌ی سووتا بوو.."


"درۆکانی موقه‌دده‌س! که‌ی شه‌قامه‌کان به‌په‌یکه‌ری راستی دا هه‌ڵئه‌واسن؟ وه‌ک ئازادی" درۆکانی موقه‌دده‌س



"له‌ بیرم بێ که‌ خه‌وتم/ ده‌سته‌کانم بکوژێنمه‌وه‌../ کچه‌کان زوو هه‌ڵکه‌م.."


"کێوێکمان داکوتا.."


"له‌ یه‌که‌وه‌ تا من بژمێره‌/ تۆیش ئه‌زانی چه‌نێ که‌مم"


"وابزانن من باران.. ته‌ڵاخانم بارانم که‌.."


ئیسپانیا یانی گا... بیست لۆرکا هه‌ر یانی ئیسپانیا"


"رۆژنامه‌ که‌ی پیاوه‌"


خشه‌خش له‌ تاقه‌که‌وه‌/ هه‌واڵێ ئه‌تکایه‌/ تاریکی و بیابان"


رێگایه‌ک پێوه‌م دا... بچمه‌سه‌ر ته‌نیاییم"


به‌یانیان فنجانێک له‌ پاییز/ ئه‌ڕژایه‌ هه‌ناسه‌ت"


"له‌ که‌وشه‌کانمه‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌م/ نزیکترین گۆره‌ویه‌کان گرانترین نیشتمانه‌


"ژنێکم ده‌زانی// سه‌رتاپا سوورێکی شه‌هوانی که‌من بم له‌به‌ردا، که‌ ده‌ڕۆی، شۆسته‌کان تا ئه‌ولای کووچه‌که‌ وه‌شوێنی ده‌که‌وتین، کتوپڕ زڕه‌زڕ...درگاکه‌و...ده‌کرامه‌وه‌....ئه‌ی خۆزگه‌ نه‌ک قاڵی پیاو ئه‌بووم.."


قاڵییه‌ک ده‌ناسم له‌ هه‌رچی گوڵیه‌تی ماندووه‌


ده‌بینین چۆن دیارده‌کان به‌ پێی یاساو رێسای پێشوو گۆڕدراون فرمانێکی دیکه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریانا؛ کێو ئیتر سه‌گینی پێشووی نه‌ماوه‌، "من" بۆته‌ ژماره‌یه‌ک و به‌س، مانای ئیسپانیاو رۆژنامه‌ گۆڕاوه‌ و هه‌واڵ له‌بری ئه‌وه‌ی بدرێ، ئه‌تکێ و نیشتمان که‌وشێکه‌ و به‌س...


" هه‌یه‌ و نیه‌ ده‌ره‌وه‌ی دنیا


له‌م درگاوه‌ ده‌رناکه‌وێ


شیری بازاڕی بێ درگا


حه‌یای رووته‌ و


فریام "ناکه‌وێت"ه‌ ڕێ


رێم رووتی رووته‌ و به‌ هه‌رچی ده‌رناکه‌وێ.."


"من عەیب نیم


عەیب خیلقەتە کە درێژە


غەیری منیش خۆ زانیبووی


مرۆڤ درێژە و خڕ نییە


درێژیش تەواوبوونی لێوە سەهلە" چ عاده‌تێکی خراپه‌- بێهزاد کوردستانی



"که‌مێ دره‌خت له‌ چاومایه‌/ دانیشم/ بڕژێمه‌ چاوی خۆم"


زۆربه‌ی ئاماژه‌کان ئیتر روویان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق نیه‌، بۆوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زمانی ده‌ره‌وه‌ که‌هه‌مان زمانی ده‌سه‌ڵاتێش بێ لێره‌دا رووخاوه‌؛


" یان ئێواره‌کان له‌ نوونێکدا/ گیرفانی کراسه‌که‌م قووڵتر بشۆم...


" ئه‌کرێ موکه‌عه‌بێک دابنێی/ له‌ سه‌ری بوه‌ستی/ ... ئێسته‌ دێڕێک له‌ ملته‌وه‌ بئاڵێنه‌.. به‌مردن خۆ ده‌ستت که‌ ئه‌گا.. نوقته‌ .. سه‌ری خه‌ت!


"لازمه‌ پاڵ به‌ نوقته‌یه‌کی واوه‌ بده‌م/ ئه‌گینا ئه‌گه‌مه‌/ ئه‌وه‌تای ده‌ور و به‌ر"


پۆلیس گیان/ له‌ درێژه‌ی باوکمدا/ بمبه‌سه‌ به‌و دێڕه‌ چیرۆکه‌ی که‌ هه‌ڵدێن دزه‌کان/ له‌درێژه‌ی باوکمدا/ بمبه‌خشه‌ به‌ حاشیه‌ و هاشووری خیابان" قاڵییه‌ک ئه‌ناسم.... - ل 40


ئه‌م ده‌قه‌ شێعرییانه‌ پشت به‌ وێنه‌ به‌ پێی پێناسه‌ی باو(وه‌سف و ویکچوویی و خوازه‌ و...)نابه‌ستن و ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌کیش ده‌خوڵقێ به‌ پێی کارکردی زمان و گه‌مه‌یه‌ک‌ سازبوونه‌ که‌ سه‌رنجراکێشتر ئه‌نوێنن؛


" پێم ناڵێن" پڕته‌قاڵ که‌ی به‌ ره‌ش ئه‌نووسرێ


ماسیگر له‌کاتی گرتنا


ده‌نگی ئاو نابینێ؟"


تۆبیت و خوا/ سیوه‌کان پێوه‌به‌/ شه‌وه‌کانم لێ هه‌ڵپێکه‌..."هه‌مان سه‌رچاوه ل 68


ده‌بینین که‌ لێره‌دا "وێنه‌کان بۆ نواندنی ساتگه‌ل عه‌ینی و زێهنێ هاتوونه‌ و به‌یارمه‌تی زمانی ناباو سازبوونه" بڕواننه‌ فرمانگه‌ل "نابینێ" و "پێوه‌به"‌ "هه‌ڵبکه"‌ که‌ هه‌موویان به‌ ئانقه‌ست نابه‌جێ(به‌پێی زمانی باو) هاتوونه‌ و وێنه‌گه‌لێکی ناباو(نوێتر)یان خولقاندوه؛


" ئه‌م ئه‌شقه‌ش فت


باریی..‌


سوێندمان پێ ده‌برژان"


"شاعیریان نه‌گوتوه‌ وشه‌ بمژێ.. شاعیر ئه‌بێ؛ واژه‌ ژن.."


"زرينگه‌ زرته‌ زڕه‌ زرمه‌ زيڕه‌ ../ هه‌مووی له‌ زێهنی زه‌رده‌واڵه‌یه‌که‌وه‌ ئه‌شنن"



شاعيريان گوتوه‌ گوو.. بخوا وخۆی هه‌ڵمسێنێ


/ تازه‌گه‌ریی ی ی/


كه‌ به‌ردی به‌ ئاسمانه‌وه‌ وه‌ستاندوه‌


باڵی کردۆته‌ مل که‌ر


{ ئه‌رێ شاعير ئازان}


به‌ كه‌وش ئه‌ڵێن بفڕه‌ !


به‌ مه‌ل ئه‌ڵێن بدوو!


به‌ ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌کانی مه‌شق



" من حازرم په‌نجه‌ره‌بم/ ئه‌گه‌رجارێ ده‌سته‌کانم/ به‌ په‌رده‌ییتا هه‌ڵواسم"


" ماسیگر پێم ئه‌ڵێ: ئاغای شاعیر/ ده‌ریاچه‌کان پڕن له‌ نان"50


" ده‌ستی من بڕێجار عه‌ینه‌ن خۆی"


" دوو هه‌نار درێژتر/ له‌وزییه‌ک گووشراوتر/ له‌تۆدا به‌روپشت خه‌وم دێ" قاڵییه‌ک ئه‌ناسم... 51


پێویسته‌ ئاماژه‌ بکه‌م که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ده‌ره‌تانه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌بی پاشمۆدێرن یه‌کێکیتر له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م شه‌پۆله‌ی دواییه‌ له‌ شێعری نوێی کوردیدا؛ واته‌ ناپێکهاته‌یی(له‌بری پێکهاته‌ی پته‌و)، کارکردی زمان(له‌بری وێنه‌)، ته‌نز و ئایرۆنی(له‌بری ره‌ش بینی)، شکاندنی سینتاکسی باو(له‌بری زمانی تۆکمه‌)،رێژه‌ییبوونی مانا،که‌م مانایی و ته‌نانه‌ت بێمانایی و نائایدۆلۆژیی بوون(له‌ بری مانای سه‌ره‌کی )چه‌ند ده‌نگیبوون (له‌بری تاکده‌نگی)، گه‌مه‌گه‌ل له‌راده‌به‌ده‌ریی زمانی بۆ گرینگی دان به‌ پانتایی زمان، که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ده‌نگ و ره‌نگ .. چه‌ند کێشیی، پارانویا و ئسکیزۆفرنی و وته‌زاگه‌ل نهیی لێکراو، گومانکردن له‌ عه‌قڵانی بوونی جیهان و ..... وای له‌م شه‌پۆله‌ نوێیه‌کردوه‌ که‌ ره‌خنه‌گران به‌گومانه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانن و مان و نه‌مانی که‌وتۆته‌ حاڵه‌تی "محاق"ه‌وه‌.. ئه‌وه‌ی راستی بێ هیچ فه‌لسه‌فه‌ و زانست و قوتابخانه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و نائه‌ده‌بی تاسه‌ر نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئه‌رخایه‌نییه‌وه‌ سرکێتی شێعر بخاته‌ ژێر چاودێری خۆیه‌وه‌ و رۆژێ له‌ رۆژان له‌ چنگی فڕیوه‌.. که‌وایه‌ با له‌و تاقیکردنه‌وانه‌ نه‌ترسین و له‌بری گومان لێکردن و ناحه‌زیی پێکردن، بیانخوێنینه‌وه‌ و نوێکاری و نوێترخوازیه‌کانیان به‌رجه‌سته‌ بکه‌ینه‌وه‌... به‌ گوته‌ی شاعیرێکی فارس؛ بۆ به‌ که‌سێک که‌ له‌ناوخۆیدا پیاسه‌ده‌کا، ده‌ڵێین خراپ؟


زمان بێکۆتاییه‌ و شێعریش ئه‌و بێکۆتاییه‌ ده‌پێوێ... بۆی دامه‌چن!


"زێ له‌زمان که‌م کردنه‌وه‌یه‌ مان (خ ێ ش) ه‌ گیان!



ساڵح سووزه‌نی


ره‌شه‌مه‌ی 2010


سه‌قز





-----


1- بةياننامةكة بريتي‌بوو لة دوو بةشي سةرةكي _ يةكةميان بة ناوي بنةما سةرةكيةكاني داكار لة هةشت بةنددا هاتبوو كة جةختي لة سةر ثشتيواني كردن بوو لةو جوولآنةوة ئةدةبي و هونةريانةي كة بؤ طةيشتن بة دنيايةكي نويَ لة باري فورم و ناوةرؤكةوة دةبنة خاوةن‌ئةزموون و روانينيكي فةلسةفي هونةري هةنووكةييان هةية و لة دةرووني ئينساني هاوضةرخ دةكؤلَنةوة و ئةيانهةويَ لة ئةدةبي بةرطري‌يةؤة بثةأنةوة بؤ ئةدةبي سةربةخؤي هةلَمةت بةر و زيَدةتر طويَ بؤ ناخودئاطاي كةسايةتي شل دةكةن و ثشت بة هزري داهيَنان دةبةستن. ئةوانةي كة بة ضاويَكي رةحنةطرانةوة ئةرِواننة ماهييةتي ئيَستاي طةلةكةيان و ثيَوةندي ساكاري شتةكان هةلَدةوةشيَننةوة و ثيَوةندي نويَتريان بؤ بةرثادةكةن و...بةشي دووهةمي بةياننامةكةش تايبةت بوو بة شيعر لة روانطةي داكارةوة... كة لة دةبرطةدا جةختي دةكردةسةر؛


«1- ثرسياري رةخنةطرانة لة ئيستا و رابردو و داهاتووش‌


2- تيَثةرين لة واقيعي شتةكان بؤ طةيشتن بة هةزاران جلوةي ناديار..


3- دؤزينةوةيةكي‌تر لة ئةو ثةأي نيشانة و رةمزةكاني زماني دةربرين‌دا..


4- ثيَك هيَناني زمانيَكي جياواز لة زماني رؤذانة و زماني سواوي ئةدةبي سةدةم


5- كرانةوةي نويَترين دةلاقةي روانين بةرةو ديمةني ئةنديشةي مرؤظ..


6- طرياني ثرسةدارانة لة كاتي شادي‌دا و بة ثيَضةوانةوة..


7- مل ملانيَ يةكي دذوار لةطةلَ ذيان و جيهان..


8- دةرضوون لة كيَشي برطةيي بؤ طةيشتن بة مؤسيقاي دةرووني رستة..


8- شيعري بزووتن و جوولآنةوة لة وشةيةكةوة بؤ وشةيةكي‌تر لة ويَنةكةوة بؤويَنةيةكي‌تر تا طةيشتن بة فؤرميكي تةواو...


9- داكار مةكتيبيَكي تايبةت بة يةك دةورة نية و رةؤتيَكة لة هةموو سةردةميَكدا ..


2- هه‌ڵبه‌ت شه‌پۆلی نوێی زمانی فارسی دواتر لق و پۆ ده‌هاوێ؛ شێعری "حجم" (سپاسمانتالیسم)، شێعریی پلاستیک(ته‌شکیلی) و شێعری "ناب" و... له‌ هه‌مان سه‌رچاوگه‌وه‌ دێنه‌ فڕین..( بڕواننه‌ کتێبی"تئوری شعر" اسماعیل نوری علا- 1377)


3- یدالله‌ رویایی- عبوراز شێعر حجم- 1349


4- شه‌پۆلی نوێ له‌راستیدا حه‌ره‌که‌یه‌کی ئیماژیستی بوو له‌سه‌رده‌ستی که‌سانێکی وه‌ک "احمدرضا احمدی" اسماعیل میری علا" یدالله‌ رویایی"سپانلو' پرویز اسلامپور" وبهرام اردبیلی، مهرداد صمدی، ناسر شاهین فڕ،بیژن الهی .... که‌ هه‌وڵی نوێخوازییان ئه‌دا له‌ بواریی وێنه‌ی چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه‌ و له‌ رێگای دامه‌زراندنی انتشارات طرفه وه‌ توانیان له‌ چه‌ند ژماره‌ی "جزوه‌ شێعر و دواتر گۆڤاری فردوسی یه‌وه‌ شێعرگه‌ل خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه‌... ئه‌م حه‌ره‌که‌یه‌ دواتر به‌ دوو ئاراسته‌ی جیاوازدا "شێعری ته‌شکیلی" و "شێعری حجم" دا ده‌ڕۆن و له‌ 1346دا هیچ پێوه‌ندییه‌کیان پێکه‌وه‌ نامێنێ... به‌ڵام ئه‌وه‌ی دواتر له‌و دوو گرووپه‌ بڵاو کرایه‌وه‌( بیانیه‌ شعر حجم وعبور از شعر حجم و دیمانه‌کانی رویایی و"هلال عقل بوقت اندیشیدن" له‌ لایه‌که‌وه‌ و "صور و اسباب شعر امروز ایران" و کارگاه شعر فردوسی له‌ لایه‌ن میری عه‌لاوئه‌حمه‌دره‌زا ئه‌حمه‌دی و.... ده‌هۆڵێک بوو که‌ دواجار و دوای شۆشی گه‌لانی ئێران زێده‌تر ده‌نگی دایه‌وه‌( بڕواننه‌ " تاریخ تحلیلی شعر نۆ- شمس لنگرودی، صور و اسباب شعر امروز ایران و تئوری شعر- اسماعیل میری علا و... گزاره‌های منفرد- علی باباچاهی و..)


5- بڕواننه‌ " تئوری شعر- اسماعیل نوری عه‌لا- انواع تصویر شعری(فصل 11) ل 126 تا134


6- بڕواننه‌ "میزگرد در باره‌ شعر حجم، باحضور شمس آقاجانی،علی باباچاهی، مظفر روئیایی،یزدان سلحشور" به‌ ناوی"حدس بزن چ کسی برای تعریف شێعر می آید" – نشریه‌ بایا


7- ادوارد سعید- نقش روشنفکران


8 و 9- رضا براهنی- خطاب به‌ پروانه‌ها


10- بڕواننه‌ شێعره‌کانی به‌ریزان فرانک ئه‌حمه‌دی، شیوا سوبحانی، له‌یلا ساڵی و .... باوه‌کوو ده‌ربڕیی هه‌ستی ژنانه‌ن به‌ڵام وه‌ک زمان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ زمانی پیاوانه‌ ده‌رچن و ... که‌ ئه‌مه‌ وتارێکی جیای ده‌وێ..



! یکی از دلایل جوان مرگی در شعر ما اصلا همین معیاری­ست که آن را امتیاز یک شاعر می­دانیم، و نمی­دانیم که زبان شاعر را نهایتاٌ به شکل فجیعی به ایستایی می­رساند. اصلاٌ هرشیوه­ی زبانی، جهان خاص خودش را می­سازد و شاعری که اصرار دارد به اجرای درایه­های طرزی خاص، مدام جهان کوچکی را در کارهایش تکرار کرده در آن وسیع نمی شود. خواننده­ی جدید، دیگر شاعری را که پای پنجره­ای مشخص ایستاده باشد و مدام در حال ِ توصیفِ منظری مشخص باشد، خیلی تحمل نمی­کنـد. شکل­هـای زبانی، پنجره­هایی هستند که زاویه­های دید و منحصر به فردی دارند. نمی­شود به جهان شعر فقط از یک سمت خیره شد، بدجوری سلیقه­ی خوانش را دیکتاتور بار می­آورد. متأسفانه همیشه شاعران ما درهای زبان شعرشان را با علاقه به روی ورود ویروس­های این سرطان باز گذاشته­اند و هنوز به آن می بالند!

ئه‌م وتاره‌ له‌ فستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی کوردی له‌ پیرانشار پێشکه‌ش کرا.